لە یادی شۆڕشی ٢٦ی گوڵاندا

مستەفا خۆشناو

لەبەرچاوگرتن یان ڕێزلێنان ئاماژەیە بۆ شایستەیی ئەو تاک و توێژە کۆمەلایەتیانەی کەوا ھەریەکە و لە بوارێکی تایبەتی خۆیدا چالاکی ئەنوێنێ و لەم ڕێگایەوە ئەتوانێ ڕەزامەندی بەرامبەرەکەی لەسەر کار و پیشەکەی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و ببێتە جێگای ڕەزامەندی ئەو کۆمەڵگایانەی کەوا کاریان تێدا دەکات، ئەمەش دەبێتە ھاندەرێک بۆ ئەوەی ئەم توێژە زیاتر ھەوڵ بدات و برەو بە بەھرەکەی بدات و لەم بوارە چالاکتر کارەکانی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی شیاوی ئەم ڕێزلێنانە بێت کەوا پێی ئەبەخشرێ، ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە باسی بکەین و بیخەینە ڕوو نازھەڵگرتن و لەبەرچاوگرتن و رێزلێنانە لە خەبات و ماندوو بوون و گیان فیدایی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کەوا ڕۆژانێک سوارچاکی کۆڕی خەباتی کوردایەتی بوون و لە سۆنگەی پەرۆشیان بۆ خەبات و بەرخودان و پارێزگاری لە شکۆی تاکی کورد، بۆ ئەم مەبەستەش پێش ھەر دەسپێکێک مەرگی خۆیان کردبووە دیاری و بە نەفەسێکی شۆڕشگێڕانە سینگی خۆیان کردبووە قەڵغانێکی پتەو لە بەرامبەر گوللەی نەیارانی کورد بۆ بەرگری لە گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان و ئەویش لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی خەبات و ماندووبوونی ئەو توێژە تێکۆشەرە و چاوخشاندنەوەیەک بە ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکەیان و پشتگوێ نەخستنیان چونکە ئەوەی تێبینی ئەکرێ تاوەکو ئێستا لە ڕێزلێنانی سەرزارەکی زیاتر نیە و شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە کەوا جێگای ڕەزامەندی و شانازی ئەوان و خانەوادەکانیان بێت، بەبێ ئەوەی ئەو ڕێزلێنانە بکرێتە کردار تاوەکو پێشمەرگە دێرینەکانیش ھەست بەوە بکەن کەوا ئەوانیش توێژێکی ھەرە گرینگ و سەربەرزی لەبیر نەکراوی نێو ئەو کۆمەڵگایەن و شانازی بەو ڕۆژە سەختانە بکەن کەوا ڕۆژانێک ئەوان بوون مێژوویان تۆمار کردووە و شەڕی مان و نەمان و دەستە و یەخەی داگیرکەرانی کوردستانیان کردووە و وەکو ڕەمزێکی زیندووی گەلەکەیان ئەمێننەوە، لێرەدا پێویستە ڕۆلی پێشمەرگە دێرینەکان لە ڕۆژانی سەختی خەبات لەبەرچاو بگیرێ کەوا ڕۆژانێک بوو ئەرکێکی زۆر قورسی نیشتمانی و نەتەوەییان خستبووە سەر شانی خۆیان و کوڕی ڕۆژە سەختەکانی کۆڕی خەباتی کوردایەتی بوون وە لە بارودۆخێکی ھەرە سەختی ژیاندا کە بە بێ بەرگ و خواردن و خواردنەوە و ڕەفاھیەت و خۆشگوزەرانی ژیان وە بەخوێن و مەرگی خۆیان پارێزگاریان لە شکۆی تاکی کورد دەکرد، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانەی کەوا ساڵانیک بوو ھەڵۆ ئاسا عاشق بە لووتکە چیا سەرکەشەکانی نیشتیمان ببوون وە بۆ بەرگری لە شکۆی تاکی کورد و ماف و داخوازیەکانی گەلی کوردستان لە ژێر دروشمی (یان کوردستان یان نەمان ) دژی ستەمکاران و داگیرکەرانی خاکی کوردستان تێدەکۆشان و بروسک ئاسا پەلاماری ئەو دوژمنە دڕندانەیان دەدا کەوا لە کێبڕکێ دا بوون بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناسی تاکی کورد و داگیرکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان .
لەناو کۆمەڵگا و لە ڕووی میدیایی و لە ڕواڵەتدا پێشمەرگە ناوێکە چەندی بڵێی بەرز و پیرۆزە و شایانی پێدا ھەڵدانە، تەنانەت خودی جەنابی سەرۆک بارزانیش سەبارەت بە پێشمەرگە ھەردەم بەشایستەییەوە لە زۆرێک لە بۆنەکان چەندین جار ئەو پەیڤەی دووبارە کردۆتەوە و فەرموویەتی “پێشمەرگایەتی بەرزترین پلەی خەباتە” بەڵام ئەگەر لەڕووی کردارەوە سەیری پێشمەرگەی ڕاستەقینە بە تایبەتی پێشمەرگە دێرینەکانی سەردەمی شاخ بکەین ڕەنگە ھەڵە نەبم ئەگەر بڵێم ئێستا پێشمەرگە پشتگوێخراوترین و ھەژارترین و بێ نازترین توێژە لە ناو کۆمەڵگادا تەنانەت ئەوانەی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمیش لە خزمەت بەردەوامن وەکو پێویست ڕێز لە خەبات و تێکۆشانیان نەگیراوە و پشتگوێ خراون کەوا بێگومان ئەمەشیان جێگای ھەڵوەستە لەسەر کردنە و دەبێ بپرسین بۆ ئەبێ وابێ ؟!.
لەڕووی وەزیفیشەوە کەمتەرخەمیەکی زۆر ھەیە بەرامبەر بە خەباتی پێشمەرگە و ئەو پلەو پۆستانە بە پێشمەرگە نەدراوە کەوا شایانیەتی سەرەڕای ئەوەی کەوا لەناو ئەو پێشمەرگە دێرینە قارەمانانە چەندین کەسی جوامێر و کارامە ھەن کەوا خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی بەرز و توانا و بەھرەیەکی زۆرن لە مەجالە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵگا، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسی کورد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاوڕێکی بەخێر لەم توێژە گرینگە بداتەوە بۆ ئەوەی شانازی بەو خەبات و بەرخودانە بکات کەوا بە خوێنی خۆیان ئەمڕۆیان دروست کرد و ئێستاش ھەر خۆیان ئەرکی پارێزگاری لەو ئەزموونەیان کەوتۆتە سەرشان، ھەروەھا خانەوادە و منداڵەکانیان دەبێ ھەست بەوە بکەن کەوا ڕابردووی خەباتگێڕانیان ڕێزیان لێ گیراوە و ڕەنج و تێکۆشانیان لەبەر چاو گیراوە و ئێستا بۆتە جێگای شانازی بۆیان و پێی سەربەرزن، وە بۆ پاڵپشتی لە وتارەکەشم دەگەڕێمەوە بۆ فەرموودەیەکی بارزانیی نەمر کەوا لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول لەبەردەم پۆڵێک پێشمەرگە ترسی خۆی لە پشتگوێ خستنی پێشمەرگە قارەمانەکان لە داھاتوو نەشاردۆتەوە کاتێک دەفەرمووێت “دڵنیام کە سەردەکەوین بەڵام ترسم لەوەدایە ئەو کات ئەوانەی زەحمەتیان کێشاوە و خەباتیان کردووە لە بیر بکرێن “.

  • نووسەر وەک پێشمەرگەیەکی بەشداربووی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز لەگەڵ پۆڵێک پێشمەرگەی ماندوو نەناس(لە ڕاستەوە دووم کەس لە وەستاوەکان).
ھەواڵی زیاتر