خوێندنەوە: باهۆز مستەفا
ڕۆمان بە یەکێک لە ژانرە ئەدەبییە کراوەکان دادەنرێت، کە توانای وەرگرتنی گۆڕانکارییە فیکری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی هەیە. بۆیە لە توێژینەوە ڕەخنەییە مۆدێرنەکاندا سەرنجی بەرفراوانی بەدەستهێناوە.
باختین وەک ژانرێکی ئەدەبی ناتەواو لە ڕۆمان دەڕوانێت، کە بە توانای گەشەسەندنی بەردەوام لەوانی دیکە جیا دەکرێتەوە. بە یاسا جێگیرەکان، یان نەخشە یەکلاکەرەوەکان پابەند نییە، بەڵکو بەپێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کولتوورییەکان شێوە دەگرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڕۆمان ئەو ژانرە ئەدەبیەیە، کە زۆرترین توانای نوێنەرایەتیکردنی واقیعی مرۆڤی هەیە بەهۆی نەرمی و کراوەیییەکەیەوە.
ڕۆمانی (مردنی مامۆستا عینایەت ٢٠٢٦). نوێترین ڕۆمانی نووسەر بەختیار عەلییە، کە تێیدا دیسانەوە خوێنەر دەباتەوە ناو دنیایەکی پڕ لە پارادۆکس و پرسیاری قورسی فەلسەفی. ڕۆمانەکە لە یەکەم ڕستەوە بە شۆکێکی مێتافیزیکی دەست پێ دەکات: مرۆڤێک مردووە، کەجی هێشتا دەمێنێت و دەدوێت! مامۆستا عینایەت، فەرمانبەری ئەرشیفی دادگای شار، مۆڵەتێکی پێنج ڕۆژەی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی جێگرەوەیەک بۆ مەرگی خۆی بدۆزێتەوە، بە مەرجێک ئەو کەسە هەم شایانی مردن بێت، هەم بە ویستی خۆی ڕازی بێت.
بۆچی بەختیار عەلی پیشەی مامۆستا عینایەت دەکاتە بەرپرسی ئەرشیفی دادگا؟ دادگا لەم شارەدا شوێنی شاردنەوەی تاوانەکانە، نەک دۆزینەوەی دادپەروەری. عینایەت تەمەنێکی لەناو دۆسیەی تاوانباران، قوربانیان، بێتاوانان و گەندەڵکاراندا بەڕێ کردووە. ئەو لەو پێنج ڕۆژەی مۆڵەتەکەیدا کاتێک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە شایەنی مەرگ بێت، لە ڕاستیدا تەنیا بەدوای جێگرەوەیەکدا ناگەڕێت، بەڵکو دەیەوێت دۆسیە زیندووەکانی ناو ئەرشیفەکەی لە واقیعدا تاقی بکاتەوە. چوونە لای سەرکردە باڵاکان، عەمید خدر و کەیقوبادی بازرگان، دەرچوونی عینایەتە لەناو لاپەڕە تۆزاوییەکانی ئەرشیفەوە بۆ ناو دەموچاوە ڕاستەقینەکانی تاوان لە ناو شاردا.
کۆمیدیای بیرۆکراسی، مۆڵەتی فەرمی بۆ مردن، لووتکەی گاڵتەجاڕی و داهێنانی نووسەر لەوەدایە، کە عینایەت پاش دڵنیابوون لە مەرگی خۆی، یەکەم کاری ئەوەیە دەچێت داوای مۆڵەتی فەرمی دەکات لە دادگا، تا کارەکەی لەدەست نەدات! ئەمە وێناکردنی مرۆڤی هاوچەرخی کوردییە، مرۆڤێک کە تەنانەت لە بەردەم رەوتی مەرگیشدا، ناتوانێت لە ژێر چەتری بیرۆکراسی و ترسی نان بێتە دەرەوە. دەسەڵات هێندە مرۆڤی بچووک کردووەتەوە، کە مامەڵەی مۆڵەت و فەسڵکردنی کار، گرنگتر دەبێت لە دۆزینەوەی مانا بۆ ڕۆحە مردووەکەی.
ئەم دەقە تەنیا گێڕانەوەی سەرکێشییەکی فەنتازی نییە، بەڵکو گەشتێکی قووڵی سۆسیۆلۆژی و سیاسییە بەناو ناخی کۆمەڵگەیەکی تێکچرژاودا. عینایەت کاتێک بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت، بەناو تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا گەشت دەکات: لە لووتکەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی (عەمید خدر) بۆ کایەی ئایینی (مەلا تاهیر) جیهانی سێکس و ئارەزوو (یەڵدا هارون) تا دەگاتە بازرگانیی ڕەش و چەپەڵی مافیا (کەیقوباد) و بازاڕی چاوچنۆکی میدیا.
کۆتایی توندوتیژی ڕۆمانەکە، کە تێیدا عینایەت لە ڕۆژی پێنجەمدا بە فیشەکی عەمید خدر دەکوژرێت، گەورەترین ڕەخنەی سیاسیی دەقەکەیە، دەسەڵاتی بیرۆکرات تەنیا کاتێک مەرگی مرۆڤ دەناسێت، کە جەستەکەی کون بێت و خوێنی لێ بڕژێت. لێرەدا مەرگی عینایەت دەبێتە مەرگێکی فیزیکیی واقیعی، بەڵام هەقیقەتەکە لەلایەن مرۆڤێکی نائومێدی وەک (سەرحەد غوڵام)ەوە لە ڕێگەی گۆڕینی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەوە دەپارێزرێت.
لەم ڕۆمانەدا، مەرگ دەبێتە کاڵا. لە ڕۆژی دووەم و سێیەمدا، کاتێک کەنالەکان و ڕۆژنامەنووسان وەک (فورات نەورەس) دێنە سەر خەت، مەرگەکەی عینایەت لە ڕووداوێکی فەلسەفییەوە دەگۆڕێت بۆ ترێندێکی میدیایی. میدیا دەیەوێت مەرگی ئەم پیاوە بفرۆشێتەوە بۆ لایک و بینەر.
لە لایەکی ترەوە، کەیقوبادی مافیا و بازرگان دێت و دەیەوێت بە پارە مەرگەکە بکڕێت. ئەو ئامادەیە لەبری عینایەت بمرێت بە مەرجێک عینایەت ناوی خۆی پیس بكات و میراتە چەپەڵەکەی بپارێزێت. لێرەدا نووسەر پێمان دەڵێت: لەم سەردەمی سەرمایەداری و مافیاییە تەنانەت مەرگیش قۆرخ دەکەن.
شێواز و تەکنیکی ئەم ڕۆمانە:
بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا چەند تەکنیکێکی ئەدەبیی جیهانی و مۆدێرنی تێکەڵ کردووە، کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:
ڕیالیزمی جادیی
ئەمە تەکنیکی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە. چیرۆکەکە لە واقیعێکی تەواو ئاسایی و ڕۆژانەوە دەست پێ دەکات (ماڵی فەرمانبەرێک، کێشەی مۆڵەت و کار لە دادگا)، بەڵام توخمێکی جادوویی و غەیبی تێدا جێگیر دەکرێت، نەمانی ترپەی دڵ و مۆڵەتی پێنج ڕۆژەی مەرگ لەلایەن هێزێکی نادیارەوە. واقیع و جادوو لێرەدا دژایەتیی یەک ناکەن، بەڵکو هاوسەرەکەشی دوای بیستنی بێدەنگیی دڵی، ڕاستی کێشەکە قبووڵ دەکات.
کۆمیدیای ڕەش
ڕۆمانەکە پڕە لە تەنزی تاڵ، مرۆڤێک مردووە، یان چوار ڕۆژی ماوە بمرێت، کەچی خەمی ئەوەیەتی لە دادگا مۆڵەت وەرگرێت، تا کارەکەی لەدەست نەدات! یان کاتێک دەچێتە لای سەرۆکوەزیران و داوای لێدەکات لە جیاتی ئەو بمرێت، چونکە بەشی خۆی لە خۆشییەکانی ژیان چەشتووە. ئەم کۆمیدیایە وا دەکات تراژیدیای مەرگ قووڵتر و بەئازارتر بگاتە خوێنەر.
تەکنیکی فاوستی
لەم تەکنیکەدا، کاراکتەرەکە بۆ بەدەستهێنانی شتێک، ناچار دەبێت سەودا لەگەڵ هێزێکی شەیتانیدا بکات. پێشنیارەکەی (کەیقوباد)ی سیاسیی بازرگان لووتکەی ئەم تەکنیکەیە، ئەو ئامادەیە لەبری عینایەت بمرێت بە مەرجێک عینایەت ناوی خۆی پیس بکات و میراتی گەندەڵییەکەی بگرێتە ئەستۆ.
نموونەی هاوشێوە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا
ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی، لە ڕووی تێما و تەکنیکەوە،هاوە شێوەی چەندین شاکاری ئەدەبیی جیهانییە وەک ڕۆمانی (مردنی ئیڤان ئیلیچ) لە نووسینی لیۆ تۆڵستۆی. هاوشێوەی مامۆستا عینایەت، کە بەرپرسی ئەرشیفی دادگایە، ئیڤان ئیلیچیش دادوەرێکی بیرۆکراتە. هەردووکیان کاتێک ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، تێدەگەن، کە ئەو ژیانە فەرمی و کۆمەڵایەتییەی ژیاون چەندە پووچ و بێمانا بووە. مەرگ لای هەردوو نووسەر دەبێتە ئامرازێک بۆ دادگاییکردنی ژیانی ڕابردوو.
ڕۆمانی (مەرگی مرۆڤێک) بەسەرهاتی پیاوێکی مردوو، لە نووسینی ئیمانوێل بۆڤ.
لەم ڕۆمانە فەرەنسییەدا، کاراکتەرەکە وا هەست دەکات مردووە و لە دەرەوەی ژیان وەستاوە و تەماشای جیهان دەکات. ئەم گۆشەنیگایە ڕێک هاوشێوەی تێڕوانینی مامۆستا عینایەتە بۆ ژنەکەی و بۆ هاووڵاتیانی شارەکە.
خۆزێ ساراماگۆ ڕۆمانی ( ناوبڕەکانی مەرگ)
ساراماگۆ لەم ڕۆمانەدا باس لەوە دەکات، کە لە وڵاتێکدا مەرگ مانگرتن ڕادەگەیەنێت و چیتر کەس نامرێت، ئەمەش کێشەی گەورەی بیرۆکراسی بۆ دەوڵەت، کەنیسە، و نەخۆشخانەکان دروست دەکات. لای بەختیار عەلیش، مەرگ مۆڵەتی پێنج ڕۆژە دەداتە عینایەت، ئەمەش جۆرێکە لە یاریکردن بە کات و یاساکانی سروشت بە شێوازێکی ساراماگۆیی.
مردنی مامۆستا عینایەت، هاوارێکی فەلسەفییە دژ بە جیهانی مۆدێرن، میدیای چەواشەکار، دەسەڵاتی توندوتیژ. بەختیار عەلی لە ڕێگەی ئەم دەقەوە پێمان دەڵێت: لە کۆمەڵگەیەکدا کە مرۆڤەکان پێش وەختە ڕۆحی خۆیان بە پارە، سێکس، دەسەڵات فرۆشتووە، مەرگی ڕاستەقینە پێویستی بە فیشەک نییە، فیشەکەکە تەنیا جەستە غەریب و نامۆکان دەکوژێت، وەک ئەوەی بەسەر مامۆستا عینایەتدا هات.
بەڵام هیوای کۆتایی ڕۆمانەکە لەلایەن (سەرحەد غوڵام)ەوە دروست دەبێت. سەرحەد کە نوێنەری مرۆڤە نائومێد و پەراوێزخراوەکانی شارە، ڕاپۆرتە ساختەکەی دەسەڵات ڕەش دەکاتەوە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی (ژین)دا هەقیقەتی کوشتنی عینایەت بڵاو دەکاتەوە. ئەم کۆتاییە پێمان دەڵێت: گەرچی دەسەڵات دەتوانێت جەستەکان بکوژێت و مەرگی فەلسەفی بکاتە تیرۆری فیزیکی، بەڵام هێشتا وشە و هەقیقەت دەتوانن بە دەستی شۆفێری دابەشکردنی ڕۆژنامەکاندا ڕزگاریان بێت و بگەنە ناو ماڵەکان.
سەرچاوە:
عەلی، بەختیار، ٢٠٢٦، ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایەت، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی
bakhtin، Michail، Die Ästhetik des wortes، 1981
Emmanuel، Bove، Der Tod eins Menschen، 1980

