نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 10
تاهیره‌ی ئازیزم

به‌ تامه‌زرۆییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌سته‌كانت ماچ ده‌كه‌م. ئه‌حواڵت چۆنه‌؟ ئایا هه‌ست به‌ هیواو خۆشحاڵی ده‌كه‌ی؟ ئه‌و نامه‌یه‌ت له‌ سه‌ربازگه‌ بۆ ده‌نووسم (دیسان سه‌ربازگه‌). هه‌موو شه‌وێك و هه‌موو سه‌عاتێك له‌بیرو خه‌یاڵی تۆدام. خه‌ونه‌كانم پڕن له‌ بوونی تۆ، ده‌نا به‌تاڵن. خه‌م و ئازاری زۆر مه‌وداكانی پڕكردوونه‌وه‌. خه‌م و ئازارێكی راسته‌قینه‌.
له‌ ماوه‌ی هه‌ر سه‌عاتێك ده‌ خوله‌ك پشووه‌، ئه‌و كاتانه‌ به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی تۆ پڕده‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌وساتانه‌ی پێكه‌وه‌بووین، داده‌نیشتین، قسه‌مان ده‌كرد، خه‌م و نیگه‌رانییه‌كانمان به‌یه‌كتر ده‌گوت، به‌ چ ئومێدو ترسێكه‌وه‌، خودایه‌ هه‌ركاتێك دێنه‌وه‌بیرم وه‌ك شێتان، باوه‌ڕبكه‌ وه‌ك شێتانم لێدێ. بوونی من په‌یوه‌سته‌ به‌ خۆشه‌ویستی تۆوه‌. خۆشه‌ویستییه‌ك ره‌نگه‌ به‌ ئالووده‌بوون له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. ده‌زانم نامه‌كانمت پێده‌گه‌ن، به‌ڵام تۆ چۆن ده‌توانی باوه‌ڕبه‌خۆت بێنی كه‌ گوێم پێنه‌ده‌ی؟ تكات لێده‌كه‌م، داماوانه‌ تكات لێده‌كه‌م نامه‌م بۆ بنووسه‌. ئه‌و وێنانه‌ی داوام لێكردبووی هه‌رچی زوویه‌ به‌ پۆست بۆم بنێره‌ به‌ ناونیشانی فه‌رمانده‌یی سه‌ڵته‌نه‌ت ئاوا، گرووهانی سێیه‌می پزیشكی به‌ ناوی خۆمه‌وه‌ بینێره‌.
نامه‌م بۆ بنووسه‌. نامه‌یه‌كی تۆ ده‌توانێ ئومێده‌ارو دڵخۆشم بكات و، ئه‌و رۆژه‌ سه‌خت و نه‌فره‌تیانه‌م له‌سه‌ر سووك بكات.
له‌یادم مه‌كه‌. لێره‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كات. غه‌ریبی و ته‌نیایی من چه‌ند بارته‌قای خه‌ڵكانی تره‌.
ماچت ده‌كه‌م، به‌ هیوای رۆژانی داهاتوو.

غ- س
10/11/1340 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.