سەركۆنەكردنی دوای پاشگەزبوونەوە، ناڕەوایە!

                                                        عومەر چنگیانی

وەک پیرۆزباییەکی پڕ لە هیوا بۆ خۆم و ئەوکەسانەی کە لەماوەی مانگێکی ڕەبەقی ڕەمەزاندا فریشتە ئاسا بوون و تەوبەیانکرد هیوادارم نەگەڕێینەوە سەر لارو لەوێری پێشترمان و بەو بەڕێزانەیش دەڵێم کە کەسێکی بۆلای خوا گەڕاوە دەبینن و دەبینن تەوبەیان کردووە با خۆ لەسەرکۆنەکردنیان بپارێزین و بە ئەرکی دەزانم ئەم گوڵخەرمانە بخەمەوە بەر دیدی بەڕێزتان کە لە لاپەڕە “8”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2593 سێ شەممە 25 ی نیسانی 2017 بڵاو كراوەتەوە بۆم، گوتوومە: (دوایین گێڕانەوەی قسەی “لێ بێ بەشبووانی باخەكە”، ئەوەیە كە لە سی و دووهەمین ئایەتی سورەتی “قەلەم”دا باسیان دەكات كە گوتیان: “هیوا خوازین و وا چاوەڕوان دەكەین لە پەروەرینی خۆمان، كە دوای ئەم پاشگەزبوونەوەیەمان ئەوەی لێی ساندین بۆمان بگۆڕێتەوە بە لەو باشتر، چونكە بەڕاستی ئێمە حەزمان بە گەڕانەوە هەیە بۆلای خوای خۆمان”.
لەسەر وشەی”يبدلنا” لە ڕووی زمان و ڕەوانبێژییەوە، چەندین لێكدانەوەی پڕ لە وردەكاری جوان هەیە! داخۆ بەمانا ئەوەیە جۆری ژیانەكەمان بۆ بگۆڕێ بە باشتر و باخی باشتر و زەوی بە پیت و فەڕ زیاترمان پێ بدات.
یاخود هەر هەمان زەوی خۆمان بۆ بێنێتەوە بەرهەم بە شێوازێكی باشتر لە جاران.
دوای ئەوەی ئێمە بەخۆماندا هاتینەوە و پاشگەزبووینەوە لە تاوانەكەی كە كردمان كە بڕیاری بێ بەشكردنی هەژاران و ئەو ناپاكیی نیازەمان بوو، كە هەمان بوو.
یاخود تازە ئێمە ئێرەمان چوو، لە ڕۆژی دواییدا بۆمانی بگۆڕێت بە باشتر و چاكتر و پڕ لە فەڕ تر.
هەموو ئەمانە لەوەوە سەرهەڵدەدات داخۆ خوێندنەوەی وشەكە بە”یوبەدیلەنا” یان “یوبدیلەنا” دەخوێندرێتەوە؟
پاشان “ئیبدال”ـەكە “ئیستیبدال”ـە، بە مانا وەكو خۆی و لە شێوەی هەمان شت باخ بە باخ و كانی بە كانی و زەوی بە زەوی، یان هەرخودی ئەوەی پێی دەگوترێت گۆڕین، بۆمان بگۆڕێت!
چۆن جاری وا دەبێت كەسێك كە لە كارێكدا سەركەوتوو نابێت، كارەكەی دەگۆڕێت بۆ جۆرە كار و پیشەیەكی تر.
كەوابوو گەڕانەوە و، تەوبەیان كرد و، لە دەرەنجامی پاشگەزبوونەوە و، تەوبەكەیشیان، داخوازییان لە پەروەردگار هەبوو!
نازی پاشگەزبووە هەڵگرتن!
هەر خودی ئەمە گەورەیی میهرەبانی خوا دەگەیەنێت كە مرۆڤی گوناهكار پاش تەوبەكردنەكەی، نەك هەر كەسێكە نابێ بە ڕابردووی لەكادار بكرێت، بەڵكو جێگای ڕێزە و داواكانیشی لێ وەردەگیرێت.
لە یاسایشدا شتێك هەیە پێی دەگوترێت. گێڕانەوەی متمانە بۆ تاك”رد الاعتبار” كە زۆر بە داخەوە لەگەڵ ئەوەی كە شەریعەتی ئیسلام و یاسا چەند بایەخ بەوە دەدەن، داب و نەریتی كۆمەڵگا بە پێچەوانەوە، مرۆڤ تووشی هەڵدێر و بەردەوامی بوون لەسەر كاری خراپ دەكەن.
بە سەدان و هەزاران مرۆڤ لە نێو كۆمەڵگادا هەن، هەڵەنگوتن، یان لاڕێ گرتنێكی كات و ساتێكی دیاری كراویان، لەسەر دەكرێتە مێژوو و پەڵەی ڕەش بە ناوچاوانیانەوە و بگرە لە ناو و نەتۆرە لێناندا، كوردیش وەك گەلانی تری دواكەوتووی دراوسێ – نەخاسمە عارەب – لەم خوو و ڕەوشتە ناپەسەندەدا، دەستێكی باڵای هەیە و زۆر جار بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەكی دوور، دێن نەوەی ئێستا لەكەدار دەكەن!
ئەمە لەكاتێكدایە كە خوای گەورە لە سەد و بیست و سێ هەمین ئایەتی سورەتی”نیساء” دا دەفەرموێت:
“هەركەس تاوانێك بكات بە تاوانەكەی و لەسەر تاوانەكەی تۆڵەی لێ دەسێندرێت”.
ئیتر نافەرموێت لەسەر تاوانی ئەو، خەڵكانی تر تۆڵەیان لێ دەسێندرێت، سەڕەڕای ئەوەی كە دەرگای پاشگەزبوونەوە و تەوبەیشی واڵا كردووە لەبەردەمیان.
لەلایەكی تریشەوە لە یاسا پڕ لە سەروەرییەكانی ئیسلام ئەوەیە، كە “هیچ تاوانبارێك – با خانمێكی داوێن فرۆش، یان كەسێكی فرە تاوانچیش بێت – گوناهی كەسێكی تری نادرێتە پاڵ و لێپێچانەوەی لەگەڵ ناكرێ لەسەری” كە ئەم یاسا گەورە و گرانە جوانە لە چوار جێگای قورئاندا هاتووە، وەك ئایەتی:
1/ سەد و شەست و چواری سورەتی “ الأنعام “.
2/ و ئایەتی پازدەی سورەتی “ الاسراء”.
3/ و ئایەتی هەژدەی سورەتی “ فاطر”.
4/ و ئایەتی حەوتی سورەتی”ئەلزومەر.
كە وردەكاری زۆر جوان لە نێو هەر چوار ئایەتەكەیشدا ئەوەیە، ناڵێ كەس بە تاوانی كەسێكی تر لەكەدار ناكرێت! بە ڵكو دەفەرمێت: “هیچ تاوانبارێك – با خانمێكی داوێن فرۆش، یان كەسێكی فرە تاونچیش بێت – گوناهی كەسێكی تری نادرێتە پاڵ و لێپێچانەوەی لەگەڵ ناكرێ لەسەری”.
سەرنج بدەن. كەسێك هەیە زۆر تاوانبارە، لەبەر ئەو ڕابردووە خراپ و پەرێز ناپاكییە، گوناهی كەسێكی تری نادرێتە پاڵ!
ئەی چجای ئەوەی بڵێین كەسێك كە تاوانێكی كردووە و خانەوادەكەی باجی دەدەنەوە!
كە ئەمەیە زۆر جار دەگوترێ و درۆیەكی شاخ دارە كە لەو بەناو بانگەواز خواز – كە ئەگەر نەڵێم هەرنیمانن زۆر كەمن – دەیبیستین و دەڵێن گوایە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێ – گوتوویەتی: “كما تدين تدان ” .
واتە: “چۆن قەرز دەكەیت قەرزیشت لێدەكرێ، یان چۆن خەڵك لەكەدار بكەیت لەكەدار دەكرێیت”.

ھەواڵی زیاتر