شازادە نوستووەکەی عێراق !

پاڤین ڕەمەزان

دەگێڕنەوە پاشایەکی بێ تەگبیر لە وڵاتێکدا هەبوو، لە زستانێکی سەختدا شەوێک لە بەردەم کۆشکەکەی خۆی، چاوی بە یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆی دەکەوێت کە بەرگێکی وای لەبەردا نییە شایەنی ئەو سەرمایە بێت، هەر بۆیە لێی نزیک دەبێتەوە و پێی دەڵێت؛ سەرمات نییە؟ پاسەوانیش دەڵێت؛ قوربان سەرمامە بەڵام هیچ بەرگێکی لەمە پۆشتەترم نییە! پاشای بێ تەگبیریش دەڵێت؛ بەڵێن بێت، بچمەوە کۆشکەکەم بەرگێکی گەرمت بۆ دەهێنم.. هەر ئەو بەڵێنە و پاشا ئەوەی لەبیری نەما بەرگی گەرم بوو. تا بۆ بەیانییەکەی دەبینن پاسەوانی داماو لە سەرمادا ڕەق بووەتەوە و نووسراوێکی لە نێو دەستیدا هەڵگرتووە و نووسیویەتی؛ قوربان چەندین شەوە بەرگەی سەرما و زریانم دەگرت و کێشەم نەبوو، تا تۆ بەڵێنی بەرگێکی گەرمت پێدام و ئەو بەڵێنە هێزەکەی لێ سەندمەوە و کوشتمی!
پێدەچێت ئەو چیرۆکە زۆر نزیک بێت لە بەخت و ناوچەوانی خەڵکی کوردستان و بێ باکی سەرکۆمارەکانی عێراق لە دوای ڕەحمەتی مام جەلالەوە. ئاخر هیچ کامێکیان نەبووە دوای هەڵبژاردنی گوتارێکی بەپێز و بەڵێنی قەبە و مزگێنی گەورەی پێ نەدابین، بەڵام هەر ئەوەندەی گەیشتووەتە کۆشکەکەی نە بەڵێن و نە میللەت و نە وڵاتی بیر ماوە!

  • ئێستا سەردەمی دادگەیەکی بێ دەستوورە لە عێراق، ئاسانترین شت لای پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستوورە. هەموو لایەک، جگە لە کەمینەیەکی مەزهەبی خەریکە بە ئاگری بڕیارەکانی ئەو دادگەیە دەسووتێن و عێراقیش بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار و حوکمی مەرکەزی و هەڵگەڕانەوە لە فیدڕاڵیەت دەبات. ئەوەی هەڵدەستێت سەبارەت بە قوتی خەڵکی کوردستان حوکم دەدات و قسە دەکات و خۆی دەکاتە پاڵەوانی مووچە خۆرانی هەرێم، کەچی لەم قیڕە قیڕ و نادادی و ئاژاوەیەدا عێراق بێ ناوبژیوان و دەستوور بێ پارێزەرە! مۆدێلی سەرکۆماری بێدەنگ، هاوکارێکی باشی ئەو لایەنانە بووە کە ئاگری ئاگردانیان بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گەش دەبێتەوە و بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بڕگە و ماددەکانی دەستوور بەکار دەهێنن و لە بەرامبەردا هیچ دەسەڵاتێک نییە هانای بۆ ببەین! ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لە پێناو خێروبەرەکەتی حزبی و کەسی، لایەنێکی سیاسی لەگەڵ هەموو خولێکی حوکمڕانیدا ئامادەیە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماردا، یەکڕیزی تێکبدات و بە میراتی خۆیانی دەزانن، بەڵام هەرگیز لە ڕیگای ئەو پۆستەوە هیچ دەستکەوت و خێرێکیان بۆ میللەتی بەشخواروی خۆیان نییە!
ھەواڵی زیاتر