یاسین قادر بەرزنجی
نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، یادگارییەکانت گوڵ و ڕێحانەن هەمزە گیان.
ناوەڕاستی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، ساڵانی پڕ لە ڕووداو و پێشهاتی گەورە بوو، هاوکات بۆ ئێمەی گەنجانی ئەو سەردەمە، مێژوویەک بوو بۆ بنیادنانی کاراکتەری خۆمان و خۆناسینمان لە نێو هزری چەپ و ئازادیخوازی و ڕووکردنە خوێندنەوەو بۆ هەندێکیشیان هەوڵی نووسین و ڕووکردنە دنیای ئەدەبیات و هونەر.
لەو ساڵانەدا ڕەوانشاد (هەمزەی عەلی دەدەی توتنچی) لە ئێمە هەڵکشاوتر و ڕۆشنبیرتر و، خاوەن ئایدیا و بەرچاوڕوون تر بوو، کاک هەمزە خاوەنی شیعر و چیرۆک و نووسینی دیکە بوو، دۆستی (ڕوانگەیی)ــەکان بوو، بەتایبەت مامۆستایان حسەین عارف و شێرکۆ بێکەس، هاوڕێ و هاورازی شەهید دڵشاد مەریوانی و نەمران ڕەووف حەسەن و ئەکرەم عەلی بوو، دۆستی گیانی بە گیانی هاوڕێیانمان گۆڕان مەریوانی شاعیر و حەمەی نێرگزی هونەرمەند و مارف ناسراوی ڕۆژنامەنووس و کاکە عەتای موفتی ئازیز بوو.
کۆتایی حەفتایەکان کۆمەڵە شیعری (دەرزی ئاژنی خەمەکان)ــەکەی ڕووناکیی بینی و لەگەڵ برایان فوئاد سەڕاج و ئەکرەم عەلی (کۆمەڵێ چیرۆکی ئاوس)یان لەچاپ دا.
هەمزە گیان، بیرەوەرییەکانت لام وەک زەردەخەنەی هەمیشەیی سەر لێوانت جوان و وەک زمانە شیرینەکەت وان، هەمزە گیان هەرچۆن لە ژیاندا خۆشم دەویستی و بە بینینت دەگەشامەوە، بە هەمان شێوەش تا بمێنم، لە گۆشەی دڵدا دەتپارێزم و هەرگیز لە یادت ناکەم هەمزە گیان.

