‎دەوڵەت و مافەکانی منداڵ

پەیرەو ئەنوەر

‎لەدوای جەنگی دووەمی جیهان، یاسای نێودەوڵەتی International Law لەناویشیدا یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە بەئامانجی بەناوەندکردنی زیاتری مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی لەکاتی جەنگ و ململانێ و تەنانەت ئاشتیشدا. دیارە یاسای نێودەوڵەتی لەڕووی تیۆرییەوە هەوڵدەدات جۆرێک لە سەقامگیری و ئارامی بێنێتەکایەوە بەتایبەت لەڕێگەی رێککەوتننامەکان، پەیماننامە و جاڕنامەکان.
٣٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین رێککەوتننامە کە دەیەوێت توێژێکی هەرە گرنگ و بنەڕەتی لەناو خێزان و جڤات و کۆمەڵگەی جیهانی بپارێزێت ئەویش منداڵە. لە ٢٠ی نۆڤێمبەری ١٩٨٩دا رێککەوتننامەی تایبەت بە مافەکانی منداڵ The convention on the rights of the child لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە United Nations واژوو دەکرێت کە تاوەکوو ئێستا ١٩٦ وڵاتی دنیا واژوویان لەسەر کردووە و بەڵێنیان داوە پابەندبن بە ناوەڕۆکەکەی و بڕگەکانی جێبەجێ بکەن. رێککەوتننامەکە لە ٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٠ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ٥٤ ماددە پێکدێت و لە ماددەی ١ تاوەکوو ٤٢ تایبەتە بە مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی منداڵ و لە ماددەی ٤٣ تاوەکوو ٥٤ تایبەتە بە شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە لەلایەن دەوڵەتان و حکومەتانی جیهانەوە.
‎-بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتننامەکە:
‎بەشێوەیەکی گشتی رێککەوتننامەکە چوار بنەمای سەرەکی لەخۆدەگرێت:
‎بنەمای مانەوە و گەشەپێدان – Survival and development1
لە ماددەی ٦ باسکراوە و کە مافی ژیان و مانەوە و گەشەپێدان لەخۆدەگرێت.

-باشترین بەرژەوەندی منداڵ Best interests of the child2
لەماددەی سێیەمدا ئاماژەی پێکراوە کە دەبێت باشترین بەرژەوەندی منداڵ دابینبکرێت و بپارێزرێت.

‎-جیاکارینەکردن Non-discrimination٣
ڵەماددەی ٢ رێککەوتننامەکەدا باسکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە نابێت جیاکاری بکرێت لەنێوان منداڵان لەسەر بنەمای نەتەوە، رەگەز، ئاین، مەزهەب، کولتور، زمان، رەنگ، جوگرافیا، وڵات و بیروباوەڕی سیاسی دایک و باوکی. هەموو منداڵێک دەبێت بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

  • بەشداریکردن Participation٤
    لەماددەی ١٢ باس لە بەشداری و رێزگرتن لە بیروڕا و بیرۆکەی منداڵ کراوە کە نابێت منداڵ سەرکوتبکرێت و رێگەی دەربڕینی بیروڕاکانی لێبگیرێت.

‎-عیراق و مافەکانی منداڵ
‎دیارە عیراق واژووی لەسەر ئەم رێککەوتنامەیەدا کردووە و بەڵێنی داوە کە مافەکانی منداڵ بپارێزێت و مافەکانی وەک خوێندن، پەروەردە، گەشەپێدان و پاراستنیان بۆ دابینبکات بەڵام لەڕووی کردارییەوە هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بەتایبەت لەڕووی ژێرخانی یاساییەوە هێشتا هیچ یاسایەکی تایبەت بە منداڵان و مافەکانیان نییە. بەپێی چەند ئامارێک لە ٨١% ی منداڵانی تەمەن ١ بۆ ١٤ ساڵ رووبەڕووی دەیان جۆر و شێوەی توندوتیژی دەبنەوە لەژێرناوی پەروەردە و رێنمایی پێدانەوە و هاوکات شەرعیەت بە کردەی توندوتیژی و زەبروزەنگەکە دەدرێت.

-هەرێمی کوردستان و مافەکانی منداڵ
‎لەهەرێمی کوردستاندا لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١دا باس لە پاراستنی مافەکانی منداڵ دەکات لەم دوو حاڵەتەی خوارەوە کە وەک نموونەی توندوتیژی هەژماری کردوون: -ناچارکردنی منداڵان بۆ کارکردن و دەرۆزەکردن و وازهێنان لەخوێندن.
‎-لێدانی منداڵ بە هەربیانوویەک بێت
‎دیارە ئەم هەوڵە یاساییە هەنگاو و رێککار و ژێرخانێکی یاسایی باشە بۆ پاراستنیی منداڵ Child Protection لە توندوتیژی و دابڕانیان لە خوێندن لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت یاساییەکی تایبەت بە منداڵ هەبێت بە وردەکاری و تەکنیک و میکانیزمی سەردەمەوە.

ھەواڵی زیاتر