رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم عوسمـــان عـــــــــەلی

یاسین قادر بەرزنجی
سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو دەمەی بوومە ئەندامی بەشی نواندن لە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی- مەڵبەندی گشتیی سلێمانی، لەو ژوورە بچووکەی بەشی موزیکی کۆمەڵدا، دەنگی کلارنێتەکەی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید و کەمانەکەی مامۆستا نامدار قەرەداغی و ئامێری تری ژەنیارەکان بە بڵندی و سۆزەوە دەهاتە گوێمان، یەک لە گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکان ڕەوانشاد عوسمان عەلی بوو، کاتێک لەگەڵ هونەرمەندان حەمەی نێرگز و سەلاح مەجی مەقامی سەفەر و بەستەی (ئارامی گیانم)یان چڕی، دنیایەک گوێگر بوونە سەرسامیان و بەندەش لەو دەمەوە بووه دۆست و هاوڕێی نزیکی کاک عوسمانی دەنگ شیرین و سیما شیرین و گوفتار شیرین، ئیدی تا مەرگی تراژیدی ئەو هونەرمەندە هەر هاوڕێ و هاوڕاز بووین، گەلێ جار لە دوکانی بەرگدرووەکەیدا کۆ دەبووینەوە بە ڕیکۆردە بچکۆلەکەیەوە بە بەرهەمە نوێیەکانی شادیی دەکردە میوانمان.
کاک عوسمان دوای کۆمەڵ بووە ئەندامێکی سەرەکیی تیپی مۆسیقای سلێمانی کە خاوەنی سەنگی گەورەیە لە هونەری کوردیدا.
یەک لە کارە جوانەکانی هونەرمەند و توێژەر د. عادل محەمەد کەریم کتێبەکەیەتی لەسەر هونەرمەندە نەمرەکەمان، تیایدا وتوویەتی :
عوسمان عەلی لە سێ ستایلدا کاری کردووە، ئەوانیش فۆلکلۆر و میللی و دانراوەو پانتاییەکی لە هونەری گۆرانیی کوردیدا داگیر کردووە، بەتایبەت گۆرانییە دانراوەکانی کە موخاتەبەی ڕاستەوخۆی ژیانی نوێی شارە کوردییەکانی باشووری کوردستانە.
هەر لەسەر هونەرمەندە گەورەکەمانی خاوەنی (شەوی بەرات،دڵدار و جوانپەرستم، کەسەکەم، شیرین وا وەرە، ئای مریەمێ، هاڕەی گۆبەرۆک و غەزاڵێ) مامۆستا دلێر برایم وتوویەتی:
زیرەک بوو، دەیزانی چی هەڵدەبژێرێت تا بتوانێ بەسەریا زاڵ ببێت، دەنگی خۆش و سەرنج ڕاکێش بوو.
کاک عوسمانی پێشمەرگەی سەردەمی لاوێتی و هەمیشە نیشتمانپەروەر، خاوەنی سروودی لەیاد نەچووە، بەتایبەت (ساڵێکی تریش وا داهاتەوە) لە شیعر و ئاوازی مامۆستا خالید دلێر، کە بە هاوکاریی ئەڤین خانی کچی سپاردیان بە هونەرەکەمان.
لە کۆڕی ماتەمینی هونەرمەنددا وتاری هاوڕێیانی ئەویان بە من سپاردبوو، تیایدا سەبارەت بەو برا گەورەیەم وتم:
پیاوێک بوو لە وەفا، هەر لە منداڵییەوە قردێلە و گوڵی داوە لە سەر و پەرچەمی شۆخی ئاوازی کوردی، لە هەرکوێیەک کۆڕی ئاشقان و سەوداسەرانی هونەر کۆ بووبێتنەوە، گۆرانییەکی لێوبەخەندەی عوسمان عەلی لەوێ بووە، زیاد لە نیو سەدە دەنگ و ئاوازی ئەو کوڕە دڵسۆزەی هونەری کوردیی میوانی ئاشناو رۆشنایانی بووە. یادت بەخێر خاوەنی میلۆدییە گەشبینەکان، پیاوە زەحمەتکێشەکە، هونەرمەندە ڕەسەنەکە، هەمیشە یادت بەخێر پیاوە مەرد و زمان هەنگوینییەکە، هەمیشە خۆشم دەوێی کاک عوسمانی شیرین لەم دڵەمدا.