یاد و بۆنەکانی مانگی ئادار

شێرکۆ حەبیب

مانگی ئادار یەکێکە لەو مانگانەی زیاتر یادی بۆنەکانی کوردی تێدا بەدی دەکرێت، چ یادە دڵتەنگ و غەمبار، یا یادی بۆنەکانی شادی و خۆشی.
زۆرن ئەو یادانە هەر لەسەرەتای تا کۆتایی، ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکی رۆحی کورد مستەفا بارزانیی نەمر و ساڵیادی لە دایکبوونی، و یادی راپەرین و کیمیابارانی هەڵبجەی شەهید و سەرساڵی کوردی جەژنی نەورۆز، یادی رێککەوتنە مێژویەکی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠.
لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکان ئەو بۆنانە یاد دەکرێنەوە، لە ساڵیادی وەفاتی بارزانیی نەمر و ساڵرۆژی لە دایکبوونی، زۆرینەی جەماوەری کوردستانیان ڕوو لە بارزانی لانەی شێران و قوتابخانەی کوردایەتی دەکەن، بەمەبەستی دووپاتکردنەوەی سۆز و وەفایان بۆ جەنابی بارزانی و درێژە پێدان بەخەبات لەسەر بنەماکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی.
سەردانی مەزاری نەمران، خاکی بارزانیی نەمر، و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد دەکەن، بە بۆ چوونی من ئەو سەردانە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە سەردانی مەزاری نەمران وەفایەکە بۆ بارزانیی نەمر و ئەو خانەوادە نیشتمان پەروەرەی کە زیاتر لە سەدەیەکە هەر لەسەر دەمی جەنابی شێخ عبدولسەلام بارزانی و جەنابی شێخ ئەحمەد و جەنابی مستەفا بارزانی، تا ئەمڕۆ بەڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوامن لە خەبات و تێکۆشان.
سەردانی مەزاری نەمران، بۆ تازەکردنەوەی پەیمان و سۆز نابێت هەر بە ئاخافتن بێت، بەڵکو دەبێ بەکردار بێت دەبێ پابەندی ئەو ڕێبازە بین بەکردار و فێری پێکەوە ژیان و تەبایی و مافی مرۆڤ بین، و فێری ژینگە پاریزی و ڕێز گرتن بین، زیاتر لە سەدەیەک ڕێنمایی و بنچینە سەرەکییەکانی تەبایی و پێکەوە ژیان و مافی مرۆڤ لە دەڤەری بارزان کاری پێکراوە بەر لەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان یا ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، ئەو پرەنسیپانە بارزان پەیرەوی کردووە، دەبێ لە ڕێبازی بارزانی فێری لە خۆبوردەیی و یەکسانی و خزمەتکردنی میللەت بین، هەروەک جەنابی بارزانی فەرموویەتی “شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتەکەی بێ”.
بۆیە گرنگە ئەو سەردانە بۆ مەراسیمی وێنە گرتن نەبێت بەڵکو پابەند بوون بە ڕێنماییەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێ بەرپرس کە لە سایەی ڕێبازی پیرۆزی بارانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتوون بەو پلە و پۆستە، ئەویش بۆ خزمەتکردنی میللەتە نەک خۆ دورخستن لە میللەت و خزمەتنەکردنی هاووڵاتیان، بەداخەوە بە شانایەوە باس لە سەردانی مەزاری نەمران دەکەن، بەڵێ جێگای شانازییە، بەڵام نەک هەر ئەو چرکە ساتە ڕێبازی بارزانی لە یاد بێ بەڵکو دەبێ لە ئەرکەکانی ڕۆژانەی پابەندبێت و کاری پێبکات، و خۆی دوورە پەرێز نەگرێت لە هاووڵاتیان.
گرنگە پابەند بوون بە ڕێبازی بارزانیی نەمر و بۆ چوون و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ پێکەوە ژیان و تەبایی، و ئەگەر پابەندی ئەو بۆ چوون و ڕێنماییانە بووینایە ئەمڕۆ دۆزی کورد لە قۆناغێکی دیکەدا دەبوو، بۆیە گرنگە ئەو یادە بکەینە هەوێنی تەبایی و برایەتی و پێکەوە ژیان، چونکە بارزانیی نەمر هێما و سومبولی کوردستان بوو بۆ هەموو کورد خەباتی کرد و بۆ کوردستان ژیا.
ئایا چەند بەرپرس لەوانەی لە دونیایەکی دیکەدا دەژیەن خۆیان بەدوور دەگرن و خۆیان بە مەزنتر لە هاووڵاتیان دەزانن؟ ئایا ویژدانیان ئاسودەیە کاتێک سەردانی مەزاری نەمران دەکەن؟ ئایا هەڵسوکەوت و کاری رۆژانەیان چەند پابەندە بەو ڕێبازە؟
سڵاو لە گیانی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد.