یاسین قادر بەرزنجی
ئومێدی وەستا عەباسی مەلا برایمی حافز، برای تاقانەی شەش خوشک، دواتر بووە (ئومێد ئاشنا)ی نووسەر و توێژەر و خەمخۆری هەمیشەیی شاعیر و گەوهەرە درەوشاوەکانی ئەدەبیاتی کوردی.
ئومێد لە یەکی ناوەندییەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ قەڵەم و نووسیندا نەرم کردووە و لەو سەرەتای تەمەنەیەوە وتاری نەورۆزی نووسیوە و لە خوێندنگاکەیدا خوێندوویەتیەوە.
من و ئاشنا بە منداڵی لە گەڕەکی گۆیژە بووین و بووینە هاوڕێ، کۆتایی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو پێکەوە بووینە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و بەردوام دەچووینە کۆڕەکانی لقی سلێمانی ئەو یەکێتییە چالاکە.
سەرەتای هەشتایەکان کە بوومە کارمەندی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، ڕۆژانە کاکە ئومێد دەهاتە کتێبخانە و یەکترمان دەبینی، ئەو وێڕای پیشەی مامۆستایی هەمیشە سەرقاڵی خوێندنەوەو نووسین بوو، هەموو ژیانی بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخان کردبوو و چنینەوەی بەرهەمی نووسینەکانیشی٧٨ کتێب و نامیلکەی ناوازە بوو.
کە ڕوو بکەیتە کتێبخانەی کوردی سەرسام ئەبیت بە بەخششی ئاشنا، ئەو کاری چڕی کردووە لە ساخکردنەوە و توێژینەوە لە بەرهەمەکانی موفتی پێنجوێنی، ڕەشید نەجیب، مەحمود پاشای جاف، پیرەمێرد، گۆران، کامەران، بێکەس، میرزا مارف، شێخ ڕەزا، برایم ئەحمەد، دیلان، شێخ نوری شێخ ساڵح، نەجمەدین مەلا، دڵشاد مەریوانی و ن. ئاری.
بەداخەوە دوای ململانێیەکی سەختی لەگەڵ نەخۆشینی شێرپەنجەدا ساڵی ٢٠٠٠ گیانی سپارد و چووە ڕیزی ئەدیب و ڕوناکبیرانی فرە بەرهەم و دوای خۆی وێڕای چاپکراوە سەنگینەکانی، دوو کوڕی ژیر و وریای بۆ شار و نەتەوەکەی بەجێ هێشتووە؛ سیامەند و شاد.
یادت بەخێر هاوڕێ خێرلەخۆنەدیوەکەم، هاوڕێ ئازیز و ئاشناکەی هەمووان، هەمیشە یادت بەخێر کاکە ئومێد گیان.

