شێرکۆ حەبیب
سەرەتا پیرۆزبایی لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکەم بە بۆنەی ١٢٦ ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە لە لایەن خانەوادەی بەڕێزی بەدرخانیەکان. ڕاستی ساتێک ئاماژە بە دەرچوونی ئەو ڕۆژنامە دەکەین دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی قاهیرە بکەین کە پێشوازی لەو بنەماڵە کوردپەروەرە کرد لە قاهیرە و ڕێگای پێدان ڕۆژنامەیەک بە زوبانی کوردی دەربچێت.
لە ماوەی ئەو تەمەنەی تا ئەمڕۆ ئەو مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە و دژایەتی کراوە لەلایەن ئەو دەسەڵات و ڕژێمانەی کوردستانیان داگیر کردوە، لەگەڵ ئەوەش لەسەردەمانێک دوای کوردستانی دایک کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار چ بە نهێنی و چ بەئاشکرا دەرچووە، ڕۆژنامەی دیکە لە تاراوگە و ناوخۆ دەرچوو بەڵام کوردستان پێشەنگ بوو کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو لەسەر ئاستی جیهانی ئەو کات ناسرا، دواتر لە سەدەی ڕابردوو دەیان ڕۆژنامەی کوردی دەرچووە، تەنانەت لە ماوەی شۆڕشی چەکداری شاخ کۆمەڵێک ڕۆژنامە لە شاخ دەردەچوون کە کاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر هاووڵاتی کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و پشتگیری شۆڕش، لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەت کۆمەڵێک ڕۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاند دامەزران، بەڵام دەتوانین بڵێین هەندێکیان زیانیان لە سودیان زیاتر بووە، لەگەڵ ئەوەی لە کوردستان کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی بە ئەمەک و شارەزا و لێهاتوو و ئەکادیمی بەتوانا بوونیان هەیە، کە ڕووی ڕۆژنامەگەری کوردیان بەرەو ئاقارێکی سەرکەوتوو بردووە کە ئەمەش جێگای دڵخۆشیە، لەلایەکی دیکەوە دەبێ بە ڕاشکاوی ئەوە بڵێین هەندێک بەناو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار تێکڵاوی پێشەکە بوون بێ ئەوەی فڕیان بەسەر پیشەکەوە یا سوودێکیان بۆ بزاڤی ڕزگاری خواز و میللەتی کورد هەبێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەندێکیان بوونە بە زوڕنا ژەنی نەیارانی کورد، و دژایەتی ئەزموونی دیموکراسی کوردستان دەکەن، زۆر ئاساییە لەگەڵ حکوومەت هاوڕا نەبی و تەنانەت دژی حکوومەت بی، بەڵام دەبێ باشترت پێ بێ بۆ ئەوەی دژایەتی حکوومەت بکەی، لە هیچ وڵاتێکی دونیا نییە ڕۆژنامەنووس یا ڕاگەیاندنکار دژایەتی وڵات و میللەتەکەی خۆی بکات، بەڵێ ڕەخنەگرتن لە حکوومەت ئاساییە بەو مەرجەی ڕەخنە لە بەرژەوەندی میللەت بێ بۆ پێشکەوتنی کارەکان بێ، ئێمە ناڵێین حکوومەتی کوردستان کەموکوڕی نییە گەندەڵێ نییە بەڵێ هەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە حکوومەت هیچ کارێکی نەکردووە، من نامەوێت لێرە بەشان و باڵی حکوومەت دا بڵێم، بەڵام کەسێک بە ویژدان بنواڕێتە کوردستان ئەو ئارامی و سەقامگیری و هێوری و کاری خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە کوردستان بەدی دەکرێت لە چ وڵاتێکی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت؟ کوردستان بۆتە ئارامگا و پەناگای زۆر لە هاووڵاتیانی دیکەی عێراق. ئەگەر بابەتی مووچە هۆکاری ڕەخنە بێ، بەڵێ حکوومەت دەبێ مووچە دابین بکات، بەڵام دەبێ بپرسین داهاتی مووچەی فەرمانبەران سەرچاوەکەی لە لای کێیە؟ ئایا ئەوانەی بەناو ڕۆژنامەنووسن ئەو پرسیارەیان نەکردووە کە وەڵامەی بێگومان دەسەڵاتی بەغدا بەرپرسیارە لەدابینکردنی بەشە بوودجەی هەرێم.
لەم یادە پێویستە لایەنی پەیوەندار بەرپرسیان لە نەهێشتی ئەو دیارەدەی زۆری و بۆری ڕۆژنامەنووسان هەوڵبدەن ئەو دیاردە بە کۆتا بهێنن، ئەمەش ئەرکی سەرەکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە پێویست وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی میسری بۆ نموونە ڕەفتار بکەن کە هیچ کەس بۆی نییە کاری ڕۆژنامەگەری بکات ئەگەر ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نەبێت و کاتێک سەندیکا ناسنامەی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژنامەنووسێک دەسێنتەوە بەهۆی هەر سەرپێچیەک تا ژیانی ماوە ناتوانێ کاری ڕۆژنامەنووسی بکات، لە حاڵەتی کوردستان هەندێ ڕۆژنامەنووس یا هەندێ لەو دەزگایەی کاری بۆ دەکەن باوەڕیان بەسەندیکا نیە، بۆیە گرنگە ڕێگری لەو بەناو ڕۆژنامەنووسانە بکەن، کە ئەندامی سەندیکا نین، بۆ ئەوەی سەندیکا بتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە بکات کە پێشیلکردنی یاسا دەکەن.
هەروەها پێویستە بەرپرسان لێداون و دیمانە لەگەڵ ئەو کەسانە نەکەن کە ناسنامەی سەندیکایان نییە، هەروەها ئەو بوارە بە دیبلۆماتکارەکانی بیانی نەدرێت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوە بکەن لە هیچ وڵاتێکی دونیا کونسول یا باڵوێز رێگا بەخۆی نادات لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کۆببێتەوە تەنیا بۆ دیمانە و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی نەبێت، لە کوردستان بەداخەوە هەندێ لەوانەی بەناو ڕۆژنامەنووسن هاوکاری داراییش وەردەگرن بۆ تێکدانی ئەزموونی هەرێم و شیرازەی پێکەوە ژیان.