درێژەی وتاری لاپەرە یەک

هـــــەولێر

‎سەبارەت بە دادگەی فیدراڵی و پاراستنی دەستوور دەڵێین: ئەو دەستوورە كامەیە، كە دادگەی فیدراڵی دەیپارێزێت؟ ئایا دەستوور بە دادگەكەی گوتووە خۆی بخاتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و هەموواری یاساكانی وڵات بكات و پەرلەمان بكاتە قەوارەیەكی بێ ناوەڕۆك و بێ فەرمان؟ ئەمەیە پڕنسیپی جیاكردنەوەی دەستەڵاتەكان كە بافڵ باسی دەكات؟
‎ئەو دادگەیە كە بافڵ بە پشتێنەی هێز و مانەوەی خۆی دەبینێ، دادگایەکی سیاسییە بەرگری لە گرووپێکێ سیاسی گوێلەمستی ئێران دەکات، ئاخر بە كۆدەنگی هەموو شارەزایانی یاسا و دەستوور، دادگەكە بە جۆرێك لە حوكمی دەعوای ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەی (131) و(185)/ ئیتیحادی/2023، چەندین دەقی یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانی (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ی حوكمی ئاماژەپێكراودا، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاری داوە بە نادەستووریبوونی هەندێك ماددە و بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكی ڕوونە بۆ ماددە (93)ی دەستووری عێراقی ساڵی (2005)، بەتایبەت بەندی (یەكەم)ی، كە تێیدا كاری دادگەی ئیتیحادی باڵا كورت كراوەتەوە سەر پیادەكردنی تایبەتكاری چاودێریكردنی مەودای دەستووریبوونی یاسا و پێڕەوە بەركارەكان.
‎بۆیە هێنانەكایەی دەقی یاسایی لە بڕیاری دادگەی ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرپێچییەكی ڕوونە بۆ ماددە (47)ی دەستوور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.
‎ ئاخر لەكوێی دەستووردا ڕێگە دراوە بەو دادگایە كە دەستدرێژی بكاتە سەر بەندەكانی دەستوور و، خۆی بخاتە جێگەی پەرلەمان؟ تەنها لە عێراقەكەی بافڵدا، دیموكراسیەت ئاوایە كە دادگە بچێتە جێگەی پەرلەمان و یاسا هەمووار بكات؟ ئەمە مواسەفاتی دیموكراسیەتەكەی بافڵ و بەغدایە!
‎سەبارەت بەوەی دادگاكە دادپەروەری بەرهەم دێنێت، دەپرسین: لە كۆی 8 بڕیار كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەری كردووە، كامە ئەو دادپەروەرییەیە كە بەرهەم هاتووە؟ ئەگەرچی دڵنیاین لەوەی لای بافڵ دادپەروەری ئەوەیە بەغدا زاڵ و بەهێز بێت و كلدانی ڕازی بێت، قەوارەی هەرێمی كوردستانیش هیچ هێزو پێگەو دەستەڵاتێكی نەمێنێ،.
‎ڕاستییەكەی ئەگەر بافڵ كوردستانی بەلاوە گرنگ بوایە، ئێستا لە باتی شین بۆ دادگەی نادادپەروەر بكات، دەهات لە ڕیزی میللەتەكەی خۆیدا، داكۆكی لەمافەكانی دەكرد، ڕای گشتی كوردستانی و هەموو دۆستانیش دەزانن، بڕیارەكانی دادگەكە لە دژی قەوارەی هەرێمن، بەڵام تاكە یەكجاریش هەر بۆ متمانەی خۆیان و لە پێناوی دادپەروەریدا، یەكێتییەكەی بافڵ بەیانێكیان لە دژی بەغدا دەر نەكرد، لە حاڵێکدا ئەوەی تا ئێستا بە سەدان شێوە دەستووی پێشێل کردووە و دەیکات بەغدایە نەک هەرێم؟.
‎بافڵ پێی وایە عێراق وڵاتێكی پێشكەوتووە. زەحمەت نەبێت پێمان بڵێن: عێراق لە ڕیزی کام وڵاتانی پێشكەوتوودایە؟ یان بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوی شەفافیەت، عێراق لە خواری خوارەوەی لیستی هەرە دواكەوتووترین وڵاتانی دنیادایە؟ ئەگەر بافڵ ئاگاداری ئەو داتایانە بووایە كە لە بارەی دۆخی شپرز و وێرانی عێراقەوە بڵاو دەكرێنەوە، هەرگیز ڕووی نەدەهات، عێراق وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو ناوزەد بكات.

ھەواڵی زیاتر