لیا سیفەدین
ئەو مرۆڤانەی کار بۆ یەکسانی ڕەگەزی لەسە بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە بەشداریی و وەبەرکەوتنی ئەرك و مافەکان دەکەن لەنێوان ئافرەت و پیاودا، ئافرەت بەکامڵ و بێ کەموکورتی دەبینرێت، بەجۆرێك ئافرەتان هاوشانی پیاوان بە شایەنی ئەوە دەزانن کە دەبێت مومارەسەی ئەرك و مافەكانی بكات و سود لە دەرفەتەکان و مافە گشتییەکان وەر بگرێت و وەك تاکێك لەناو کۆمەڵگە دا مافە ڕەگەزیەكانی وەك كۆ و مافە کەسیەکانی خۆی وەك تاکێكی زیندووی پڕ جووڵە و چالاکی پیادە بكات.
لەلایەکی ترەوە، لێرە و لەوێ لە دیدگا و روانینی مرۆڤە نایەکسانیخوازەکان،
ئەو مرۆڤانەی بڕوایان بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان و یەکسانی لە ئەرك و مافەكان و مومارەسەکردنیان لەنێوان پیاو و ئافرەتدا نییە ( كە ئەم مرۆڤە نایەکسانخوازانە خۆشبەختانە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵییان لە کۆمەڵگاکاندا ڕو لە كەمبونەوەیە)، ئەمانە ئافرەت بە کەمتر لە پیاو دەبینن و بە شایەنی مومارەسەرکردنی ئەرك و وەرگرتنی مافەکانی نازانن، لەتێگەشتن و بیرکردنەوەی ئەم جۆرەدا ئافرەت وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ و خاوەن كەسایەتی تواناو لێهاتویی و هەست و خواست و ویستی ژیان و ڕۆڵ بینین لە كۆمەڵگەدا نابینن بەلكو وەك بونەوەرێکی خزمەتکاری لاواز دەیبینن و پێیان وایە تەنها بۆ خزمەتكردن و تێركردنی ویست و خواستەكانی پیاوان دروست كراون و هیچی تر.
یەکسانیخوازەکان کێن؟
ئەو مرۆڤانەن كەلەسەرەنجامی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستیدا گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە ئافرەتانیش وەك پیاوان تواناو لێهاتویی ئەنجامدانی هەموو ئەو كارانەیان كە پیاوان ئەنجامی دەدەن، لەڕێی توێژینەوە زانستیەكانیانەوە ئەوەیان سەلماندوە كە ئەو بۆچوونەی پێی وایە ئافرەتان توانایەكی سنورداریان هەیەو ناتوانن هەمو ئەو كارانە ئەنجامبدەن كە پیاوان ئەنجامی دەدەن بۆچونێكی نازانستی و خێڵەكیانەیەو هیچی تر، هەر بۆیە ئەمانە داوا دەكەن کە دەبێت جیاوازی ڕەگەزی لە مومارەسەکردنی ئەرك و مافەکان و شێوازی ژیانکردندا نەمێنێت، بەئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر دەیان ڕێگەی جیاوازی خەباتی مەدەنی کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناهاوسەنگی نێوان ئافرەت و پیاو دەکەن و بۆ یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ویەکسانی لەسە بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی تێدەکۆشن.
ڕوون و ئاشکرایە ئافرەت و پیاو هەردووکیان مرۆڤن، بەهەندێك جیاوازی بایۆلۆجی و تێڕوانینیانەوە بۆ ژیان، وەكچۆن بەنەبوونی هەرلایەكیان تەرازوی ژیان تێك دەچێت و ڕەچەلەكی مرۆڤ كۆتایی دێت، ئاواش پێویستە و دەبێت دەرفەتی یەکسان بۆ هەردولایان بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی کەسایەتی خۆیان و ژیان و گوزەرانیان و پێشخستنی کۆمەڵگەكەشیان لە هەمو ڕوەكانەوە.
گرنگە بزانین دۆزی ئافرەت لە مومارەسەکردنی مافەکانیدا تەنھا پەیوەندی بەخودی ئافرەتانەوە نیە، بەڵکو ئەوە دۆزی ھەمو کۆمەڵگایە بەبێ جیاوازی، بۆیە گرنگە و دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هەردوولا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە یاسا دەرفەتی یەکسان و وەك یەکیان بۆ بڕەخسێندرێت،
پێویستە پەروەردەی خێزان و ناوەندەكانی خوێندن و ناوەند و شوێنە ئاینیەكان بەم تێگەیشتنە بۆ هەردوو ڕەگەز و یەكسانی لە ئەرك و مافەكانیاندا پەروەردە بكرێن و تێبگەیەنرێن و پابەندیش بكرێن، سیستمی ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵات و تەواوی ئورگانە جیاجیاكانی كۆمەڵگا لەسەر بیرۆکەی یەکسانی و داد پەروەری دابڕێژرێت و دەرفەتی بەشداریی کرداری لە بەڕیوەبردنی وڵات و هەمو بوارەكانی دیكەشدا بەیەکسانی بۆ ئافرەت و پیاو دابین بکرێت،تا بەو ڕێگایە بتوانرێت كۆمەڵگایەكی یەكسان و تەندروست بوونیاد بنرێت كە لەسەر هەردو پێی خۆی بەبەهێزیەوە بوەستێت.ش