لانە محەمەد
بەشداریکردنی ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا تەنها ڕێگایەک نییە بۆ دەستەبەرکردنی مافێکی مەدەنی و سیاسی، بەڵکو بناغەیەکی بنەڕەتییە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و هاوسەنگ. بە درێژایی قۆناغە مێژووییە جیاوازەکان، ئافرەتان بەرەنگاری زۆرێک لە سنوور و ڕێگرییە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتەوە لە بەرامبەر بەشداریی سیاسی و بەدەستهێنانی ماف لە سیستمی سیاسی و پێکهاتەی دەسەڵات. ئەمڕۆش لەم قۆناغەدا، خۆشبەختانە گۆڕانکاریی دڵخۆشکەر و بەرچاو دروست بووە؛ بەشداریی ئافرەتان لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسیدا بەرەوپێشچوونی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە. ئەم بەشدارییە نیشانەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا و گەڕان بەدوای ئەو دیموکراسییەیە کە پێویستی بە بەشداریی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا هەیە.
بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکاندا نیشانەی پەیوەندیداربوونیان بە سیاسەت و دیموکراسییەوە، و ئەوە دەخاتە پێشەوە کە ئافرەتان بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد و بێ فشاری مەدەنی و سیاسی دەنگ بدەن و بەربژێر بن. لە زۆرێک لە وڵاتان بە شێوەیەکی یاسایی ڕێگەیان داوە بە ئافرەتان بۆ بەشداری. لە هەندێک وڵاتیش بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی دیاری کراوە کە پێویستە ئافرەتان بەشدار بن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و سیستمی سیاسی؛ بۆ نموونە: دەبێت لە پەرلەماندا لانیکەم ٢٥٪ یان زیاتر لە کورسییەکان بۆ ئافرەتان بن. بێگومان ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی دەرکەوتنی ئافرەتان لە بەڕێوەبردن، کاریگەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، و پیشاندانی توانا و لێهاتوویی ئافرەتان لە دروستکردنی کاریگەری لە سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
کاتێک ئافرەتان دەنگ دەدەن و پەیوەندییان بە سیاسەتەوە دروست دەکەن، دەکرێت دەستکەوتی ئافرەتان لە مەیدانی مافی مرۆڤ و یاسا زیاد بێت. یاساکان و بەرنامەکان کە پەیوەندیدارن بە ژیان و مافەکانی ئافرەتان (وەک پەروەردە، تێکچوونی خێزانی، کاری ئافرەت…) نیشانەیەکی بەهێزە لە گەشەپێدانی دیموکراسی و دەرکەوتنی ڕوانگەی یەکسانیی ڕەگەزی.
بەشداریی چالاکی ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە تەنها بەرگری لە مافەکانیان ناکەن، بەڵکو ئەم بەشدارییە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و دیموکراسییەکی بەهێزتر. کاتێک ئافرەتان دەنگ دەدەن و خۆیان بەشدار دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، ڕەنگدانەوەی دەنگی کۆمەڵگا ڕاستەقینەتر دەبێت و کێشە تایبەتەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ئاسایشی خێزانەکان زیاتر ڕەچاو دەکرێن. هەروەها، ئەگەر لە ڕوویەکی ترەوە سەیری بکەین، دەبینین بەشداریی ئافرەتان لە دەنگداندا ڕاستەوخۆ یارمەتی دەدات و هۆکارێک دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی بەربژێر و نوێنەری ئافرەتان لە پەرلەمان و بەشداریکردنی کرداری لە کایەی سیاسیدا، کە دیدگا و شێوازی فکری جیاوازیان هێناوەتە ناو سیستەمەوە و بەرەوپێشبردنی دادپەروەریی ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی. هەروەها، زیادکردنی باوەڕ و متمانەبەخۆبوونی ئافرەتان و ڕۆڵی ڕێبەریی ئافرەتان و گۆڕینی ئەو ڕواڵەت و تێڕوانینەی کۆمەڵگە کە سیاسەت تەنها بۆ پیاوانە.
لە کۆتاییدا، دەنگدانی ئافرەتان و بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا تەنیا مافێکی یاسایی و مەدەنی نییە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان.

