پەشێوییەکانی کەسێتیPersonality Disorders

سامان سیوەیلی *

بەشی یەكەم

کەسێتی:
هەر خەسڵەتێک کەسێکی دیاریکراو لەوانی دیکە جیا بکاتەوە بەبەشێک لە کەسێتی ئەو کەسە دادەنرێت، هەموو ئەو کەسانەی ئێمە لەژیانماندا بەرکەوتنمان لەگەڵیاندا هەبووە و هەیە، خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و خەسڵەتی تایبەت بەخۆیانن، لەڕووی ژیری، هۆشمەندی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیییەوە، خەسڵەتە باڵاکانی کەسەکان لەسەر ئاستی ئەو لایەنانە بوونەتە خاڵی جیاکەرەوەی ئەوان لەوانیتر و لە بۆتەی کەسێتی تایبەت بەو کەسانە خۆیان بەرجەستە دەکەن، ئەمەش وا دەکات هەریەکە لە ئێمە کاتێک ناوی کەسێک دێت لەو کەسانەی دەیانناسین و بەرکەوتنمان لەگەڵیاندا هەبووە و هەیە، ڕاستەوخۆ کۆی ئەو خەسڵەتە باڵایانەی بوونەتە ناسەرەوەی ئەو کەسە، لە زەینماندا ئامادە دەبێت و هەڵسەنگاندن و تێڕوانینەکانمان بۆ ئەو کەسە لەسەر بنەمای ئەو خەسڵەتانە دەبێت، کەواتە ئەوەی هەر یەکێک لە ئێمە لەوانیتر جیادەکاتەوە کۆی ئەو خەسڵەتانە کە دەتوانین بەمجۆرە پۆلێنیان بکەین:

  • لەسەر ئاستی هۆشمەندی: زیرەکی کەسەکە، توانستە تایبەتەکانی، ڕۆشنبیرییەکەی، جۆری بیرکردنەوەکانی، بیروڕا و باوەڕەکانی، بیرۆکەی دەربارەی خودی خۆی و …. تد.
  • لەسەر ئاستی دەروونی و پێگەیشتوویی هەڵچوونی: مەزاژی کەسەکە، پێگەیشتوویی کەسەکە لەڕووی هەڵچوونییەوە، ئاستی خواست و هیواکانی، ترسەکانی، ئارەزووەکانی، باوەڕبوونی بەخۆی و …. تد.
  • لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی: تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئاکارییەکانی کەسەکە، وەک: کرانەوە و گۆشەگیری، گیانی هاوکاریکردن و لێبوردەیی و سنگفراوانی، خۆزاڵکردن و خۆسەپاندن، نەریتەکانی و …. تد.
  • لەسەر ئاستی جەستەیی: تایبەتمەندییە جەستەییەکانی وەک: بەهێزی، شێوە و ڕوخساری، جەستەڕێکی و …. تد.
    لەمڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کۆی هەموو ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی کەسێک، کەسێتییەکەی پێکدەهێنن، کەواتە کەسێتی لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە (کۆی ئەو خەسڵەتە جەستەیی و هۆشمەندی و مەزاژی و کۆمەڵایەتی و ئاکارییانەی کە کەسێک بە ڕۆشنی لەوانی تر جیادەکاتەوە).
    لەچوارچێوەی پەیوەندییە هاوسەرییەکاندا، بێگومان کەسێتی هەریەکە لە هاوسەرە ئافرەتەکە و هاوسەرەکە پیاوەکە کاریگەری گەورەی بۆ سەر پەیوەندی هاوسەری نێوانیان دەبێت، ئەگەر کەسێتی هەریەکەیان ئاسایی بێت و دوور بێت لە پەشێوییەکانی کەسێتی، ئەوا دەبێتە فاکتەرێکی ئەرێنی بە ئاڕاستەی سازان و سەقامگیری پەیوەندییە هاوسەرییەکە، خۆ ئەگەر کەسێتییەکانیان نائاسایی بن، یان جۆرێک لە جۆرەکانی پەشێوی کەسێتییان هەبێت، بێگومان نەک هەر سازان بەدینایەت، بەڵکو ژیانە هاوسەرییەکەیان ڕووبەڕووی کێشەگەلێکی زۆر و ئاژاوە و ناتەبایی دەبێتەوە، ڕێز و خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن لەنێوان دوو هاوسەرەکەدا وەک پێویست نابێت یان هەر بوونیان نابێت، لەجێی ئەمانە دوورکەوتنەوە لە یەکتر و ململانێ و کێشە و ئاژاوە ئامادەییان دەبێت.
    هەندێجار لە باسکردنی خەسڵەتەکانی کەسێک دەبیستین بەوەی کەسەکە ڕاستگۆیە، جێی متمانەیە، هاوسەنگە، پابەندە بە کاتەوە، هێمنە، تێگەیشتووە، سنگفراوان و لێبوردەیە و … تد، هەموو ئەم خەسڵەتانە لەڕوانگەی ئێمەوە ئەرێنین، بۆیە ئەو وێنایەمان لادروست دەبێت کە ئەو کەسە کەسێکی ئاسایی یان ئەرێنییە، خۆ ئەگەر ببیستین کەسێک هەڵەشەیە، بەردەوام توڕەیە و هەڵدەچێت، لەگەڵ سێبەرەکەی خۆیشیدا شەڕ دەکات، خەڵەتێنەرە، درۆزنە، خۆپەرستە، لەگەڵ کەسدا هەڵناکات، جێی متمانە نیە، بەرژەوەندیخوازە و …. تد، هەموو ئەم خەسڵەتانە لەڕوانگەی ئێمەوە نەرێنین، بەمهۆیەوە بەرامبەر کەسەکە ئەو وێنایەمان لادروست دەبێت کە کەسێکی نائاسایی یان نەرێنییە.
    کەواتە دەتوانین بڵێین کەسی نائاسایی ئەو کەسەیە کە ڕەفتار، بیرکردنەوە، هەڵچوون، هەست و سۆز، پەیوەندییەکانی بەوانی دیکەوە، جیاوازن لە کەسێکی ئاسایی، هەر ئەم کەسە نائاساییە لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەریشیدا ناسازێت، ئاڕاستە دەروونی و ڕەمەک (غریزة)ەکانی لەسەری زاڵ دەبن، ئەم کەسانە زیاتر ئامادەگیان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونی و هۆشمەندییەکان تێدایە.
    کەواتە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر باشتر وایە خەسڵەتەکانی هەریەکە لە کەسێتی ئاسایی (Normal Personality) و کەسێتی نائاسایی (abnormal personality)، بخەینەڕوو:
    ١- تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی کەسێتییەکی ئاسایی یارمەتیدەرن بۆ بنیاتنانی پەیوەندی ئەرێنی، خاوەن کەسێتی ئاسایی توانای سازاندنی لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەریشدا هەیە، خاوەن کەسێتی نائاسایی ئەم توانایەی نییە و لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەریشدا ناسازێت.
    ٢- خاوەن کەسێتی ئاسایی ڕێز لە خۆی دەگرێت و خودی خۆی لاپەسەندە(١)، هەست بە کەمسەری ناکات و زێدەڕۆیی لە دەرخستنی خودی خۆی ناکات، خاوەن کەسێتی نائاسایی خودی خۆی لاپەسەند نییە، یان هەست بەکەمسەری دەکات یان خۆبەزلزانە و زێدەڕۆیی لە دەرخستنی خودی خۆی دەکات.
    ٣- خاوەن کەسێتی ئاسایی بەشێوەیەکی ئەرێنی هەڵسوکەوت دەکات، وێڕای بوونی ئاستەنگەکان هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەگەر پێویست بکات بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاوێژ و هاوکاری بۆ چارەسەری کێشە
    و تەنگژەکانی پەنا بۆ کەسانی دڵسۆزی دەوروبەری خۆی یان کەسانی پسپۆر دەبات، خاوەن کەسێتی نائاسایی بەشێوەیەکی نەرێنی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر دەکات، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەدا یان چۆک دادەدات و دەستەوسان دادەنیشێت و لێی هەڵدێت، یاخود نەرێنیانە کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکات یان کێشەکانی دەشارێتەوە، ئەمەش وادەکات کێشەکان ئاڵۆزتر بکات.
    ٤- خاوەن کەسێتی ئاسایی توانای گونجاندنی لەگەڵ هەڵوێستە جیاجیاکان و ڕەوشە گۆڕاوەکاندا هەیە، خاوەن کەسێتی نائاسایی توانای گونجاندنی کەمە یان هەر نییەتی و لە هەر گۆڕانکارییەک بەسەر ڕەوشی ژیانی تایبەتییان یان ژیانی گشتیدا بێت، دووچاری شپرزەیی و دڵەڕاوکێیەکی زێدەڕۆ دەبێت.
    ٥- خاوەن کەسێتی ئاسایی باشتر خودی خۆی دەناسێت، لایەن و خاڵە بەهێزەکان و لاوازەکانی خۆی بۆ جیادەکرێتەوە، هەوڵی زیاتر بەئاڕاستەی بەهێزکردنی لایەنە بەهێزەکانی و پڕکردنەوەی لایەنە لاوازەکانی دەدات، خاوەن کەسێتی نائاسایی واقعیانە هەڵسەنگاندن بۆ خودی خۆی ناکات، گوێ بەبەهێزی و لاوازی کەسێتی خۆی نادات یان درکیان پێناکات و بۆی جیاناکرێنەوە، بۆیە لەنێوان یەکێک لەم ڕەوشە نەرێنییانەدا دەخولێنەوە: هەست بەکەمسەریکردن یان گرێی کەمسەری، خۆبەزلزانین، نەرێنیبوون.
    ٦- خاوەن کەسێتی ئاسایی کارایانە توانای کەڵکوەرگرتنی لە توانستەکانی هەیە، دەزانێت کەی و چۆن ئەو توانستانەی بخاتە گەڕ، بەمهۆیانەوە بەرهەمی زیاترە، خاوەن کەسێتی نائاسایی کەڵک لە توانستەکانی وەک پێویست وەرناگرێت، بەهۆی شەرم، ترس لە دەستپێشخەری و چوونە ناو هەڵوێستی نوێ، یان بەهۆی نەگونجاوی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی، یان خۆی ماندوو ناکات، بەمهۆیانەوە بەرهەمیان کەمە.
    ٧- پەیوەندییەکانی خاوەن کەسێتی ئاسایی لەگەڵ دەوروبەردا ئاسایی و پەسەندە، توانای کرانەوەی بەڕووی دەرەوەی خۆیدا هەیە، گەیاندنی پەیامەکانی بۆ دەوروبەر گونجاو و ئەرێنییە، خاوەن کەسێتی نائاسایی کێشەی لە دروستکردنی پەیوەندی و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی هەیە، داخراوە بەڕووی خۆیدا و توانای کرانەوەی بەڕووی ئەوانی دیکەدا لاوازە، لاواز و نەرێنییە لە گەیاندنی پەیامەکانیدا.`
    ٨- خاوەن کەسێتی ئاسایی توانای کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونەکانی هەیە، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی پاڵنەرەکانی بەگوێرەی ڕەوش و هەڵوێستەکان هەیە، دەتوانێت تێرکردنی پاڵنەرەکانی بۆ کاتی گونجاو دوابخات، خاوەن کەسێتی نائاسایی توانای کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونەکانی کەمە یان نییەتی، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی پاڵنەرەکانیشی نییە، دەخوازێت دەمودەست پاڵنەرەکانی تێربکات.
    ٩- خاوەن کەسێتی ئاسایی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و شان دەداتە بەر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، باوەڕی بەخۆی هەیە، بەڕەچاوکردنی تەمەن و توانست و کارامەییەکانی خۆی هەنگاو دەنێت و ڕووبەڕووی ژیان و گیروگرفتەکانی دەبێتەوە، ناچێتە ژێرباری هەندێ بەرپرسیارێتی کە بزانێت سەرکەوتوو نابێت و کاریگەری لەسەر باوەڕبەخۆبوونی بکات و ناڕەزایی دەوروبەری لێبکەوێتەوە، خاوەن کەسێتی نائاسایی لە بەرپرسیارێتی هەڵدێت، تەمبەڵ و سستە، ڕاڕایە بەرامبەر بەهەڵگرتنی هەر بەرپرسیارێتییەک ڕووبەڕووی بکرێتەوە، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی بەردەوام هەگبەی پڕە لە پاساوی بێ بنەما و پوچ، یاخود خۆی نەخۆش دەخات، ئەگەر ناچاریش بکرێت دەست بداتە کارێک ئەوا بەنیوەناچڵ جێی دەهێڵێت، پەیمان دەدات بۆ تەواوکردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، بەڵام پەیمانەکانی ناباتە سەر، بۆیە ژیانی ئەمجۆرە کەسانە پڕە لە کاری تەواونەکراو و پەیمانی بەجێنەگەیەنراو.
    لەپاش خستنەڕووی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی هەریەک لەو دوو جۆرەی کەسێتی، بەسانایی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاوسەرانەی لەگەڵ خاوەن کەسێتییەکی نائاساییدا ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە چ کۆژانێکیان هەیە، چونکە خاوەنی ئەو جۆرە لە کەسێتی توانای گونجاندن و سازانی نییە، ژیانی هاوسەریشیان سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە گرنگە بەر لە هاوسەرگیریکردن و لەسەروبەندی دەستنیشانکردنی بژاردەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەری ئەم فاکتەرە گرنگە لەبەرچاو بگیرێت.
  • دەروونناس
ھەواڵی زیاتر