یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ گرفتەکانی ئێستا

سالار عوسمان

بەشی سێیەم

عێراق لە ڕاستەڕێ لایداوە !…
لە بەشێکی تری گوتارەکەی سەرۆک بارزانی ـ دا، کە بەر لە سی و سێ ساڵ پێشکەشی کردووە، باس لەو چەمکانە دەکات: ( دەوڵەتی قانوون، هەڵبژاردنێکی ئازاد، سەرانسەریی کوردستان)، کە هەر سێ چەمکەکە مانا و دەلالەتی سیاسیی قووڵیان هەیە، تایبەت بۆ ئەو سات، پوختترین مانا ئەوەیە، کە بارزانی دەیەوێت کۆتایی بە زەمەنی شۆڕشگێڕیی بێت و قانوون حاکم بێت، ئەمەش بە هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام چ جۆرە هەڵبژاردنێک، هەڵبژاردنێکی ئازاد، لەکوێ؟. لە سەرانسەریی کوردستان.
ئێستاش هەر هەمان ئەم چەمکانە چارەسەرن، ئێستاش هەر هەمان ئەم ڕوانگە و تێگەیشتنە دەکرێ ببن بەنەخشە ڕێگا، چونکە:
ـ ئەوەی بەغدا دەیکات، تایبەت دادگەی بەناو فیدراڵی، پێنانە لە قانوونەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە دەنگی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانیش بە دەنگی گەل هاتۆتە ئاراوە، دیسان ئەوەی بەغدا دەیکات پێنانە لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەو دەستوورەی بە هەوڵ و تێگەیشتنی هەمووان نووسراوە، کەچی ئێستا کەمینەیەک پێشێلی دەکەن، کە دیارە دەستووریش دایکی قانوونەکانە، بەڵێ ئەوەی ئێستا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان دەکرێ پێنان و پێشێلکردنی قانوونەکانی هەرێم و بەغدایە، کە بۆتە هۆکاری خوڵقاندنی ئەو گرفتانەی ئێستا، کەواتە پێچەوانەکەشی ڕاستە، کە قانوون چارەسەرە، بەڵام کام قانوون، قانوونێک گەل داڕێژەری بێت نەک نوخبەیەکی حاکمی سیاسیی ڕقنی تەرەفگیر و بچووکبین.
ـ هەڵبژاردنی پاک، ئەمەشیان هەر ئەو داوا ڕەوا و دیموکراسیەیە، کە بارزانی ئەوکات داوای کردووە و، بۆ ئێستا و سبەیش هەر داوایەکی ڕەوا و بگرە چارەسەریشە، بەڵام هەڵبژاردنێکی پاک، بێ دەستێوەردان، بێ هەیمەنە و، هەڵقوڵاوی نێو ئیرادە و دەنگی گەل بێت.
ــ سەبارەت بە چەمکی سەرانسەریی کوردستانیش، ڕێک یەکێ لە گرفتەکانی ئەم عێراق و هەرێمی کوردستانە بریتییە لە نەخۆشیی ناوچەگەریی، کە گورزی گەورەی لە هەمووان داوە، تەنانەت لەوانەش کە دژی ناوچەگەریین.
بارزانی ئەوکات وردبین و دووربینانە و، ئێستایش لە دیدارەکەی ڕۆژی 20 ی ئەم مانگەی لەگەڵ باڵێۆزی ئەمەریکا هەر بە هەمان وردبینی و دووربینییەوە دەیەوێت پێمان بڵێت: (عێراق لە ڕاستەڕێ لایداوە)، هەقە لێرە ئەوەش بیر خۆمان بێنینەوە، کە پێشتریش چەندین جار بارزانی ئەو هۆشدارییەی داوەتە هەمووان، کە بەڵێ دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتووەکانی عێراق دەیانەوێ عێراقی نوێ، کە لەسەر بنەمای تەوافوق و تەوازن و شەراکەت دامەزراوە بکەن بە عێراقی ناتەوافوق و ناتەوازن و ناشەراکەت و، ڕاستیش دەرچوو، ئێستا عێراق لە دۆڵێکی خراپدایە، کە بەرچاوی خۆی نابینێ و هەمووانی پێ کۆناکرێتەوە و، دواجار گورزی گەورە بەر خۆی دەکەوێت!، چونکە ناتوانێ لەگەڵ دونیای نوێدا هەڵبکات و جێ دەمێنێت!..
ماویەتی