بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

ململانێکە تەنیا ململانێی پارتی نییە لەگەڵ بەغدا

کە ئەڵێم بەغدا مەبەستم ئەو نووخبە سیاسییە باڵادەستەی بەغدایە کە چاوی بە خێر و خۆشی هەولێر هەڵنایە، مەبەستم لەو عەقڵیەت و بیرکردنەوانەیە کە هەموو سەرکەوتن و پێشکەوتن و خۆشگوزارانییەکی هەولێر بە شەوەزەنگی بەغدای پایتەخت دەزانن. بیرکردنەوەی ئەو نووخبەیە درێژکراوەی بیرکردنەوەی ئەوانەی پێشخۆیانن کە ناو و کردەوە و مێژووییان خزێنرانە ناو سەرنوێلکی مێژوو. ئەوانەی تەنیا بە ئەنفالکردنی کوردەوە نەوەستان و بەغدایان بە دەردێک برد کە ببێتە پایتەختی دزیی سەدە و لە یەک کاری تاڵانی و دزیدا نزیکەی دوو ملیارد و نیو دۆلار بە تاڵان ببرێت و تەنیا کەسێکی تاوانبار دەستگیر بکرێت و دواتر ئازاد بکرێت. ئەو عەقڵیەتەی لە ماوەی کەمتر لە پازدە ساڵدا عێراقی تووشی سێ جەنگی نێودەوڵەتی کرد و ملیۆنان کەسی بە کوشداو ماڵوێرانییەکی زۆری بۆ عێراق و عێراقییەکان هێنا. ئێستا ئەو عەقڵیەتەی ئەو نووخبە دەساڵاتدارەی بەغدا ئەجووڵێنێ دەیەوێت میلی کاتژمێرەکان بۆ سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران بگێڕێتەوە و کوردستان کاول و گەلەکەی برسی بکات. ئاخر ئەگەرنییەتی کاولکردنی کوردستان و برسیکردن و سوککردنی تاکی کورد نەبێت بۆچی دەبێت بودجەیەک کە بە یاسا بۆ کوردستان تەرخانکراوە بکرێتە چەکی سیاسی و مەرام مەبەستی شۆڤێنی و سڕینەوەی کوردستانی پێ جێبەجێ بکرێت؟ ئاخر ئەوە ج لۆجێکێکە مانگانە نزیکەی یەک ملیارد دۆلار لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان زیان لە خۆت بدەیت تەنیا بۆ ئەوەی کوردستان قازانج نەکات؟ لەم جەنگە سیاسی و ئابووری و دەستوورییەدا بە تەنیا پارتی نەکراوەتە ئامانج بەلکو هەموو گەلی کوردستان و داهاتووی ئەم هەرێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورەی وجودی کراوەتەوە. با بیرمان نەچێت ئەو نووخبە سیاسییەی بەغدا لە نێوان خۆایاندا لەسەر زۆر شت ناکۆکن و ناتەبان، بەلام لە هەڵوێست و ڕەفتاری ناجوامێرانەیاندا بەرامبەر کوردستان و خواستە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەموویان هاوڕان. با ئێمەش سەرەرای جیاوازییە سیاسی و حیزبیەکانمان، بەرژەوەندی باڵای نەتەوە لەسەر سەکۆی پاراستنی ئەو بەرژوەندییە کۆمان بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر