حەمەسەعید حەسەن
شیعر بەدەم گۆرانەوە
وەک دیوی دەرەوە، شیعری نوێ، سوود لە بۆشایییەکانی لاپەڕە وەردەگرێت، ئاخر وشەکان بەسەر لاپەڕەکەدا دابەش دەکات، ئەوە نییە ئەم دێڕی وشەیەکە و ئەو دێڕی دیکەی چوار پێنج وشە؟ بەڵام پەخشانەشیعر کە دەستمان بە نووسینی کرد، ئیدی تا تەواو دەبێت، ناچینە سەری دێر، لە پەرەگرافێکی کورت یان درێژی هەر نووسینێکی تر دەچێت و بە درێژایی دەقەکە، شوێنێکی سپی لە لاپەڕەکەدا بەجێ ناهێڵین. ئەوەی دەڵێن پەخشانەشیعر زادەی دەربڕینی نوێ، چڕوپڕی، کورتبڕی، وشەی کڵپەدار و کۆتایییەکی چاوەڕێنەکراوە، هێندە جێی باوەڕ نییە، ئاخر خۆ دەشێت، هەموو دەقێکی جوانی دیکەیش، هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بێت.
دەشێت لە شیعری نوێدا هەم کێش هەبێت و هەم سەروا، بەڵام پەخشانەشیعر، تاقە ڕێسایەک ڕەچاوی بکات، ئەوەیە هیچ ڕێسایەک پێڕەو ناکات، ئەوە بۆیە هیچ پەخشانەشیعرێک لە یەکێکی دیکە ناچێت، نە لە فۆرمدا، نە لە شێوازدا، نە لە زماندا، نە لە ڕووی ڕۆنانەوە و نە وەک دونیابینی. پەخشانەشیعر کە ڕێسا و سنوورە دێرینەکانی شیعر فەرامۆش دەکات، ڕێسا و سنووری نوێ لەبەر چاو ناگرێت، ئاخر دەقێکە هەڵگری گومان، نەک پشت ئەستوور بە یەقین، دەقێکە بزۆز نەک جێگیر، دەقێکە لە گۆڕاندا، نەک دەقێکی پیرۆزی نەگۆڕ.
ئەگەر هەر (کێش) بکەین بە پێوانە و تەنیا لە پەنجەرەی کێشەوە سەرنجی شیعر بدەین، وەک ئەوە وایە لە بنی بیرێکی قووڵەوە سەرنجی ئاسمان بدەین کە ئەوسا هەر هێندەی دەمی بیرەکە ئاسمان دەبینین. جیاوازیی نێوان شیعر و پەخشانەشیعر لەوەدا خۆی نمایش ناکات، ئەمیان کۆت و پێوەند کراوە و ئەویان ئازادە، ئەمیان کێش و سەروای هەیە و ئەویان نا، ئاخر ئەگەر هەر لەو ڕوانگەیەوە سەرنجی دەق بدەین، توانای خوێندنەوەیمان نابێت، چونکە نە بایەخی شیعری کلاسیک بە کێش و سەرواوە بەندە، نە تێپەڕاندن لە شیعری دێرین، زادەی فەرامۆشکردنی کێش و سەروایە.
شیعر ڕۆنانی دونیایەکی تازەی سەربەخۆیە، دونیایەک پشتئەستوور بە زمانێک کە لە دەرەوەی شیعر هەبوونی نییە، زمانێک، ئازادە لەوەی بایەخ بە کێش دەدات، یان نا. پەخشانەشیعر ژانرێکی نوێیە، پەخشانەکەی نە لە پەخشانی ئاسایی دەچێت، نە لە پەخشانی ڕۆمان، کە ڕەوانبێژیی کۆن فەرامۆش دەکات، ڕەوانبێژییەکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. زمانی پەخشانەشیعر توانای بەرهەمهێنانی وێنەی تازە و ئەفراندنی مانای نوێی هەیە، وێنەی و مانای وا، لە ئاستیاندا سەرسام دەبین، ئاخر پەخشانەشیعر ئەوە نییە، نە شیعر بێت، نە پەخشان، ئەوەیە جوانییەکانی شیعر و پەخشانی لە خۆیدا چڕ کردبێتەوە.
نالی (١٨٠٠ – ١٨٥٦) کە وابەستەی کێشە، ئەو پێبەندبوونە بە کێشەوە، زیانی بە شیعری نەگەیاندووە، جوانتری کردووە، ئاخر کێش لای وی، لە قەفەز ناچێت، وەک ئاوازێکی دڵڕفێنی لێ هاتووە. شیعر وەک یەکەیەک سەرنجی دەدرێت، نەک وەکوو چەند بەشێکی سەربەخۆ، بۆیە ئەوەی بە تەنیا قسە لەبارەی کێشەوە بکەین، ستەم لە شیعر دەکەین، ئاخر نە کرۆکی شیعر، بریتییە لە کێشەکەی، نە بایەخی هیچ شاعیرێک، بە کێشی شیعرەکانییەوە بەندە و نە کێش ئەو ڕێگە ڕاست و دروستەیە، بەرەو دونیای شیعرمان ببات.
ئەوسایش کە نالی شیعری دەنووسی، گەلێک کۆلکەشاعیر لاساییی ئەو مەزنەشاعیرەیان دەکردەوە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدابوو نالی شیعری ڕاستەقینەی دەنووسی و ئەوان هی ساختە. وەک چۆن لە شیعری کلاسیکدا، بەئاسانی شیعری ساختە لە هی ڕاستەقینە جودا دەکرێتەوە، ئاخر شیعری ساختە، هەر کێش و سەروا شک دەبات و هیچی دیکە، هەر وایش لە پەخشانەشیعردا، خوێنەری لێزان، هەر زوو هی ساختە دەناسێتەوە، چونکە وەک چۆن شیعری دێرین بریتی نییە لە ڕەچاوکردنی کێش و سەروا، هەر وایش شیعری بە پەخشان، بریتی نییە لە فەرامۆشکردنی کێش و سەروا. نووسینی شیعری بە پەخشان دژوارترە لە نووسینی شیعری کێش و سەروادار، چونکە لە یەکەمیاندا شاعیر لە سفرەوە دەست پێ دەکات و هیچ نموونەیەک ڕەچاو ناکات، بەڵام لە دووەمیاندا شوێنپێی نەوەکانی پێشوو هەڵدەگرێت.
بۆ ئەوەی شیعری کوردی نوێ بکەینەوە، دەبێت وەک گۆران (١٩٠٤ – ١٩٦٢) شارەزای شیعری کۆنی کوردی بین. ئەدونیس کە شیعری عەرەبیی تازە کردەوە، ڕەنگە لە عەرەبدا کەسێک پەیدا نەبێت، هێندەی وی، شارەزای شیعری دێرینی عەرەبی بێت. هەڵوێستمان بەرانبەر بە کەلەپووری شیعری چییە؟ ئەوە یەکەمین پرسە بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، ئەگەر نیازی نوێکردنەوەمان هەبێت. ئاخۆ دەتوانین لاقێکمان لە کەلەپووردا بێت و ئەوی دیکەمان لە تازەگەریدا؟ ئەگەر هیچی وا لەبارەی تیۆریی شیعرەوە نەزانین و بە هۆشیارییەوە خەریکی نوێکردنەوە نەبین، ئەوسا لەبری ئەوەی چاوی شیعر بڕێژین، ڕەنگە نابینای بکەین، ئاخر شاعیری نوێکەرەوە، بەو مەبەستە سنووری وەڵاتی شیعری دێرین دەبەزێنێت، تا نیشتمانێکی جوانتر ببینێتەوە.