كاریگه‌ری نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌سه‌ر ژیانی ئافره‌تان

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

گۆرانکارییەکانی کۆمەڵگە کاتێک ڕوودەده‌ن کە ئافرەتان بەشداربوویەکی کارابن و ڕۆڵی سەرەکی ببینن لەو گۆڕانکارییانە. ڕێژەی بەشداری ئافرەتان لەو گۆرانكارییانه‌، له‌کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە ئەگۆردرێت کەپشت بەتوانا ولێھاتوویی ئافرەتان ده‌به‌ستێت، لەو کۆمەڵگانەی کەنۆرمەکانی کۆمەڵایەتی یان دیدگای جیاواز بۆ ره‌گه‌زه‌كان هه‌یه‌ له‌و شوێنانه‌ ناتوانرێت یه‌كسانی ره‌گه‌زی بپارێزرێت، له‌و روانگه‌وه‌ له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ ئافره‌تان رووبه‌رووی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پێویستی به‌ خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا ئافره‌تان له‌مافه‌كانی خۆیان ئاشنا بكرێن و دواتر هه‌نگاوی ئه‌وه‌ بنێن كه‌ ئه‌وانیش وه‌ك پیاوان له‌ته‌واوی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كاندا مافیان هه‌یه‌.
ئه‌م گۆرانكارییه‌ پێویسته‌ ئافره‌تانی هه‌موو كایه‌ جیاوازه‌كان به‌شداری تێدا بكه‌ن، ئافره‌تانی ماڵه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌ ده‌بینن له‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و به‌رێوه‌بردنی كاره‌كانی خێزان، له‌رووی تیۆرییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌هه‌ندترین كارو ئه‌رك سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانن ببنه‌ خاوه‌ن داهاتێكی سه‌ربه‌خۆی ئابووری ئه‌و كات باشتر ده‌توانن پێداویستیه‌كانی خۆی و خێزانی دابین بكات، هه‌روه‌ها ئافره‌تانی بواری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروست و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان ده‌توانن له‌ستراتیژییه‌تی گۆرانكاری كۆمه‌ڵگه‌ به‌شداربن و هزری چاكسازی لای تاكی كۆمه‌ڵگه‌ بنیاد بنێن، به‌جۆرێك كه‌ له‌پێناو خزمه‌تی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ بێت.
له‌هه‌رێمی كوردستان ئافره‌تان به‌رده‌وام رۆڵی كاریگه‌رییان له‌پێشخستنی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بووه‌، به‌شێوازێك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و بارودۆخه‌ جیاوازه‌كان خۆیان گونجاندووه‌، نه‌یانهێشتووه‌ كاره‌كته‌رێكی بێ به‌رهه‌م بن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆركات ئه‌ركی سه‌ختی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر شانی ئافره‌تان بووه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ به‌وپه‌ری به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ كاره‌كانیان به‌ره‌وپێشبه‌رن. ئه‌م به‌شداریكردنه‌ له‌گۆرانكارییه‌كان پێویستی به‌خه‌بات و قوربانیدان هه‌بووه‌، له‌و رووه‌وه‌ له‌مێژه‌ ئافره‌تانی كورد كۆشش ده‌كه‌ن بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی شارستانی كه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی جیهان یه‌ك بگرێته‌وه‌. هاوكات نه‌یانهێشتووه‌ له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی ئافره‌تانی جیهان داببرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ خاوه‌ن چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی پڕبایه‌خن كه‌ ئافره‌تانی ناوچه‌كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وان خاوه‌ن ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام ئافره‌تانی كوردستان خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نین به‌ڵام خاوه‌ن ئیراده‌ و دنیابینیه‌كی به‌رزن كه‌بۆته‌ فاكته‌ری هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ی كاری بۆده‌كه‌ن.
پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و دوورمه‌ودابینی ئافره‌تانی كورد وایكردووه‌ هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌رووی كلتور و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌وپێش بچێت، به‌جۆرێك پارێزگاری له‌و سیمبولانه‌ش بكه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ مۆركی خه‌ڵكی كوردستان، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئافره‌تی كورد هه‌وڵ ده‌دات گۆرانكاریی كۆمه‌ڵگه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌دا بروات كه‌ پێگه‌ و وێنای ئافره‌ت له‌ئاستێكی به‌رزدا بمێنێته‌وه‌.
كارێكی ئاسان نیه‌ ئاینده‌ی جیهان و کۆمەڵگه‌كان بەبێ ئافره‌ت خەیاڵ بکرێت، بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی سەرەکی ئافره‌تان لە کۆمەڵگه‌دا سەقامگیری و پێشکەوتن و گەشەسەندنی درێژخایەنی گەلانی مسۆگەر کردووە، بۆیە هەموو کۆمەڵگه‌یەکی سەرکەوتوو لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی ئازادی و مافەکانی ئافره‌تان دامەزراوە.
هه‌رچه‌ند هێشتا هەڵاواردن لە دژی ئافره‌تان بوونی هەیە، به‌ڵام بۆ ئایندەیەکی باشتر پێویستە تا دەتوانرێت جیاکاری لە دژی ئافره‌تان نەهێڵرێت. پەرەپێدانی میکانیزمی یەکسانی ره‌گه‌زی زۆر گرنگە و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە باشترکردنی گوزەرانی کۆمەڵایەتی هەر خێزانێک و نەهێشتنی هەژاری و زیادکردنی په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كانی ئافره‌تان. به‌و مانایه‌ی یەکسانی ره‌گه‌زی كه‌ مافێکی سەرەتایی مرۆڤە، دەستەبەركردنی دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان توانای ئافره‌تان بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگه‌ بەکاربهێنرێت. لابردنی ئەو بەربەستانەی ئافره‌تان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بازرگانی یان ئەکادیمیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی گەشەپێدانی گشتگیر له‌جیهانی ئه‌مرۆدا، كه‌واته‌ جێبەجێکردنی یاسا کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ ئافره‌تان و وەبەرهێنان لە بیرۆکەکانی کارگێڕی ئافره‌تان ڕۆڵێکی گرنگیان له‌سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ و واده‌كات ئافره‌تان به‌هێزێكی زۆره‌وه‌ داكۆكی له‌مافی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فاكته‌ری پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ و جیهان.

سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان