بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

سبەینێ یادی
١٢١ ـەمین ساڵەی لەدایکبوونی بارزانی نەمرە

موستەفا بارزانی لەسەردەم و زەمانێکدا هاتە دنیاوە کە هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری نەک تەنیا مافە نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کوردیان زەوتکردبوو، بەڵکو ژیانیان لە رووی ئابووری و گوزەرانیشەوە شپرزە و تووشی داڕمان کردبوو. هەر بۆیە شێخ عەبدولسەلامی براگەورەی لە دژی عوسمانییەکان راپەری و دواتر گیراو لە ساڵی ١٩١٤ لە موسڵ لە سیدارەدرا. مەلا موستەفا لەم کەش و دۆخەدا هاتە دنیا و ساڵانی منداڵی و گەنجی لە بەندیخانە و ئاوارەیی دەربەده ثریدا بەسەر برد. ئەم ژینگەیە رەگ و ڕیشەی بیروباوەڕی ڕزگاری و ڕەتکردنەوەی جەور و ستەمی لە ناخ و مێشکدا داکوتا و لە ماوەی ٧٦ ساڵی تەمەنیدا شەڕو ئاوارەیی و هەڕەشە راستەوخۆکان بۆسەر ژیانی ئەم ڕەگ و ڕیشەیە مایەوە و لە دوا ساتەکانی ژیانیشیدا لە واشنتۆن و بە دەم ئازار و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی هێشتا کۆڵی نەدابوو. ئەوانەی لە گەڵیدا ژیاون ناسیوویانە، باسیانکردوە کە بارزانی دژی زوڵم و چەوسانەوە بوو، هەمیشە پشتگیری مافخوراوان و زوڵملێکراوانی دەگرت. بەشێک لەم بڕوا و قەناعەتە لە پەروەردە و ڕێبازی شێخەکانی بارزان و سۆفیگەرییەوە بۆ مابۆوە و بەشێکیشی ژیانی ڕۆژانە و چەوسانەوەی گەلەکەی و زوڵمی داگیرکەران فێری کردبوو. هەموو ساڵێک یادی لە دایکبوون و کۆچی دوایی ئەم ڕابەر و سەرۆک و سەرکردەیە دەکرێتەوە و زۆریش باسی ڕێبازەکەی دەکرێت، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئەو ڕێباز و بیرکردنەوە وهەڵوێستانە وەک پێویست ڕەنگدانەوەی هەبێت. ئەو بەر لە هەموو شتێک حیزبی وەک ئامراز سەیر دەکرد، ئامرازێک کە خزمەتی ئاماجێکی پیرۆز و گەورە بکات کە خزمەتی کورد و کوردستانیانە. زۆرجاریش لەسەر ئەمە ڕەخنەی لێگیراوە و بە ناحەق باسکراوە. بە چاک و خراپ زۆر لەسەر بارزانی نەمر نووسراوە و وتراوە، ڕەنگە کتێبەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرچاوەی زانیاری باش بن، بەلام هێشتا لایەن و ڕووی تری ژیانی ماوە کە هەڵسەنگاندنی زانستی و بابەتیانەی بۆ بکرێت. لەم بۆنەیەدا دەڵێین یادی جەنەراڵی چیاکان هەمیشە بەخێر.

ھەواڵی زیاتر