ئافرەت لە عێراق لەژێر عەبایەکی ڕەشەوە بۆ داردەستی

پ.د. نەزاکەت حسێن

ئاشکرایە دەرکەوتن و ڕەفتاری هەر تاکێک لەکۆمەڵگەیەک بناغە دەگرێت لەسەر ئەو فەلسەفەی ئەوکۆمەڵگە بونیاتی لەسەر نراوە. لەهەمان کات لەگەڵ ئایدیا و چیرۆکی مێشکی کۆمەڵگەکە و وێنای ئەو تاکە لەعەقڵیەتی ئەوکۆمەڵگەیە. لەمێژووی عێراقدا دوای پاشانشین نەمانبیستووە و نەمانبینیوە ژنێک وەک کارەکتەرێکی سیاسی ڕۆڵ وکاریگەری هەبێت لەسەر شانۆی دەسەڵات، ئەوەش بەکۆتا دانراوە لە پەرلەمان و یەکە ئیداریەکان تەنها دانان و تەوزیف کردن نەک سود وەرگرتن و تواناسازی بۆی. چونکە ئافرەت لەمێژوو ڕەهەندی بیرکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ زاوزێ و وەچەخستنەوە و خزمەتکاری پیاو و بەکارهێنانی جۆراوجۆری لەزەت لێوەرگرتنی بەناوی هاوسەرگیری و میسیار و فرەژنی سیغە و مارەکردن بۆ ساتێکی کەم …هتد دەرکەوتنیشی لەسەری تا پەنجەی پێی حەرام و نادروست بووە، جگە لەوەش تەنانەت ڕەنگی جلوبەرگیشی بۆ دیاری کراوە، ڕەشپۆشی و نەبینینی هیچ کراوەیی و ناسکیەک. ئەزانن وەک ئافرەتێک کە خاوەن سروشتێک و هەستیکی ناسکە چ غەدرە کە تەنانەت خۆشی جوانیەکانی خۆی نابینێت و ناتوانێت بە ویستی خۆی چێژ لەهەڵبژاردنی ڕەنگەکان ببینێت و بەویستی خۆی خۆی بڕازێنێتەوە. ڕەنگە ئەمە سەرەتاییترین مافی بێت کە لێی زەوت کراوە، بگرە قەتیس کردنی لەماڵ و ڕێگە پێنەدانی لەهیچ کاروبارێکدا تێکەڵی پیاوببێت لەکاتێکدا کەسێک لەم پەراوێزی و خاوەن خود نەبوونە دێتە سەر ئەوەی لایەنێک یان کەسێک یان گروپێک پشتگیری دەکات و وەک داردەستە و بوکەڵە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و ئەجێندای خۆی، ئیتر ئەم ئافرەتە خۆی دەبینێتەوە لەسەر شانۆی قسە و بڕیاردان و دەبێتە باس و خواسی هەواڵەکان و ڕاگەیاندن، لێی تێک دەچێت وادەزانێت ئەمە خۆیەتی وا گەورە بووە نازانێت کە لەوپەڕی ونکردنی خودی خۆیدایە و بەکاردێت تا ئەوکاتەی ئیشیان پێی نەما. بۆیە بەڕاست و چەپدا خۆی نمایش دەکات. ئەمەیە کە ئافرەت دەبێت سەرچاوەی میهرەبانی و ئاشتی بێت لەوڵاتدا، بەڵام کاتێک خۆی نیە داردەستە و واجیهەی بەرنامە و ئەجێندایەکی نادیارە دەبێتە تۆپەڵێک لە ڕق و کینە و توندی. لەمێژووی عێراقدا دوای دەسەڵاتی پادشایەتی زۆردەگمەن بووە ئافرەت لەسەر شانۆی دەسەڵات بووبێت و لە بڕیاردان و دەسەڵات بەشداربێت، لەم ساڵانەدا ناوبەناو ئافرەتێک زەق دەکرێتەوە وەک داردەست بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک پیلان و پلان و بەرنامەی داڕێژراوی شاراوە. بەداخەوە لەهەموو جیهان لەهەر پارچەیەک ئافرەت حوکمی کردبێت بەزۆری سەرچاوەی ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندن بووە، کەچی لێرە چونکە پیاوێکە لە بەرگی ئافرەتێکدا و خۆی نیە و بوکەڵەیە، ئەو تاکە تاکە ئافرەتە کە لە ماوەی دەیەیەک یەک دانە سەرهەڵدەدات، لەپڕدا دەبێتە سەرچاوەی پەشێوی و قەیران و ئاژاوە بۆ وڵاتەکەمان. بۆیە ئەمە غەدرێکە چەندبارەی ئەو غەدرەی فەرامۆش دەکرێت، چونکە لەسروشتی خۆی دەردەهێنرێت و کارێکی پێ دەکرێت کە لەگەڵ سروشتی ئافرەت یەکناگرێتەوە. لەهەمان کات کاریگەی نەرێنی دەکاتە سەر پرۆسەی بەشداری ئافرەت لەسیاسەت و وێناکەی لای خەڵک دەشێوێنێت، دەترسێت دەنگ بەئافرەتێک بدات و بچێتە شوێنی بڕیار و نموونەی ئەمانە بێت.