نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 14

تاهیره‌ی ئازیزم

دوای هه‌فته‌یه‌ك نه‌خۆشی و په‌تایه‌كی سه‌خت كه‌ تووشم ببوو، ئێستا كه‌مێك باشترم و هاتوومه‌‌وه‌ سه‌رخۆ و ده‌توانم نامه‌ت بۆ بنووسم.
دوای بیست و دوو رۆژی دیكه‌ دێمه‌وه‌لات. دوای دوو مانگ و نیو چاوه‌ڕوانی هیچ هیوایه‌ك له‌وه‌ چێژبه‌خشتر نییه‌، ئومێدی دیتنی تۆ، هه‌میشه‌ له‌ دڵمدابوه‌، به‌ڵام ئێستا به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆیی رۆژان ده‌ژمێرم.
كاتێك ئه‌و نامه‌یه‌ت به‌ده‌ست ده‌گا پازده‌ شازده‌ رۆژ زیاتری نامێنێ. ئێستا خه‌یاڵه‌كانم پڕن له‌و ساتانه‌ی كه‌ له‌ پێشمدان ته‌واوی ئه‌و ساته‌ ترسناكانه‌م تێپه‌ڕاند، هه‌ستده‌كه‌م هه‌ر هه‌موویانم به‌خاتری ئه‌و سه‌عاته‌ ته‌حه‌ممولم كردوون.
رۆژی جه‌ژن یان رۆژێك دواتر له‌ ته‌ورێزم. نازانم چۆن و به‌ چ وه‌سیله‌یه‌ك بێمه‌وه‌ ته‌ورێز. هه‌وڵده‌ده‌م هه‌رچی زووتر و له‌ هه‌مان ساتی كه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی دێمه‌ده‌ر بێمه‌وه‌ ته‌ورێز. ئه‌گه‌ر بلیتم ده‌ستكه‌وێ، به‌ فڕۆكه‌ دێمه‌وه‌. هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتمه‌وه‌، ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌م. تۆش وه‌كو من رۆژان بژمێره‌ و سه‌عاته‌كان حساب بكه‌. چاوه‌ڕوانم به‌. به‌ دنیایه‌ك تامه‌زرۆیی دێمه‌وه‌لات.
تاهیره‌ی خۆم ماچ ده‌كه‌م.
غ- س
دارسێوه‌كه‌م به‌ری گرتووه‌.
25/12/1340 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.