هەولێر
ئەوەی بە شیری پاکی کوردایەتی گۆش کرابێ، لە کێبڕکێیی حیزبایەتیدا میللەت و خەباتەکەی ناکاتە قوربانی و مێژووی سەدان ساڵ لە خوێن شەڵاڵی خۆی چەواشە ناکات و پارسەنگی کوردایەتی بەلای حیزبایەتیدا ناخات.
لە کاتێکدا دۆست و دوژمن شایەتیی نادادیی دادگەی فیدڕاڵی دەدەن و بەڵگەی یاسایی زۆر لەبەردەستمانن، کە بڕیارەکانی ئەم دادگەیە بە ئەمری شوێنێکی دیکە دەدرێن و لەوپەڕی ناسەربەخۆییدا بڕیاری پێ دەر دەکرێ، کەچی تازە بەتازە بافڵ تاڵەبانی شایەتیی ڕاستی و دروستی بۆ دەدات!
دوای ئەو زنجیرەی ستەم و نادادییەی كە دادگەی فیدراڵی بەرانبەر هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی كردی، لە دوای ئەوەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و هاووڵاتییانی ئەم هەرێمەو پێكهاتەكانی، دەنگی ” نا” و ناڕەزاییان بەرانبەر دادگەكە بەرز كردەوە، چاوەڕوانكراو بوو كە سەرۆكی یەكێتی، پشتیوانی دادگەكە بكات و، پێچەوانەی خواستەكانی خەڵكی كوردستان هەڵوێست وەر بگرێت و، بەهەموو توانایەوە هەوڵ بدات، باسكی بەغدا و دادگەی فیدراڵی لەبەرانبەر نەتەوەی كورددا ئەستوور بكات و، ئۆباڵی هەموو ناتەواوییەكانیش بخاتە ئەستۆی خەڵكی كوردستان.
پرسیارەکە ئەوەیە بافڵ بۆچی؟ موبارەکبایی لە بڕیارەکانی دادگاکە دەکات؟ لەبەر ئەوەی بە ئەجێندای دەرەکی بڕیارەکان بۆ یەکێتی لە دەرەوە دیزاین کرابوون؟ لە بەر ئەوەی لە خزمەتی باری لاری یەکێتییەکەی بافڵ دابوون، بەڵام کە پارتی ڕیسەکەی لێکردنەوە بە خوری،بافڵ و ئاغاکانی، دەنگیان بەرزکردەوە، کورد دەڵێ: دار هەڵبڕە سەگی دز دیار، ئەوەش دەڵێ: قەڵە بەشکە لە خۆی بە شکە!
بافڵ تاڵەبانی لەكاتێكدا كە دەڵێت: قبووڵی ناكەین! لەولاوە شین و شەپۆڕیەتی بۆ دیموكراسیەت و بەقسەی ئەو دادگەكە بنەماكانی دیموكراسی پتەودەكات، كەچی هەرخۆی دێت، هەڕەشە دەكات لەوانەی كە بەدادگەكە بڵێن: نەخێر!. ئەمە هەر ئەو دیموكراسیەتەیە كە بافڵ و ڕەیان كلدانی دەیانەوێت دروستی بكەن.
لەبارەی بەیاننامەكەی سەرۆكی یەكێتییەوە، ئێمە ئەم چەند خاڵە دەبژێرین و، دڵنیاین ئەگەر بمانەوێت شەتەحاتی ناو ئەو بەیاننامەیە بژمێرین، زۆری دەوێت و، تەنها مشتێ نمونەی خەروارێك، دەڵێین:
بافڵ دەڵێت: ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ دادگەی فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور دووپات دەكەینەوە!
دیارە بافڵ بڕیاری كۆتایی خۆی داوە شانازی بە ڕەیان کلدانی و هاوئاوەزەکانی دیكەی بكات و، لە سەنگەری ئەوانەنیشەوە دژی مافەكانی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی كورد بێت، مێژوو با ئەم چركەساتانەش بنووسێتەوە و، بە ڕوونی بە نەوەكانی داهاتوو بڵێت: حیزبێك و سەرۆكەكەی هەبوو كۆتا هێز و هەوڵەكانی خۆیان لەوەدا بینی دژایەتی میللەتەکەی خۆی و، پشتیوانی لە دوژمنە سەرسەختەكانی كورد بكات!.
درێژەی ئەم وتارە لە لاپەرە ٢ بخوێنەرەوە