دە ساڵ شەڕی دەروونی!

‎هاودەنگ فارووق

دە ساڵی ڕەبەقە هەرێمی كوردستان دووچاری پیلانێكی كوشندەی هەواڵگری و سیخوڕیی هەرێمایەتی بووە. هیچ قەوارە و هێزێكی سیاسی لەماوەی دوای جەنگی ساردەوە تاكو ئێستا، بەم شێوەی كوردستان نەبووە، کە لەژێر هەڕەشەی توندی شەڕی دەروونی و پڕوپاگەندەییدا بووبێت.
ئێمە لەبەردەم شەپۆلێكی مەدروسی شەڕی برسیكردن وگەمارۆی ئابووریی بەرفراوانی ماوە درێژدا وەستاینەوە، كە دە ساڵە لەدژی حكوومەتی كوردستان پێڕەو دەكرێت.
ئەوەی بەرانبەر گەلی كوردستان كرا، لاپەڕەیەكی ئەوەندە بێئامان و سەخت وكاریگەربوو، لە خراپترین ڕۆژگارەكانی شەڕی جینۆساید كەمتر نەبوو. بگرە مەترسیدارتریش بوو، چونكە تۆڕێكی فراوانی پەرلەمانتار و نووسەر و چالاكوانی كەمپینچی و میدیایەكی زۆر و ژمارەیەك سیاسی و حیزبی كوردی، پێكەوە بوون بە بەشێك لەتابووری پێنجەم و لە سەنگەری نەیارانەوە دژایەتیی كوردستانییان كرد، تەپڵی ڕووخانی قەوارەی هەرێمی كوردستانیان لێدەدا، هەمیشە خەتاكەیان دەخستە ئەستۆی حکوومەتی كوردستان، داوای خۆڕادەستكردن و هەموو شتێكیان دەكرد، خەڵكیان لە قەوارەی هەرێم هاندەدا و، شتێك نەما بەناوی هێڵی سوورو ئینتیمای نیشتمانی، بەئاشكرا شانازییان دەكرد بەوەی بوونەتە نۆكەری داگیركەران، هەموو ئەو كارانەیان كرد كە لەناو هەرگەلێكی دیکەدا بكرایە، كەمترین سزای لەسێدارەدانە.
ئێمە دە ساڵە، لە مینبەری ئەم ڕۆژنامەیەو تەواوی میدیاكانمانەوە، هەنگاو بەهەنگاو، قۆناغ بەقۆناغ لەگەڵ ئەو تەوژمەی شەڕی دەروونی مامەڵەمان كرد، بەوردی دیراسەی پڕوپاگەندەكان و پاساوەكان و میكانیزمەكانی شەڕەكەمان دەكرد، وەڵامی پڕبەپێستی شاڵاوە دەروونییەكەمان دەدایەوە، ئەگەرچی جاری واهەبوو كوالێتی ئەو هێرشانە ئەوەندە لاوازو داڕووخاوبوون، بەناچاری وەك خواردنەوەی كوپێ ژەهر دەچووینە مەیدانی وەڵامدانەوە، بەڵام خواردنەوەی ژەهرەكەمان پێ پەسەندتر بوو لەوەی لەبەرانبەر ئەو شەڕە هەواڵگرییەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست بین.
ئێمە دەمانزانی پاساوەكانی تەسویقی شەڕە هەواڵگرییەكە و، گوتاری تابووری پێنجەم ئەوەندە لاواز و بێئەرزش بوون، ئەگەر دۆخی بڕینی مووچە و برسیكردن نەبووایە، هیچ كوردێك نەبوو بێزی بێت لەدووریی سەدان سەدەیشەوە گوێیان بۆ بگرێت، بەڵام كارەساتی بڕینی مووچە ئەوەندە گەورەبوو، خەڵك وەك سوكناییەك گوێیان بۆ هەموو پڕوپاگەندەیەك دەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا بێ ماندووبوون، وەڵامی چەواشەكاریەكان دەدرایەوە، بۆ هەر دەردێك دروستیان دەكرد، ئێمە دەرمانی ئازارشكێنمان بەرهەم دەهێنا.
ئێستایش خەریكە كۆتاییی كێشەی مووچە هاتبێت و، بەهەوڵ و پێداگری كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، كورد یەكێك لە خراپترین قۆناغی مێژوویی ژیانی خۆی و ماوەی برسیكردنی میللەتەكەی سەركەوتوانە تێپەڕاند، بەڵام هێشتا ئەركی نوێ ماوەو، لەئێستاوە ڕاستە تابوورچییەكان پاساوی گوتارەكەیان لەدەستداوە، بەڵام دەستبەجێ دەستیان بە یارییەكی دیکە كردوە، دەیانەوێت ڕەوتی ڕاستییەكان بەلاڕێدا ببەن و هۆشیاریی خەڵكی كوردستان بگەوجێنن و خۆشی ئەو سەركەوتنە گەورەیان لێ تێك بدەن.
پێویستە چاوكراوەتربین لەجاران و نەهێڵین سەركەوتنەكە لە خاوەنە ڕاستەقینەكەی بدزن.. ئێمە بۆ ئەم قۆناغەش لەوپەڕی ئامادەباشیداین و پلانی خۆمان هەیە.

ھەواڵی زیاتر