رۆژنامەی ھەولێر

پارتی بایکۆتی پەرلەمانی عێراق دەکات، چونکە…

عه‌مەر ئەرگوشی
بەشداریی پارتی لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق بە ئەرک و مافێکی نەتەوەیی دەزانێت؛ وەک پارتی سیاسیی یەکەمی سەر ئاستی عێراق، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت ببێتە بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا بپارێزێت.

پارتی هەمیشە لە ڕابردوودا بە ئاشکرا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە دەبێت عێراق لەسەر بنچینەی (تەوازوون، تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە) بەڕێوە ببرێت. چەندین جار داکۆکی لەوە کردووە کە ئەگەر کورد لە چاکترین دۆخی خۆشیدا بێت، ناتوانێت بە تەنیا و بە دەنگی کورد لەناو پەرلەمانی عێراق ببێتە زۆرینە یان بڕیارێک تێپەڕێنێت، ئەگەر بە سازان و لێکتێگەیشتن نەبێت.
ئەوەی ڕاست بێت، دەسەڵات لە عێراق وەک بڵێی بڕوای بە مافە ڕەواکانی کورد نییە و نایەوێت گوێ بە خواست و داخوازییە ڕەواکانی کورد بدات. ئێستا وای لێ هاتووە، خەریکن پەرلەمانی عێراق دەکەنە سەکۆی بڕیاردەرکردن دژی کورد و هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی ئەوەش لە کورد دەکەن کە ئەگەر دەنگ بە بڕیارێکی دژی خۆیان نەدەن، ئەوا بێدەنگ و بێهەڵوێست لە هۆڵی پەرلەمان دابنیشن.
بێگومان پارتی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە کە ئەرکی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە؛ لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا گەلی کوردستان ئەو متمانەیەی پێ بەخشیوە کە نوێنەری ڕاستەقینەی بێت. جا چۆن قبووڵ دەکرێت ئەم نوێنەرە ڕاستەقینەیەی گەلی زۆرلێکراوی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراقدا ڕاو بۆچوونەکانی بە هەند وەرنەگیرێن؟ لە کاتێکدا بەپێی دەستوور و یاسا داوای مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و کەس گوێی لێ ناگرێت.
پارتی کە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکات بۆ کاتێکی نادیار، دەیەوێت عێراقییەکان تێبگەن کە پەرلەمانی عێراق کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەو لایەنانەی بڕوایان بە مافە ڕەواکانی کوردستانیان نییە و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانەدا کار ناکەن کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. پەرلەمانی عێراق خەریکە دەکرێتە ئامرازێکی سەپاندنی دەنگی هەندێک لایەن بەسەر هەموو عێراقییەکاندا و وڵات بەرەو دیکتاتۆرییەت و هەڵدێر دەبات.
پارتی سوورە لەسەر بەشداریی کارا لە حکوومەتی عێراق و بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنچینەی کاری هاوبەش، ئەرکی هاوبەش و بڕیاری گشتگیر کە سازان و هەماهەنگی داینەمۆکەی بن. پارتی ئامادە نییە نە هەڕەشە قبووڵ بکات، نە بەکارهێنانی زمانی زبر؛ بەڵکوو دەیەوێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ کێشە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکرێن و پێکەوە لە خزمەتی عێراقێکدا بن کە مافی هەموو عێراقییەکانی تێدا پارێزراو بێت، یاسا سەروەر بێت و ئاسایشیش بەرقەرار بێت.