چی ڕووده‌دات؟

‎هاودەنگ فارووق

لە ناوچەكەدا، یارییەكی نوێ هاتۆتە ئاراوە، سەرجەمی هاوكێشەكان و ئەترافەكان لەڕووی سەنگی ستراتیژی و پشك و بەرژەوەندی و ڕادەی بەشدارییان لەدروستكردنی ڕووداوەكاندا گۆڕاون. ئێستا خەریکە سەرەتای واقیعێكی تازە چەكەرە دەكات.
وادیارە جێگۆڕكێیەكی گەورە بەهەموو جەمسەرەكان دەكرێت. هێزە كاریگەرەكانی چەپ و ڕاست و باكوور و باشوور، سەنتەر و ئەتراف، هەموویان جێگۆڕكێیان كردووە. دەبێ لەو ڕووداوە جەوهەرییەدا زۆر بەقووڵی تێبگەین. ناكرێت وابزانین هاوكێشە سیاسییەكان ڕێژەی نەگۆڕن، بەڵكوو ئێستا خۆمان لەناوجەرگەی گۆڕانكارییەكی گەورەدا دەبینینەوە. پێگە و ڕۆڵەكان دەگۆڕێن.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، جیاوازترە لەوەی لەسەردەمی هێرشی داعش هەبوو. ئێستا ئەو میتۆدەی سەردەمی داعشیش بەدەرد ناخوات و، پێویستمان بە ستایلێكی تازە لە كۆنتاكت و بەرژەوەندی و خوێندنەوەی كایەكە هەیە.
پرسیاری سەرەكی بۆ ئەقڵی سیاسیمان ئەمەیە: چی بكەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و، ئۆقرەیی دارایی و سەقامگیریی سیاسی بۆ بگێڕینەوە؟ چۆن وا بكەین هەرێمی كوردستان نەبێتە تەرەف لە ململانێ گەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بتوانین كۆی پێشبینییەكانی كایەكە بخوێنینەوە. بەڵام سەرەداوی گرنگ هەن، كە دەكرێت لێیانەوە بگەینە جۆرێك لە گەشبینی بەوەی لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان بەرەو هەستانەوە دەچێت و بایەخی زیاتر دەبێت لەقۆناغەكانی دی .
سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و پێشتریش سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ ئەمریكا و پێشوازی لێكردنی لەبەرزترین ئاستدا، هەروەها ڕازیبوونی عێراق بە كەمكردنەوەی گوشارە داراییەكان لەسەر كوردستان، كۆتاییهێنان بەمەرجە تەعجیزییەكانی عێراق لەسەر كوردستان، لەلایەكی دیكەیشەوە، بینیمان ئێران لەوەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەمجارە هەولێر و كوردستانی نەكردە ئامانج.
سەرجەم ئەوانە پەیامی گرنگن بۆ ئەوەی سەردەمێكی تازە دەستپێكردووە كە تیایدا كوردستان بایەخێكی زۆر گەورەی هەیە و، پێویستە كوردستان بەرەو گەشەی زیاتر بچێت.
كورد چۆن لەم قۆناغەدا دەجوڵێتەوە؟ چۆن لایەنەكان یەكڕیزی دروست دەكەن؟ چۆن وادەكەن قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت؟ ئەمانە پرسیارەكانی بەردەم كوردن و، پێویستە بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی كورد وەڵامیان بدرێتەوە، نەك بەبەرچاوتەنگی و بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندی تەسكی حزبی.