‎سۆشیال میدیا و دابڕان وتەنهایی

ســــــایە هیــــــوا

لەکاتی ئێستادابەشێکی زۆری خەڵک هەڵگری تەلەفونی زیرەکن و بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیان. لەڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە دەتوانرێت پەیوەندیکردن بەخێزان، هاوڕێ، ئەکتەری دڵخواز، زانینی هەواڵ…..هتد خێراترو ئاسانتر بکرێت، خەڵکی سودی لێ وەردەگرن بۆ خستنە ڕووی کاڵاو شمەک و گۆڕینەوەی بیرو بۆچون و ناساندنی یەکتری.
بەپێی توێژینەوەیەک کەلە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاکراوە ٨١٪ هەرزەکاران، ٧٢٪ پێگەشتوان بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیان. سەرەڕای سودەکانی بەڵام بەپێی کۆمەڵێک توێژینەوە کەلەساڵانی ٢٠١٨ تاکو ٢٠٢١ کراوە کاریگەرییە نەرێنیەکانی بۆسەر تەندروستی دەروونی خراوەتەڕوو.
زانایان کۆکن لەسەرئەوەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا جۆرێک لەخوپێوەگرتن و ئالوودەبون دروست دەکەن، ئەوەش لەڕێگەی چالاککردنی سەنتەری پاداشتکردن لەمێشکدا بەهۆی دەردانی گوازراوەی دەماری(دۆپامین) کاتێک لایکێک یان کۆمێنتێکی پەسەند وەردەگرین لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەیەک یان بابەتێک کەئەمەش هەستی دڵخۆشیمان تیادروست دەکات. ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتر دەچینە سەرسۆشیاڵ میدیاو وێنەی زیاتربڵاودەکەینەوەو و کاتێکی زیاتر بەسەردەبەین لە چاوەڕوانی لایک و کۆمێنت.
هەروەها سۆشیاڵ میدیا بەهۆکارێک دادەنرێت بۆ تووشبون بە دڵەڕاوکێ،خەمۆکی، خۆبەکەم زانین بەتایبەتی لەخانماندا چونکە هەڵدەستن بەخۆبەراوردکردن لەگەڵ خەڵکی و هەستکردن بەئیرەیی کاتێک وێنەی خانمێکی قەشەنگ، خێزانێکی بەختەوەر، شوێنێکی سەرنج ڕاکێش….هتد دەبینن.
خەڵکی متمانە بەخۆبوونیان لەدەستداوەو هەمووان چاوەڕوانی ژیانێکی کامڵ و بێ خەوشن وەک شازادەکان لەنێو فیلمە سینەماییەکان. لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی زۆری فلتەرو ئەوبەرنامانەی دەستکاری ڕوخساری پێ دەکرێت کێشەیەکی تریش بۆ پزیشکانی جوانکاری خوڵقاوە لەبەر زۆری خواستی چارەخوازان بۆگۆڕینی ڕووخسایان وەک وێنە فلتەرکراوەکانیان و کەئەمەش کارێکی قورس و ئەستەمەو زۆربەی جار لێکەوتەی تەندروستی ناپەسەندی دەبێت.
لەکاتی ئێستادا زۆربەی هەرزەکاران هەست بەدڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەکەن کاتێک وێنەکەیان لایکی زۆری بۆنایەت یان هەندێکجار بەهۆی کۆمێنتێکی نەخوازراوەوە گێچەڵیان پێدەکرێت و لەوانەیە بیری خۆکوژیان تیادروست بێت.
سەرباری ئەوانەی ئاماژەیان پێکراوە ئەو کەسانەی لەڕۆژێکدا لە ٣ کاژمێر زیاتر لەسەر سۆشیاڵ میدیا بەسەردەبەن خەویان تێکدەچێت و تووشی کێشەی تەرکیزو بیرهاتنەوە دەبن.
لەکۆتاییدا سۆشیاڵ میدیا دزەی کردۆتە نێو ماڵەکانمان و بۆتە هۆی دابڕان و تەنهایی، لەناوچونی کارامەییە کۆمەڵایەتیەکان و تێکەڵبوون.

ھەواڵی زیاتر