پارتی، دوێنێ وه‌ك حزب و‎ئه‌مڕۆ وه‌ك ده‌وڵه‌ت

‎ ئەردەوان سابیر

‎گومانی تێدانیه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی سیاسی و كوردستان مێژوییه‌كی دێرین و دیرۆكێكی فره‌ چه‌شن فره‌ ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌، پڕیه‌تی له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و گۆڕانی ڕیشه‌یی جا چ هه‌رێمی بێت یان ناوخۆیی، یان هه‌ندێكجار نێوده‌وڵه‌تیش، بێگومان هه‌ر هه‌مووی ڕووه‌ و بیر و خه‌ونی كورد بووه‌.
‎له‌كۆی قۆناغه‌كان و له‌سه‌رده‌می خۆی ئه‌وه‌ی پارتی جیاكرده‌وه له‌ناو گۆڕانكارییه‌كانی گۆڕه‌پان و پاشه‌كشێی هه‌ندێك له‌ لایەنه‌كان چ له‌هه‌ڵوێستیان یان له‌‌خه‌باتیان بێت. به‌رده‌وامی‌ بوون و هەمیشە بیر و باوەڕی‌ پارتی بووه‌ به ‌بنەمایەک بۆ دۆزی كورد و ڕه‌وا بینینی پارتی بوو ‌بۆ خه‌ونی گه‌وره‌ و ماف به‌خۆدان، به‌وه‌ی میلله‌تێك هه‌یه‌ شایانی ژیانی شایسته‌یه‌ وه‌ك هه‌موو گه‌لانی تری دونیا.
‎ لێره‌دا له ‌به‌رده‌م ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌ گه‌وره‌ و مێژووییه‌دا، پارتی بوێرتر و خۆڕاگرتر به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی پته‌و له‌ باوه‌ڕ و بوێری له‌پاڵ ئایدیا و دووربینیەكی ژیرانه‌، توانی درێژه‌ به‌ شۆڕش بدات له‌ تاریكی شه‌ودا و به‌ سینه‌ی پڕ له‌ مۆمی هیوا و ڕێكردنێكی تاقه‌ت پڕوكێن به‌ڵام به‌ گه‌شبینی و ئومێده‌وه‌، په‌ڕینه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كان و بنیاتنانی سنووری ناساندن و هاواری پڕ له‌ گڕ و توڕه‌یی.
‎واقیع ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت پارتی له‌ قۆناغی تروسكاییه‌ك له‌ خۆری هیوا ده‌ست به‌رداری په‌یامه‌ گه‌وره‌كه‌ی نه‌بوو وه‌ ناشبێت، ئه‌مڕۆ و سه‌رده‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ پارتی له‌ناخیدا هه‌ناسه‌ی ده‌وڵه‌ت گوزه‌ر ده‌كات و پێداگیره‌ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان جیاواز له‌هه‌موو حزبه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت و هه‌میشه‌ ئه‌و دیوی ڕووداو و پێشهاته‌كان شرۆڤه‌ ده‌كات، پارتی ته‌نها حزب نیه‌! پارتی پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ چینی ڕۆشنفكری‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ و داهاتوو، پارتی هه‌ڵقوڵاوی بازو و بوێری جوتیارێكی زه‌وی داگیركراوه‌، هاوار و ناڵه‌ی دایكی شه‌هید و ڕۆڵه‌ی باوك نه‌دیوه‌، پارتی سه‌ری ڕمی هه‌موو قۆناغه‌ دوژمن به‌زێنه‌كانه‌. پارتی ده‌نگی هه‌موو ڕه‌نگه‌كانه‌ هه‌ڵگری هاوار و ناڵه‌ی كوێستان و گه‌رمیانه‌. پارتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی شه‌وه‌ تاریك و سه‌خته‌كانه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا به‌هه‌ناسه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ قالبی حزبدا به‌ پاراستنی كۆی پرنسیپه‌ نیشتمانییه‌كان هه‌وڵی چه‌سپاندنی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌دات و ڕژده له‌سه‌ری‌، له‌گه‌ڵ بوونی تێبینی و چه‌ندان ڕووداوی به‌ده‌ر له‌ پلان و به‌رنامه‌ی نیشتمانی پارتی و هه‌روه‌ها بوونی زۆرترین تێبینی و سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌دای زۆر له‌حزبه‌كان و لایه‌نگران و قیاده‌یه‌كانیان. كه‌چی پارتی هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌وه‌ی ئه‌و برینانه‌ش ساڕێژ بكات كه‌ له‌جه‌سته‌ی هه‌میشه‌ برینداری نیشتمان دروست بوون! ئه‌وه‌ی پارتی جارێكی تر جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ حزبه‌كانی تری مه‌یدانی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ پارتی نایه‌وێت دابه‌زێته‌ ئاستی نزمی ململانێكان به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌كان، هه‌روه‌ها پێداگری له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان و سازش نه‌كردن له‌سه‌ریان، هه‌روه‌ها بڕیاردان به‌بیر و هزری دوور بینیانه‌ نه‌وه‌ك بڕیاری سۆزداری ماوه‌ كورت، هه‌روه‌ها بوونی مه‌ركه‌زییه‌ت و ڕێز گرتن له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و بازنه‌دان به‌سه‌ر په‌یامی حه‌كیمانه‌ی جه‌نابی سەرۆک بارزانی له‌ ئێستا و له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی ڕابردوو، هه‌روه‌ها ڕاگرتنی هاوسه‌نگی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ كۆی قۆناغه‌كان، له‌گه‌ڵ بوونی ئیراده‌یه‌كی پته‌وی پڕ له‌ ڕاستگۆیی و ڕه‌های خودی بارزانی له‌به‌رامبه‌ر بوونی هه‌ر هێز و هه‌ر پاڵنه‌رێكی هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تی. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بینیمان به‌كردار له‌دوای بوونی ئیراده‌یه‌كی پڕ له‌ باوه‌ڕی سه‌ركردایه‌تی پارتی و ڕێبه‌ری حه‌كیم.
‎كه‌واته‌ بۆ پارتی هه‌ناسه‌ی ده‌وڵه‌تداری له‌ سینه‌یدا گوزه‌ر نه‌كات و حوكمڕانییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌بێت و پێداگربێ له‌وه‌ی خۆی به‌خاوه‌نی هه‌موو پێشهاته‌كان بزانێت؟ بۆ نابێ یه‌كلاكه‌ره‌و‌ی هه‌ڵوێست و ویست خاوه‌نه‌كه‌ی پارتی نه‌بێت! واقعێك هه‌یه‌ پێمان ده‌ڵێت هه‌یكه‌لی پارتی له‌سه‌ر پرنسیپی نیشتیمانی و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین داڕێژراوه‌ نه‌ڕه‌شه‌با و نه‌ زریان چۆكی دانه‌دا به‌ ڕێبازی بارزانی، ئه‌وه‌ی پارتی زیاتر له‌ لوتكه‌ ده‌بینێت ئه‌وه‌یه‌ بڕوایه‌كی دێرین و نه‌گۆڕ هه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی مێژوو كه‌ پارتی له‌هه‌ر بارودۆخێك بووه‌ خه‌ونی گه‌وره‌ی میلله‌تی كوردی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ به‌ڵكو هه‌میشه‌ و هه‌میشه‌ قوربانی به‌رده‌وامی داوه‌ بۆ هه‌موو به‌ ئامانج گه‌یشتنێك به‌ڵام هه‌ندێكجار هه‌ڵوێستی نه‌خوازراو خۆی فه‌رزكردۆته ‌سه‌ر پێشهاته‌كان و ئه‌مه‌ش بۆ پارتی ڕێگا داخستن نه‌بووه‌ به‌ڵكو پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش ڕێگای تر و چاره‌سه‌ری هه‌بووه‌ و ده‌سته‌ وه‌ستان نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ پارتی هیچ له‌ڕێگاكان قابیلی گرتن و داخستن نه‌بووه‌ هه‌میشه‌ به‌هۆی هێمنی و ژیرانه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی و بوونی یه‌ك ده‌نگ و هه‌ڵوێستی پارتی وایكردووه‌ له‌جاران باشتر و زیاتر به‌ده‌ست بێت كه‌واته‌ بۆ پارتی به‌هه‌ناسه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ جموجۆڵ نه‌كات له‌ خۆ به‌خاوه‌ن زانین بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ئه‌نجام له‌ پشتی ئامانجەکان !
‎حه‌قیقه‌تێكی نه‌گۆڕ هه‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كه‌ مێژوو سه‌لماندویه‌تی و پارتی جیاده‌كاته‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی تر ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پارتی هه‌موو كات و سه‌رده‌مێك كلیلی چاره‌سه‌ر بووه‌ هه‌م له‌ نێو خۆ له‌گه‌ڵ پرسه‌ ناوخۆیی و چاره‌نوسسازه‌كانی كورد، هه‌م باڵی ئاشتی و سازان بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌ دروستكردنی به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراوه‌كانی عێراقیش له‌ دوای نه‌مانی ڕژێمی به‌عس تا ئێستاش به‌بێ پارتی کارە گەورەکان جێبەجێ نەکراوە، به‌ڵام ئیتر واقعه‌كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك خه‌ون و ویستی پارتی پڕاو پڕ نه‌هاتۆته‌ دی به‌هۆی ئه‌و گۆڕانه‌ له‌ناكاوانه‌ی ڕوویانداوه‌ له‌هه‌ڵوێستی كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌كانی پێكهینانی پایه‌كانی حكوومه‌ت. به‌ڵام پارتی هه‌ر به‌ نه‌فه‌سی گه‌یشتن به‌ لوتکە و به‌ده‌ستخستنی هیوا به‌رده‌وام بوه‌و ده‌بێت.