پایتەختی شكۆمەندی و‎عەقڵی لۆكاڵی


‎هاودەنگ فارووق
‎ئێستا هەولێر پایتەختی شكۆمەندیی كوردستان و هەموو
‎نەتەوەی كوردە، عەقڵە بچووكەكەی ئێوە نییە..
‎كاتێ شارێك دەبێتە پایتەخت، ڕۆحی سیاسی و ستراتیژی و ئەدگارەكانی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی بەرهەم دێنێت. تۆ كە ناتوانی پایتەختێك ببینیت، بەبێ بوونی ئەدگارەكانی دەوڵەت، بەتایبەتی لەڕووی پەیوەندییە گشتییەكان و ئەتەكێت و پرۆتۆكۆڵ و دیپلۆماسییەتەوە، دەبێ پایتەخت هەڵگری مۆركی خۆی بێت. نەك هی ئاستنزمی بیركردنەوەی تۆ!

‎هەموو شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئەتەكێت و پرۆتۆل، هاوڕان لەسەر ئەوەی هیچ پرۆسەیەكی دیپلۆماسی بەبێ پرۆتۆكۆل تێناپەڕێت، هەر پایتەختێكیش ڕێوڕەسم و پرۆتۆكۆلی تایبەت بەخۆی هەیە، مەرجیش نییە پرۆتۆكۆلی پایتەختێك لە پایتەختێكی دیكە بچێت.
‎گرنگی پرۆتۆكۆل زۆر لەوە زیاترو فراوانترە كە بمانەوێت لە وتارێكی كورتتدا باسی بكەین، ئەم سێكتەرە، زانستە، تەكنیكە، هونەرەو سیاسەتە.
‎ئاخر پرۆتۆكۆل وادەكات لایەنەكان متمانە و لێكتێگەیشتنی باش بەرهەم بێنن و پەیوەندییەكانیان بەشێوازێكی شایستە و پیشەیی بەڕێوەبەرن. بۆیە لەم سەردەمەدا، پرۆتۆكۆل هەم هونەرە، هەمیش سەلیقەو زانستە، پێویستە مرۆڤ پسپۆڕی تێیدا هەبێت، ئەوجا قسەی لەبارەوە بكات.
‎هەولێر كە لەم قۆناغەدا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە پایتەختێكی گرنگی بڕیاری سیاسی ، شاندەكان شانبەشانی بەغدا و بگرە زیاتریش حسابی بۆ دەكەن، لەسەرەتای دروستكردنی سیستەمی پرۆتۆكۆلی خۆیدایە و، لەم میانەیەشدا بڕگەیەك بووەتە نەریت كە ڕازاندنەوەی قەڵای هەولێرە بە ئاڵای هەر وڵاتێك كە سەرۆكەكەی سەردانی هەولێر بكات. چونكە قەڵای هەولێر، سیمبولی ئەساڵەت و مێژووی كورد و هەولێرە، ئەوەمان لەسەردانی پاپای ڤاتیكان و سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆكی توركیاشدا بینی.
‎نموونەی ئەم كارە لە بورجی میلادی تاران و، تاوەری خەلیفە لەدوبەی و تاوەری ئیڤڵیشدا دەبینرێت و، ئەوانیش بوونەتە بەشێك لە پنتەكانی موجامەلات لە سیستەمی پرۆتۆكۆلی دیبلۆماسیی وڵاتانەدا.
‎لەم ڕوانگەیەوە هەرێمی كوردستان دەیەوێت دەوڵەتسازی بكات، نەك مومارەسەی عەقڵی خێڵ و لۆكاڵی ، دەوڵەتسازی پێویستی بە ڕەچاوكردنی ستانداردە جیهانییەكانە لەهەموو بوارەكاندا، نەك بیركردنەوەو بڕیاردان بە گوێرەی نەریتی عەقڵی لۆكاڵی و سیاسەتی حیزبی بچووك و ناوچەیی. بەڵكو هەرێمی كوردستان پێویستە بیسەلمێنێت كە نەتەوەی كوردیش شایستەگی و ئامادەگی لیاقەتی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەت و وەكو دەتوانێت دەوڵەتیانە خۆی نمایش بكات.
‎ڕەنگە ئەم گۆڕانكارییە جەوهەرییە بۆ هەندێك حیزبی لۆكاڵی و كەسایەتیی ناوچەیی بەئاسانی هەزم نەكرێت و لێی تێنەگەن، بەڵام دواجار سیاسەتكردن یەكسانە بە ئەنجامی بەرزوبەرهەمدار، چەسپاندنی ئەو سیما دەوڵەتییانە، ئەركی پلەیەكی حكوومەتی كوردستانە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی بوار و سێكتەرەكانی ژیانی دەوڵەتانی هاوچەرخ، چاوەروانی ئەوە لەكورد دەكات كە مەدەنیەت و لێهاتوویی شایستەیی خۆی بسەلمێنێت كە دەتوانێت وەكو مرۆڤی شارستانی هاوچەرخ سیاسەت و دەوڵەتداریی و ئیدارەی خۆی بكات، بۆیە نابێ گوێ بدەینە هەر دەنگێكی ناوچەیی و خێڵگەرایی،كە بیانەوێت بە میتۆدی پۆپۆلیستی ئاستەنگ بۆ ئەو هەنگاوە مەزنانە دروست بكەن كە كورد دەخەنە سەر نەخشەی دەوڵەتانی دنیا.