بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

سەردانێک بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش

سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەرپرسانی بالای وڵات دوای چەندین کۆبوونەوەی دوور لە چاوی کامێراکان دێت لە نیوان بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان و ئاماژەیەکی ڕوونە کە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیانن دوای ئەوەی ئەو پەیوەندییانە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گەیشتنە ئەو ئاستەی سوپای پاسداران بە پاساو و بیانووی بێبنەما لە ١٣ ئازاری ٢٠٢٢ دا هێرشی مووشەکی بکاتە سەر هەولیر و لە ١٥ کانوونی دوەمی ٢٠٢٤ هیرشێکی فراوانتری درۆن و مووشەکی بالیستی بکاتەوە سەر هەولێر. سەردانەکەی سەرۆک نێچیروان بارزانی بایه خپێدانی زۆری ئێران بەم سەردانە و هەوڵێکی جددییە لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێم و ئێرانەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناسرووشتییە لە پەیوەندییەکاندا و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمایەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو لا بکاتە پێوەر. سەردانەکە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و چاوەڕێ دەکرێت ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر ئێران هەبێت بە شیوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی عێراقەوە. سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندن کە دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و تەنانەت سووریاش خەریکی ڕەنگڕشتنین. ڕاستە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل پرۆسەی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیەی دواخستوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ ئیمزاکردنی ڕێکكەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و سعودیە بەردەوامە و نزیکبوونەوەی دەوڵەتانی کەنداو لە تورکیا و لە ڕێگەی پرۆژەی ڕێگەی پەرەپێدان کە بە عێراقدا تێدەپەڕێت بەگەرمی کاری لەسەر دەکرێت. عێراق بۆ ئێران قوڵایی ستراتیژی هەیە و هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ئێران گرنگە، خاوەن پێگە و ڕێگەی دیارو بەرچاوە لە عێراقدا. بۆ هەرێمی کوردستانیش کۆماری ئیسلامی گرنگە و پتەوبوونی پەیوەندییەکان هاوکار دەبێت بۆ بەهێزبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا. ئەندازیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سەرۆک نێچیروان بارزانییە کە توانا و شارەزاییە دیپلۆماسییەکانی وەک سەرکردەیەک کە هەوڵی دۆزینەوەی زەمینە و لێکگەیشتنی هاوبەش دەدات، هاوکار دەبێت لە کردنەوەی گرێکوێرەکان و توانەوەی بەستەڵەکەکان لە پەیوەندییەکاندا.