یەكەم نەخێری كورد بەرانبەر دادگای فیدراڵی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هەموومان بینەری دۆخی عێراقین، خوێنەری بنەماكانی پێكهاتەی ئەقڵی خێڵ و ڕەگەزەكانی بەهاكانی بەدەویەتین. دەزانین كە بەهاكانی بەدەویەت نە لەگەڵ دیموكراسیدا دەگونجێن، نە هاندەری حوكمی یاسان و، نە دەتوانن لەگەڵ چەمكەكانی هاووڵاتیی بووندا هەڵ بكەن. بەڵكو ئەو بەهایانە ڕاستەوخۆ لەخزمەتی پەیوەندییەكانی هێز و غەزودان و، تەنانەت لە قووڵایی ئەو بەهایانەدا، شتێك بەناوی شار و دەوڵەتیش نابینرێت و، تەنها و تەنها پشتیوانی لەهێز و داگیركاری و تاڵان و بڕۆ دەكرێت.
لەناو هۆزە بەدەویەكانی عەرەبدا، وتەیەكی بەربڵاو هەیە، كاتێ وەسفی شان وشكۆی خۆیان دەكەن و، ئاماژە بەمەرتەبەی كۆمەڵایەتی هۆزەكانیان دەدەن، دەڵێن: ئێمە نەهاب و وەهابین!
مانای ئەوەی: ئێمە ئەوەندە بەدەستەڵاتین، دەتوانین تاڵان و بڕۆی هۆزەكانی تر بكەین، ئینجا لە دەستكەوتەكانی ئەو تاڵانە ببەخشین. واتە نەهابین كەئەوە مایەی سەربەرزییە بتوانیت هۆزەكانی تر تاڵان بكەیت، وەهاب و بەخشندەیشین كە لە دەستكەوتەكان ببەخشین بەوانەی پێویستیان پێیەتی!.
ترۆپكی شانازی لەنێو بەهاكانی بەدەویەتدا، ئەم مەرتەبەیە كە هیچ یاسایەك نیە بتوانێت زەبتی ئیقاعەكەی بكات. بەدرێژایی هاتنی هۆزە عەرەبییەكان بۆ دۆڵی دووڕووبار، ئەم بەهایەی خۆیان پاراستووەو، لەهیچ قۆناغێكی مێژوویدا، نەیانتوانیوە یاسا بەرهەم بهێنن، یان سەروەری بكەن! تۆ كە نەتوانی یاسا بەرهەم بهێنیت و، فەرهەنگی ڕێزگرتنی یاسا نەبووبێتە ترادیشناڵێكی كۆمەڵایەتی، چۆن دەتوانیت لافی سەروەری یاسا لێ بدەیت؟.
لەئێستادا كە هۆزە بەدەوییەكان دەوڵەتێكیان بەناوی دەوڵەتی عێراق كۆنترۆڵ كردووە، دەیانەوێت بەتۆبزی خۆیان بكەن بە نوێنەری یاسا و گوایە یاساكانیان عەدالەت بەرهەم دێنن. لەكاتێكدا ئەو ئەقڵیەتە بەدەویەی یاساكەی نوسیوەتەوە، ئەوەندەی هەوڵیداوە عەلاقاتی هێز پارێزراوبێت، نیو ئەوەندە لەخەمی ئەوەدا نەبووە یاساكە عەدالەت بەرهەم دێنێت، یان زوڵم تەقنین دەكات؟.
لەم گۆشەیەوەیە كە دەبینین دادگای فیدراڵی دەقاودەق نوێنەرایەتی ئەو كەلتورە دەكات و، وەكو دۆڕاوی جەنگ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گەلی كورددا دەكات و، هەموو پەیوەندییەكانی قەتیس كردووە لە پەیوەندی هێزدا و، گوێ بەوە نادات ئاسەوارەكانی بڕیارەكانی چین و چۆن دۆخەكانی عێراق دەگۆڕن!.
بەچەپ و ڕاست هەموو كارتەكانی خۆی بەشێوەی هەنگاو بەهەنگاو بۆ بچوككردنەوەی كوردستان وەك غەریمێكی سیاسی بەكارهێناوە. نەهاتووە لەپێگەی یاساییەوە بەئامانجی دادگەری سەرنجی دۆسییەكان بدات. بۆ تەنها جارێكیش بڕیارێكی لەبەرژەوەندی بەهێزبوونی كوردستان دەرنەكردووە، هیچ دۆسییەیەكی لەبەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكردۆتەوە! ئەمە قەدەرنیە، بەڵكو پیلانە.
مایەی خۆشحاڵییە كە كورد بۆ یەكەمجار بەم دادگایە دەڵێت بوەستە! ناچمە ژێر باری بڕیارەكانت.
بەم هەڵوێستە ئەوەمان بۆ ئاشكرابوو كە كورد كارتی فشاری زۆرە و، دەتوانێت دۆخەكان بگۆڕێت. ئەڵبەت پەیامەكان بەرلەوەی سیاسی بن بۆ دۆخی هەڵبژاردن، بونیەوین بۆ ئەو كەلتورەی كە دادگای فیدراڵی نوێنەرایەتی دەكات. پێمان دەڵێت: دادگاكە نەیتوانیوە لەئەركەكانی سەركەوتوو بێت و پێكهاتەكان ئیستیفزاز نەكات.
لەبارە سیاسییەكەیدا، ئەوەی گرنگە كە پارتی نەیوتوە بایكۆت دەكەم، تەنانەت وشەی بایكۆتیشی بەكارنەهێناوە، بەڵكو مەرج و زەمانەتی دەوێت و، ئەوەش یەكەمجارە بەڕاكێشانی كارتێك بەیەكجار ئەمریكا و یۆنامیش بێنە سەرخەت!. ئەوەش مانای هێز و ڕاكێشانێكی ژیرانەی كارتەكەیە.

ھەواڵی زیاتر