گرنگە ئافرەتان بەشداری بکەن لە پرۆسەی سیاسیو بڕیاردان

لیا سیفەدین

پێشخستنی مافەکانی ئافرەتان هەوڵێکی چارەنووسسازە بریتییە لە پەرەپێدانی یەکسانی جێندەری و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی پراکتیزە جیاکارییەکان و بەهێزکردنی ئافرەتان بۆ بەشداریکردنی تەواو لە هەموو لایەنەکانی ژیان.
پەروەردەکردن و هۆشیارکردنی ئافرەتان سەبارەت بە مافەکانیان لەڕێگەی پلانێکی تۆکمە وفرەلایەن کەئافرەتان خۆیان سەرپەرشتی بکەن. ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆلێکی گرنگ ببێنت لە مەسەلەی هۆشیاری مافەكانی ئافرەتان و هەروەها پشاندانی ڕووی جوانی ژیانی یەکسان بۆ هەردوو ڕەگەز لەڕێگەی بەرنامەکانی تایبەت بە هۆشیارکردنەوە، هەروەها ڕێگری
ئەرکی ڕێکخراوەکانی ئافرەتانە بەردەوام داکۆکی لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکەن کە مافەکانی ئافرەتانی تێدا پارێزراون و هەروەها هەوڵبدەن ئەو یاسایانەی کەپێویستە هەموار بکرێن لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئیشی جدیی لەسەر بکرێت بۆ هەموار کردن و گونجاندنی یاساکانی لەگەڵ قوناغی ئێستا کەلەبەرژەوەندی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان بێت.
بێجگە لەیاسای باری کەسیەتی عێراق، لەهەرێمی کوردستانیش چەندین یاسای گرنگ هەن وەک پاڵپشتی بۆ مافەکانی ئافرەت بۆ نمونە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی 2000ی کەتایبەتە بە سزادانی مارەکردنی ژن لەدەرەوەی دادگا. هەروەها یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی 2001 تایبەتە بە تەلاقدانی بە زۆڵم. وە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی 2011 تایبەتە بە بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
بەپێی تەجروبەی کارکردنمان لەماوەکانی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوت یەکێک لە ئەگەرەکانی هەرە گەورە لەبەردەم زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە کێشەیان هەبوو مەسەلەی نەبوونی ئابورییەکی سەربەخۆ بوە ئەمە وای کردووە هەمیشە چاویان لەدەستی پیاوێک بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان جا مێردیان بێت یانیش باوک و برا
سرۆشتی ژیانیش لەکۆمەڵگای ئێمەدا وایە سەرچاوەی مالی و ژیانت لەکوێبیت مرۆڤ پابەندە بە جێبەجێکردنی رێنمای و ئەوامرەکانی ئەو شوێنە زۆر جاریش لەناچاری ئافرەتان قبوڵی هەندێک پیشێلکاریان کردووە بەرامبەر مافەکانیان تەنها لەپێناو نەبوونی ئابووری سەربەخۆیە.
ئەوەی گرنگە پێویستە حکومەت دەرفەتی یەکسانی زیاتر بۆ هەردوو ڕەگەز وەک یەک برەخسێنیت لە دامەزراندن و کەرتی تایبەتدا. هەروەها پێشخستنی تواناکانی ئافرەتان لەڕێگەی خولی ڕاهێنانی میهەنییەو.
جێگای ئاماژەپێکردنە، حكومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیەوە لەماوەکانی ڕابردوودا کارێکی باشیان کردووە و تۆنیانە ٨زۆر ئافرەت لەڕێگەی خولی ڕاهێنان فێری ئیش بکەن و ئێستاش خاوەن ئیشی خۆیانن.
دامەزراندنی تۆڕی پشتیوانی و شوێنی سەلامەت بۆ ژنان بۆ هاوبەشکردنی ئەزموونەکانیان وە داکۆکی لە زیادکردنی نوێنەرایەتی ئافرەتان لەکایەکانی کومەڵگا بەتایبەتی پشتگیری لەو دەستپێشخەرییانە بکرێن کە هانی ئافرەتان دەدەن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان، هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتە هەبووە لەناو پەرلەمان ڕێژەی کۆتا دایناوە بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان لەناو پەرلەمان و هیتد… بەڵام بۆ هاوسەنگی ڕەگەزی و یەکسانی پێویستی بە بەشداریکردنی زیاتر هەیە.
بەگشتی پێشخستنی مافەکانی ئافرەتان بەرپرسیارێتییەکی دەستە جەمعییە کە پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەنە هەیە. بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر ئاستی یاسادانان، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی گشتگیرتر و یەکسانتر دروست بکەین کە ئافرەتان بتوانن تێیدا گەشە بکەن. بەهێزکردنی ئافرەتان تەنیا ئامانجێک نییە ڕێگایەکە بۆ داهاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو.

ھەواڵی زیاتر