سلێمانی باوەشی بۆ 64 خانمە شێوەكاری عێراق كردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لەشاری سلێمانی پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ 64 خانمی شێوەكاری عێراقی كرایەوە كە چەند شێوەكارێكیشیان كوردن و بڕیاریشە پێشانگاكە چەند رۆژێك بخایەنێت.

رۆژی دووشەممە 15ی4ی2024، لە هۆڵی ئەمنەسوورەكەی شاری سلێمانی، پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ 64 خانمە شێوەكار كرایەوە كە 130 تابلۆیان تێدا نمایشكردووە، بەختیار هەڵەبجەبی، شێوەكاری ناسراو و سەرپەرشتیاری پێشانگاكە وردەكاری پێشانگەكە بۆ (هەولێر) باس دەكات.
هەولێر: چۆن بوو ئەمجارە ئەم پێشانگایە بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە خانمان لەسلێمانی بەڕێوەچوو؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ئەم پێشانگایە لەسەر ئاستی عێراقە و ئەم خانمانەش گروپێكیان هەیە و گروپەكە بانگهێشت كراون، پێشتر لەمانگی دووی ئەمساڵ ئەم پێشانگایە لەشاری هەولێر كرایەوە، بۆیە ئێمەش پێمان باشبوو بانگهێشتیان بكەین بۆ شاری سلێمانی بۆ نمایشیی تابلۆكانیان.
هەولێر: تابلۆكانیان زیاتر باسی چی دەكەن؟
بەختیار هەڵەبجەیی: تابلۆكان هەمەجۆرن، بەڵام زۆربەی باسی ژنە، جگە لەوەش سروشت و بابەتی دیكە، خۆیشیان لە هەڵبژاردنی كێشانی تابلۆكەدا ئازاد بوون.
هەولێر: تێكەڵكردنی شێوەكاران لەناوچە جیاوازەكان تا چەندێك گرنگە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: بێگومان لە دنیای هونەردا تێكەڵكردنی كاری هونەری لەنێوان هونەرمەندانی ناوچە جیاوازەكان زۆر گرنگە، بەتایبەتیش لەبواری شێوەكاری كە دەتوانن زانیاری ئاڵوگۆڕ بكەن و شارەزای ئەزموونی یەكدی دەبن.
هەولێر: خۆت تا چەندێك لە كارەكان رازیت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: هیچ كارێك بێ كەموكوڕی نابێت، بەڵام بەگشتی تابلۆكان لە ئاستێكی بەرزدان.
هەولێر: شاری سلێمانی بەردەوام پێشانگای شێوەكاری لەخۆدەگرێت، بۆچی سلێمانی بەم شێوەیەیە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: شاری سلێمانی لەهەموو رووەكانەوە بەردەوام زیندووە، بۆیە ئاساییە بەردەوام كاری هونەری تێدا بێت.
هەولێر: ئەوەندەی تێببینی دەكرێت، بەگشتی بینەری شانۆكاری كەمە، هۆكاری چییە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: مەسەلەی هونەر پەیوەندی بەوەیە لە منداڵییەوە خەڵك چۆن لەسەری رادەهێنرێت، بەداخەوە لەكوردستان هونەر وەك پێویست لە منداڵی و لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە گرنگی پێنادرێت، جگە لەوەش ئەمڕۆ سۆشیال میدیا هەموو شتێكی ئاسان كردووە و رەنگە كەسێك پێویستی بەوە نەبێت رێگەیەكی دوور ببرێت بۆ بینینی تابلۆ.
هەولێر: هونەرمەندان ماندوو دەبن بۆ كێشانی تابلۆیەك، بەڵام داهاتیان وەك پێویست نییە، بۆچی؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ئەوەش پەیوەندی بە كلتوری گەورەبوونی منداڵییەوە هەیە، ئەگەر منداڵێك لەسەر خۆشەویستی هونەر راهێنا، ئەوا لە گەورەبوونیشدا حەزی لێ دەبێت تابلۆیەك بكڕێت.

ھەواڵی زیاتر