بایدن ئەندامی كام لقی پارتییە؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

باسەكە لەسەر ئەوە نیە كە پێش سەردانەكەی سودانی بۆ واشنتۆن، سەرۆكوەزیرانی كوردستان سەردانی كردو، ئەجێندای كوردی لەو سەدانەی سودانیدا چەسپاند. ئەوەی ئێستا دەمەوێت باسی لێ بكەم، ئەگەرچی دڵنیام لەوەی هەندێك پێیان وایە ئەم لێكدانەوەیە لایەنگریكردنی لایەنێكی دیاریكراوە، بەڵام ئیجحافێكی گەورەیە ئەگەر لەبەر ڕەخنەیەكی لەوجۆرە، خۆمان لە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر بدزینەوە، ئەویش ئەوەیە بایدن و ئیدارەی ئەمریكاش، بوونە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی پارتی.
هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە ڕەنگە دوای خوێندنەوەی ئەم وتارە ڕەخنە و گلەیی ئاراستەی نوسەرەكەی و نوسینەكەش بكەن، باشتر وایە لەخۆیان بپرسن: پارتی چۆن توانیویەتی ئەو كارە بكات؟ نەك ئینكاری و ملەجەڕێ بكەن لەوەی كارەكە نەكراوە. چونكە ئاشكرایە هەزار ملەجەڕێ ناتوانێت ڕاستییەك بشارێتەوە.
ئەوەی ئاشكرایە بڵاوكراوەی كۆشكی سپی، یاخود ڕاگەیەنراوی هاوبەشی دوای كۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ سودانیدا، بڵاوكراوەیەكی چارەنوسسازی زۆر گرنگە. ئەم بڵاوكراوەیە دەتوانین بەكورتی بە گرێبەستی مانەوەی عێراق لەژێر هەژموونی بەردەوام و هەمیشەیی ئەمریكا ناوی بەرین. چونكە تەواوی ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای چەسپاندووە.
لەو بڵاوكراوەیەدا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و لە سێ جێگەدا باسی كوردستان كراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەهەرسێ جێگەكەدا تەبەنی خیتاب و سیاسەتی پارتی كراوە، چ لەبارەی مەسەلەی مووچە، یان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، یاخود لەبارەی توانای هێزە ئەمنییەكانی كوردستانەوە.
بەیانەكە ڕێك ئەڵێی لە لقێكی پارتی نوسراوەو، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ دیدگا و خیتابی پارتیدا نیە. ئەوەی گرنگە لەم ڕووەوە، ئەوەیە مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە. كە ئێستا بووەتە میحوەری ناكۆكی نێوان لایەنەكان. بەڵام ناكۆكیی لەسەر زەرورەت و گرنگی هەڵبژاردن نیە وەكو ڕواڵەتێكی ئاشكرای دیموكراسی. بەڵكو لەسەر میتۆد و میكانیزم و كاتی جێبەجێكردنیەتی.
لەماوەكانی ڕابردوودا، پارتی گوتویەتی: لەو كاتەدا و بەو میكانیزمە بەشداری هەڵبژاردن ناكەم. نەك بڵێت هەڵبژاردن گرنگ و پێویست نیە بۆ قووڵكردنەوەی دیموكراسیەت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەبەیاننامەكەی بایدنیشدا، بەهەمان شێوە دووپاتی ئەو گوتارەی پارتی كراوە، تەنانەت بە پۆینتیش جیاوازی نیە. بەجۆرێك مرۆڤ هەست دەكات، بایدنیش ئەندامی یەكێك لە لقەكانی پارتییە.
ئەگەر لەبەیاننامەكەی بایدن و سودانیدا، بگوترایە: پشتیوانی لەهەڵبژاردنێكی شەفاف و دیموكراسی دەكەین لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، ئەوا نیشانەی ئەوەبوو كە سیاسەت و هەڵوێستی پارتی بەرانبەر هەڵبژاردن لاوازە.
بەڵام بەیانەكە چونكە وەك مەبدەئو پڕنسیپ باسی گرنگی هەڵبژاردنی كردووەو، هیچ ئاماژەیەكی نەكردووە بەكاتی ئەنجامدانی، ئەوە نیشانەی ڕوون و ئاشكرایە لەسەر ئەوەی بەیانەكە بەدڵی پارتی نوسراوەو، ڕەنگە مرۆڤ ختورەی واش بەدڵیدابێت كە پارتی سیغەكەی داڕشتبێت.
لەسەرجەم دۆسییەكانی تریشدا، وەك دۆسیەی گازی سروشتی و، هەناردەكردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری عێراق توركیا و، پرسەكانی تریش، جەختكردنەوە لە هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك قەوارەیەك، تۆخكردنەوەی گوتاری پارتی بوو بە ئیمتیاز.
ئەگەرچی هەندێك ئەم قسەیان پێناخۆشە و بەلایەنگریكردنی تێدەگەن، بەڵام ئەگەر ئەرگۆمێنتی پێچەوانەیان هەیە، فەرمووی بڵاوی بكەنەوە، نەك خەڵكی عەوام و ئەندامی فەقیری خۆیان بخەڵەتێنن و ڕاستییەكان بشارنەوە.