نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 11
تاهیره‌

نامه‌كانم له‌ ژماره‌نایه‌ن چ ئه‌وانه‌ی بۆم ناردووی، چ ئه‌وانه‌ی نووسیومن خوێندوومنه‌وه‌و دڕاندوومن. ئه‌و هه‌ڵسووكه‌وته‌ناخۆشه‌ی به‌رامبه‌ر به‌منت گرتۆته‌به‌ر، هێنده‌ نیگه‌رانی كردووم له‌ راده‌به‌ده‌ره‌. وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌و ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ تاقه‌ت پرووكێنه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه‌ی بێجگه‌ له‌ یه‌ك مشت بیره‌وری كه‌ هه‌ر خوله‌كێك ئاگر له‌ مرۆڤ به‌رده‌دات.
روحیه‌و حاڵه‌تی بنیاده‌مێكی وه‌كو من، له‌ دووری تۆ، به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ ده‌زانی ته‌نیا تامی ئه‌و تاڵیه‌ی‌ من چێشتوومه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ ساغ و سه‌لیم بێ. هه‌مان سووتانی هه‌میشه‌یی سه‌ری لێداوم، ئه‌و سووتانه‌ی كه‌ تا نیوه‌شه‌وان چاوه‌ڕوانت ده‌بووم، له‌ ده‌رگام داوه‌و به‌سه‌ر هه‌مووشتێكدا رۆیشتووم. تا سه‌ره‌مه‌رگ رۆیشتوم و هه‌ناسه‌م لێبڕاوه‌. ئێستاش له‌و دۆخه‌دام. هه‌موو هه‌ست و بیروهۆشم له‌سه‌ر جه‌ژنه‌. چاوم له‌سه‌ر پشووی جه‌ژنه‌ كه‌ به‌دڵی پڕه‌وه، پڕ له‌ هه‌مووشتێك پر له‌ نامرادی و دووری و ئه‌ندێشه‌كانی هیوابه‌خش بێمه‌وه‌لات.
تۆ، تۆ، ده‌زانی چیم له‌ خه‌یاڵدایه. ته‌نیا تۆ.
به‌ڵام ئێستا چ هێزێك ده‌توانێ من له‌و ره‌نج و ئازاره‌ رزگاربكات؟ ته‌نیا شتێك، ته‌نیاو ته‌نیا نامه‌نووسینه‌كانم نامه‌كانی تۆ. ئه‌گه‌ر پێم بگات. چاوه‌ڕێم. رۆژی هه‌ینی باوكم هات بۆ سه‌ردانم. ئه‌و هه‌موو رێگا دووره بۆ دیده‌نی من هاتبوو.
هه‌ستمكرد هێشتا خۆشه‌ویستی ته‌واونه‌بووه‌، به‌ڵام چ چاوه‌ڕوانییه‌كم هه‌بوو. ته‌ماشایه‌كی ده‌وروبه‌رم كرد. خودایه‌ ده‌یتوانی تۆشی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێ؟
هه‌واڵی ته‌ورێزم لێپرسی. گوتی هه‌مووشتێك وه‌كو جارانه‌ فه‌رقی نه‌كردووه‌.
دووباره‌ لێم پرسییه‌وه‌ به‌دڵنیایی وه‌ڵامی دامه‌وه‌ منیش هه‌ستم به‌ ئارامی كرد. هه‌موو شتێك وه‌ك جارانه‌. تۆش هه‌رهه‌ی، وه‌كو جاران، هه‌موو شه‌وێك خه‌ون به‌تۆوه‌، خه‌ون به‌تۆوه‌، ئه‌و خه‌ونانه‌ی پڕن له‌ بوونی تۆ…
نامه‌م بۆ بنووسه‌، تكات لێده‌كه‌م، ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ت باش نییه‌. ئه‌و وێنانه‌ی داوام لێكردبووی بۆم بنێره‌. ئاخر به‌ چ دڵێك ئازارم ده‌ده‌ی، نامه‌یه‌كی تۆ ده‌بێته‌ هۆی ئازادی روحی من له‌ ئه‌شكه‌نجه‌.
ناونیشان: سه‌ڵته‌نه‌ت ئاوا- گرووهانی سێیه‌می پزیشكی.
ماچت ده‌كه‌م.
غ- س
هه‌فته‌ی ئاینده‌ وێنه‌یه‌كی خۆمت بۆ ده‌نێرم.
30/11/1340 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.