خەڵاتی دانا رەوف بەخشرایە دوو نووسەری دەقی شانۆیی

عەبدولقەهار هەولێری

ئەمساڵیش خەڵاتی شانۆکاری کورد دانا رەوف بۆ دەقی شانۆی کوردی، بەخشرایە هەردوو نووسەری دەقی شانۆیی (ئەژین فەهمی، دانیشتووی قەزای سۆران، کوروش زارع رەمشتی) نووسەری رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەچەند رۆژی رابردوودا لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، خەڵاتی ساڵانەی شانۆکاری ناسراو دانا رەوف بۆ دەقی شانۆی کوردی بەخشرایە ئەو دوو نووسەرەی کورد کە لە بواری شانۆدا دەقیان نووسیوە، ئەوانیش (زیاتر لە ژیانێک، ئەژین فەهمی، ئێمە تەنیا یاریمان دەکرد، کوروش زارع).
دانا رەوف ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و لە بواری شانۆدا رۆڵی بەرچاوی بینیوە و لە وتەیەکدا رایگەیاند، بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی دەقی شانۆی کوردی، ساڵانە ئەو خەڵاتە دەبەخشێت و وتی “ئەرکی دابینکردنی خەڵاتەکە لە ئەستۆی خۆمە، ئەوەش بەهۆی ئەو مووچەیەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری سوید و یەکێتی نووسەرانی سوید بۆم دابینکراوە، نیوەی ئەو مووچەیە بۆ ئەم خەڵاتە دابین دەکەم”.
کوروش زارع رومشتی بە هەولێری راگەیاند، ئەم خەڵاتە هیوابەخشە و تەنها خەڵاتی شانۆنامەیە لە کوردستان دەبەخشرێت، لە دوو قۆناغی خوێندندا ئەدەبی شانۆیی خوێندووە، بەڵام بەداخەوە کورد لەم بوارەدا زۆر لاوازین، هەرچەندە کورد نووسەری باشی ئەدەبی هەیە، بەڵام کەمن، بۆیە دەبێت هەوڵی زۆرتر بدەن.
هەروەها ئەژین فەهمی نووسەر بۆ هەولێر رایگەیاند “خەڵاتەکە زۆر گرنگە لەبەرئەوەی من چەندێک ماندوو بم، بەڵام ئەگەر بەرهەمەکەم بناسرێت ئەوە بۆ ئێمەش گرنگترە، شانۆ قورسترین ژانەرە، بەڵام بۆ من خۆشەویستە، لە کۆنەوە ئەداکانیان بەبێ نووسین دەردەبڕی، بەڵام لەنووسینی دەقی شانۆیی، کاتێک بەردەوام بوویت، دەبێت لێی دانەبڕێیت”.
ئەژین وتی “لە دەقی شانۆییەکەمدا ویستومە بڵێم ژیان چەند پێویستە، مردنیش ئەوەندە پێویستە کە خۆت بتەوێت”.

ھەواڵی زیاتر