پڕۆسەی تواناسازی ئافرەتان

پەیڕەو ئەنوەر

پەیوەندی نێوان ئافرەت و کۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوەندییەکی فراوان و دوولایەن و کارتێکەرە و هەردووکیان کاریگەریی و کارایی لەسەریەکتردا دادەنێن. یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی ئەم پەیوەندییە پرس و بابەتی تواناسازی ئافرەتانە. دیارە چەمکی تواناسازی ئافرەتان Women Empowerment لەدوای شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم و دوای کۆنگرەی یەکەمی جیهانی ئافرەتان لە مەکسیکۆ سیتی لەساڵی ١٩٧٥ دێتەکایەوە و دەبێت بە کارنامەی رێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە جیهاندا. ئەم چەمکە بەشێوەیەکی گشتی دوو پایەی هەیە و گوزارشت لە دوو بابەتی بنەڕەتی دەکات: یەکەم: پرسی پەروەردە و خوێندنی ئافرەتان Education و تەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و بەدەستهێنانی تایبەتمەندی و پسپۆڕی لەبوارێکی دیاریکراو و بەدەستهێنانی کارامەیی وەک بەشێک لە پڕۆسەی بنیاتنانی تواناکان و گەیشتن بە دادپەروەری. دووەم: ئابووری سەربەخۆ Independent Economy یان بەشداری ئابووری ئافرەتان و بوون بە خاوەن کار و داهاتی سەربەخۆ و ئابووری تاکەکەسی وەک یەکێک لە مافە تاکەکەسی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئافرەتان. دیارە پرسی ئابووری سەربەخۆ تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە و گرێدراوە بە خاڵی یەکەم کە چۆنیەتی بنیاتنانی تواناکانی ئافرەت و خوێندن و خوێندەوارییە. ئەمڕۆ بابەتی تواناسازی ئافرەتان یەکێکە لە سیما سەرەکییەکانی حکومڕانی باش و کارنامەی هەموو ئەو رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ناوەندانەیە کە کار بۆ پرسی یەکسانی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی دەکەن و دەیانەوێت هەڵومەرجێکی تازە و یەکسان و دادپەروەرانە بێننە کایەوە لەنێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ لەسەر بنەمای رۆڵ و ئەرک و ماف. تواناسازی ئافرەتان ستڕاتیژ و پڕۆژەیەکی درێژمەودا و کاریگەرە بۆ زاڵبوون بەسەر دیاردەی توندوتیژی و بەرزکردنەوەی بەشداری سیاسی ئافرەتان لە جومگەکانی حکومڕانی و سیاسەت و یاسادانان و مەیدانی کار و کەمکردنەوەی دیاردەی چەوساندنەوەی رەگەزی و پەراوێزخستنی ئافرەتان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لەنێو کۆمەڵگەدا.

ھەواڵی زیاتر