سامان سیوەیلی *
بەشی دووهم
پەشێوییەکانی کەسێتی:
چەمکی پەشێوی لە زمانی کوردیدا بەرامبەر چەمکی (اضطراب) لە زمانی عەرەبی و چەمکی (Disorder) لە زمانی ئینگلیزیدا بەکارهێنراوە، ئەم چەمکە لەڕووی زمانەوانییەوە لە فەرهەنگی دەروونناسی و دەروونشیکاریدا(٢) بە واتای (تێکچوون یان لاوازی، یان ناتەواوی) هاتووە، ئەم چەمکە لەبواری دەروونناسی بەشێوەیەکی گشتی و لەبواری دەروونناسی کلینیکی و پزیشکیی دەروونیدا بەتایبەتی بەکاردێت، لێرەدا مەبەست لێی ئەو پەشێوییانەیە کە دووچاری کەسێتی مرۆڤ دێت، وەک خەسڵەتی کەسە لەسەر ئاستی بیرکردنەوە و هەڵچوون و ڕەفتارەکانی دەردەکەون، کە ئەمانەش دەبنە هۆی نەسازانی کەسەکە لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەری، خوڵقانی کێشەگەلێک لەبواری کار و پیشە و خوێندن و پەیوەندی هاوسەری، پەشێوییەکانی کەسێتی ناچنە خانەی نەخۆشییە دەروونی و هۆشمەندییەکان، بەڵکو بەگوێرەی خەسڵەتە دیارەکانی هەر پەشێوییەک ناویان بۆ دانراوە و پۆلێنکراون.
بەگوێرەی چاپی پێنجەمی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری پەشێوییە دەروونییەکان(٣) (Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders) – (DSM – 5) کە کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی ئەمەریکی بڵاویان کردۆتەوە، پەشێوییەکانی کەسێتی – Personality Disorder)، دە (١٠) جۆرن، هەرچەندە هەر جۆرێک لەو پەشێوییانە کێشەگەلێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە وەک نیشانە لەیەکیان جیادەکاتەوە، بەڵام ئەگەر لە خەسڵەت و نیشانەکانی هەموو جۆرەکانی پەشێوی کەسێتی بڕوانین، تێدەگەین کە یەکێک لە نیشانە هاوبەشەکانیان بریتییە لە بوونی کێشە لەبواری سازان لەگەڵ خودی خۆیان و لەگەڵ دەوروبەر، بەدوای ئەمیشدا بوونی کێشە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و هەڵوێستە فشارهێنەکاندا، بەمهۆیەوە مامەڵەکردن و هەڵکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی پەشێوی کەسێتییان هەیە ئاسان نیە، بەتایبەتی بۆ ژیانی هاوسەری، بۆ هەندێک لەوانیش ڕەنگە ئەو سنوورەش تێپەڕێت و ژیانکردن لەگەڵیاندا زۆر سەخت بێت.
کەواتە دەتوانین بڵێین پەشێوی کەسێتی تەنها مانای ئەوەمان پێنابەخشێت کە کە ئەم کەسێتییە کەسێتییەکی نائاساییە، بەڵکو هەر پەشێوییەکی کەسێتی وابەستەی چەند خەسڵەتێکی دیاریکراوە کە دەبنە هۆی گرفتی گەورە بۆ ژیانی کەسەکە یان دەبنە رێگر لە بنیاتنانی پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ کەسانی تردا، بەدەربڕینێکی تر، کاتێک بە حاڵەتێک دەگوترێت پەشێوی کەسێتی هەیە کە ئەو خەسڵەت و نیشانانە ببنە هۆی:
١- دروستبوونی کێشە لە بواری خوێندن و کار و پەیوەندییە هاوسەری و خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیدا.
٢- دروستبوونی بەربەست لەبەردەم بەڕێوەچوونی پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ ئەوانیتر.
٣- وێڕای ئەوەی ئەو خەسڵەت و نیشانانە کە دەبنەی مایەی گرفت بۆ کەسەکە، لەگەڵ ئەمەشدا کەسەکە ناتوانێت گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات یان خۆی کۆنترۆڵ بکات.
خاوەنی ئەم پەشێوییانەی کەسێتی دەبنە مایەی بێزاری و گرفت بۆ دەوروبەریان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە هاوسەری و خێزانییەکانیاندا، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەم کەسانە بە ئاسانی ناتوانن بچنە ژیانی هاوسەرییەوە، کاتێکیش دەچنە ژیانی هاوسەرییەوە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییە هاوسەرییەکانیان دووچاری سەختی دەبنەوە، تەنانەت لە مامەڵەکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیشیاندا گرفتی زۆریان دەبێت، وێڕای ئەمانە لە بەردەوامیدان لە کار و پیشەکانیانیشیاندا دووچاری سەختی دەبنەوە.
گرفتە سەرەکییەکەی خاوەنی ئەم پەشێوییانەی کەسێتی لەوەدایە کە کەسەکان خۆیان بەبێ کێشە دەبینن، بەخۆیان نازانن کە ئەو گرفتانەیان هەیە، بەمهۆیەوە لە پاشینەی پەشێوییەکانیان زۆر نیگەران دەبن، وەک ڕوودانی جیابوونەوە لەگەڵ هاوسەرەکانیان، یان لەدەستدانی کار و پیشەکانیان، بەپێچەوانەوە ئەوان وەها دەبینن کە ئەو کێشانەی دێتە پێشیان بەهۆی هەڵەی دەوروبەر و ئەوانیترەوەیە نەک هەڵەکانی خۆیان، هەربۆیە کەسانی دەوروبەریان لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دووچاری کێشە و نائارامی زۆر دەبنەوە.
هەر بەگوێرەی ڕێبەری (DMS – 5)، (١٠٪) ی هاونیشتیمانییان پەشێوی کەسێتییان هەیە(٤)، هەردوو ڕەگەز (نێر و مێ) دووچاری ئەم شڵەژانانە دەبن، هەرچەندە هەندێ جۆری پەشێوی کەسێتی هەیە زیاتر بەرۆکی ڕەگەزێکیان دەگرێت، بۆ نموونە کەسێتی سایکۆباتی لەنێو پیاواندا زیاتر بڵاوە بەڕێژەی شەش هێندە زیاتر لەچاو ئافرەتاندا، بەڵام کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی لە ئافرەتاندا زیاترە بەڕێژەی دوو یان سێ هێندە.
ئەگەرچی گرفتەکانی پەشێوی کەسێتی لای هەندێ لە کەسەکان مامناوەندە و بەتێپەڕبوونی کات کەم دەکات، بەڵام لای هەندێکیان گرفتەکانیان لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییە زۆر و توندە و بەدرێژایی ژیانیان دەمێنێتەوە.
جۆرەکانی پەشێوی کەسێتی:
پەشێوییەکانی کەسێتی کە (١٠) جۆری هەیە بەسەر سێ کۆمەڵەدا پۆلێن دەکرێن:
کۆمەڵەی (A):
١- کەسێتی پارانۆید (Paranoid Personality Disorder).
٢- کەسێتی شیزی (Schizoid Personality Disorder).
٣- کەسێتی نیمچە شیزی (Schizotypal Personality Disorder).
ئەم سێ جۆرەی پەشێوی کەسێتی کە لە ژێر کۆمەڵەی (A) دا پۆلێنکراون، بە دەرکەوتن و ڕەفتار و ڕۆڵی نامۆ جیادەکرێنەوە، هەرچەندە هەر جۆرەیان نیشانەی جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی هەیە.
کۆمەڵەی (B):
٤- کەسێتی دژە کۆمەڵ (Antisocial Personality Disorder).
٥- کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی (Borderline Personality Disorder).
٦- کەسێتی هیستیری (Histrionic Personality Disoreder).
٧- کەسێتی خودشەیدا (نێرگسی) (Narcissistic Personality Disorder).
ئەم چوار جۆرەی پەشێوی کەسێتی کە لە ژێر کۆمەڵەی (B) دا پۆلێنکراون، بەشێوەیەکی درامی و سۆزدارانە خۆیان دەردەخەن، هەرچەندە هەر جۆرەیان نیشانەی جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی هەیە.
کۆمەڵەی (C):
٨- کەسێتی دوورەپەرێز (کەنارگر) (Avoidant Personality Disorder).
٩- کەسێتی پشتبەستوو بەوانیتر (Dependent Personality Disorder).
١٠- کەسێتی وەسواسی (Obssesive – Compulsive Personality Disorder).
ئەم سێ جۆرەی پەشێوی کەسێتی کە لە ژێر کۆمەڵەی (C) دا پۆلێنکراون، زیاتر دڵەڕاوکێ و ترس لەسەریان زاڵە، هەرچەندە هەر جۆرەیان نیشانەی جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی هەیە.
پەراوێزەکان:
(١) پەسەندکردنی خود (Self – acceptance): بریتییە لەو ئاستەی تاک تیایدا هەست بە ڕەزامەندی دەکات بەرامبەر خودی خۆی و ڕێز لە خودی خۆی دەگرێت و بڕوای بەخۆی دەبێت، خۆی و توانستەکانی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی وەک خۆیان دەناسێت، نە خۆی بە کەم دەبینێت، نە زێدەڕۆییش دەکات لەهەڵسەنگاندنی خۆیدا، بەرامبەر خاڵە لاوازەکانی سەرزەنشتی خۆی ناکات، بەڵکو هەوڵی بەهێزکردن و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە دەدات، ملکەچ نابێت بۆ بیروڕای ئەوانی تر، بەڵکو داکۆکی لە بیروڕاکانی خۆی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەگی بۆ پەسەندکردنی ڕەخنە هەیە، لەگەڵ کەسانی دەوروبەریشیدا بە گیانی هاوکاری و ڕێز و هاوسۆزبوون و گرنگیپێدانەوە مامەڵە دەکات.
(٢) د. فرج عبدالقادر طە و اخرون، معجم علم النفس و التحلیل النفسي، ص ٥٢ و ٥٣، دار النهضة العربیة، بیروت، ١٩٨٩.
(٣) ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری پەشێوییە دەروونییەکان (Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders):
ئەم ڕێبەرە لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی ئەمەریکییەوە دەردەچێت، تیایدا پۆلێن و ئاماری نەخۆشییە دەروونیی و هۆشمەندی و گشت جۆرەکانی پەشێوی لەخۆدەگرێت، هەر لەم ڕێبەرەدا ڕوونکردنەوەی پێویست سەبارەت بەو حاڵەتانە دراوە، نیشانەی ئەو پەشێوی و نەخۆشییانە و پێوەرەکانی تێدا دەستنیشانکراوە، ئەم ڕێبەرە وێڕای ئەوەی لەسەر ئاستی ئەمەریکا کاری پێدەکرێت، هاوکات لەسەر ئاستی جیهانیشدا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی و گرنگ دادەنرێت، کە پزیشکانی دەروونی و دەروونناسان و چارەسازانی دەروونی و ڕێنماییکارانی پەروەردەیی و خێزانی سوودی زۆری لێدەبینن، هەرچەندە (DMS – 5) ساڵی (٢٠١٣) دەرچووە، بەڵام پاش (٩) ساڵ، دوا پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی ئەم ڕێبەرە لە مانگی ٣ ی ساڵی ٢٠٢٢ دا کراوە لەژێر ناوی (DMS – 5 – TR) دەرچوو.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕێبەری لەمبوارەدا هەیە لەژێر نای ڕێبەری پۆلێنکردنی نێودەوڵەتی نەخۆشییەکان، International Classification of Disease، ئەم ڕێبەرە لە ساڵی (١٩٨٣) کاری تێداکراوە و لە ساڵی (١٩٩٢) کۆتایی هاتووە، دوا چاپی ئەم ڕێبەرە پێداچوونەوەی دەیەمی لەژێر ناوی (ICD-10) بڵاوکراوەتەوە.
(٤) www.msdmanuals.com
- دەروونناس