پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

“دەبێ ٨ مارت چ خۆشەیەکی هەبێت؟؟ “

فەزیلە شۆرش

٨ی مارت ئەو رۆژەی کە زۆربەی ئافرەتانی جیهان ئاهنگ دەگێرن وەك جەژنێکی تایبەت بە رۆژی ئافرەتان، کە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی ١٩ م، ئەوکات لە چەند ولاتێک هەزارەها ئافرەت دەستیان بە خۆپیشاندان کرد دژی چەوساندنەوەیان و پێشلکردنی مافیان لە کارەکانیان، هەروەها خەباتیان بۆ یەکسانی موچە و مافی دەنگدانیان کرد. لە سالی ١٩٠٩ بۆ یەکەم جار رۆژی ئافرەتان بووە راستیەک لە ئەمریکا، تا لە سالی ١٩٧٨ رۆژی ٨ مارت بە فەرمی بە رۆژی جیهانی ئافرەتان لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان دانی پێدانرا.
راستە ئەم رۆژە بە رۆژی ئافرەتان دانی پێدراوە و ئافرەتان بە دڵەکی خۆش جەژنی بۆ دەکەن و بارە ناڵەبارەکەیان تارادەیەک بەرو باشتر رۆیی و زۆربەی مافەکانیان بە تایبەتی لەو ولاتانەی کە خەباتیان تیاکرد بە دەست هێنا، رۆژی ٨ مارت بووە رۆژی جیهانی ئافرەتان، بە لام تا ئەم رۆژەش ئافرەتان لە سەرتاسەری جیهان لە زۆربەی زۆری ولاتان لە ماف پێشلکردن و ماف خوران وباری ئابووری خراب دەنالێن.
پرسی مافی ئافرەت پرسێکی گرنگە و کاریگەرێکی گرنگیشی هە یە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە و نیشتیمان و جیهان.
لە کوردستانیش هەروەك ولاتانی جیهان تا رادەیەکی دیار ئاهنگ دەگێردرێ بە بۆنەی ٨ مارت.
بەلام پرسیار لێرەدا : ئایا ئافرەتانی کوردستان لەم باردۆخەی ئێستای کوردستان مافی ئابووریان پێشل نەکراوە لە لایەن حکومەتی عیراقی فیدرال؟ بێگوومان بەلێ کاتێک مافی رەوای فەرمانبەران بە گشتی لە کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدرالی عیراق پێشێل دەکرێ، راستەو خۆ کاری گەری دەبێتە سەر ئافرەتی فەرمانبەر و نافەرمانبەر و خێزانی کوردستانیان، بۆیە دەڵێم دەبێ ٨ مارت چ خۆشەیەکی هەبێت لە کاتێک خێزان لە کوردستان لەسایەی فشاری موچە برین لە لایەن حکومەتی عیراق هیلاکە؟
روون و ئاشکرایە کە زۆربەی فەرمانبەرانی کوردستان بە نەناردنی موچە و میزانیە لە لایەن حکومەتی عیراق نەهامەتی و خرابی باری ئابووریان روو بەروو بۆتەوە.
بەداخەوە حکومەتی فیدرالی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی تێكەڵاوی ئەجێندای سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و نەیارانی کوردی کردووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین پێشلکردنە لە مافی مرۆف، دایک وە یا ئافرەت لە خێزانی کوردستان کۆڵەکەی مانەوەی خێزانە بە شێوە دروستەکەی، کە چی حکومەتی عیراق مافی وەرگرتنی موچەیان بەرانبەر کارکردنیان لێسەندووە.
لە زۆربەی ولاتە رزگار بووەکان لە زەبری دیکتاتۆریەت بایەخێکی گرنگیان بە ئافرەت و بژێووی ژیانی داوە. ئەوەی جێگای داخە لە عیراقی فیدرال پاش روخانی رژێمە دکتاتۆریەکەی سەدام ئافرەتان زیاتر چەوسانەوە.
جێگای داخە حکومەتی بەغدا چاوی بەو پێشکەوتنەی کە لە کوردستان هەیە هەڵ نایەت، بۆیە دەستیان بە موچە برین کرد تا خێزانی کوردستانی هیلاک و شپرزە بێت.
ئافرەتانی کوردستان بە هێز و جێگای شانازین و سیمبۆلی خۆراگرن، توانویانە و دەتوانن بەرەی ئەم پێشێلکاریەی حکومەتی فیدرالی گرتویانە و بگرن لە لایەک، لە لایەکی دی بەشدار بوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک حکومەتی هەرێم لە کۆربەندە جیهانیەکان و کۆبوونەوەیان لەگەل زۆربەی سەرکردەکانی ولاتان و باس کردن لە دوایین پێشهاتەکان لە کوردستان و عیراق و رێزنەگرتنی عیراق لە دەستووری و فیدراڵیی هەرێم گەیاندە جیهان.
هیوادارین لە سالانی داهاتوو ئافرەتانی کوردستان لە سێبەری حکومەتی هەرێم و لە کوردستانێکی سەربەخۆ ئاهەنگی خۆشی رۆژی جیهانی ئافرەتان لە ٨ مارت بە دڵەکی خۆش بگێرن، هەروەک زۆربەی ولاتان کە خەمی ئابوریان نیە و مافی مرۆفی پیشێل لێنەکراوە.