بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

هەق نییە سەرۆک کۆمار بێدەنگ بێت

فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند (بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمێكی دیكە لە عیراق ڕەتکراوەیە، چونکە هەڕەشە لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاسایشەکەی دروست دەکات.) ئەم لێدوانەی فائیق زیدان بە ڕوونی دژی دەستووری عێراقە. ماددەی ٤٧ ئەرکەکانی هەر سێ دەسەڵاتەکانی فیدراڵی جیاکردۆتەوە. ماددەی ١١٧ و ١١٩ ماف و ڕێوشوێنی پێکهێنانی هەرێمی لە عێراق دیاریکردووە. ڕەتکردنەوەی ئەم ماددانە لە لایەن بەڕێز فائیق زێدان پێشێلکردنی دەستوورە.
خۆ ئەگەر کەسێکی ئاسایی ئەم هەڵوێستەی بنوانایە رەنگە وا لێکبدرایەتەوە کە بە باشی لە دەستوور تێنگەیشتووە، بەڵام کەسێک ئەم لێدوانە دەدات کە سەرۆکی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە.
لە عێراقی ئەمڕۆدا شتی سەیر و سەمەرە ڕوودەدات و دەمێکە دەستوور پێشیلکراوە و نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار بە پێی خواست و بەرژەوەندییەکانیان دەستوور جێبەجێ ئەکەن، بەڵام دادوەرێکی پێگە باڵای وا دژی دەستووری وڵاتەکەی بێت و داوا لە حکوومەت بکات ئەو دوو ماددەیەی بە دڵی ئەو نین و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، جێبەجێی نەکات لە سەیرو سەمەرە سەیرترە. ڕاستە هەر خودی زێدان دەڵێت:” فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان جیاوازە، بەڵام دادوەرێکی وا باڵا گەر جارێک داوا بکات دەستوور پێشێلبکرێت ئەوا هیچ دوور نییە لە داهاتوودا نەکەوێتە دژایەتی ئەو ماددانەی باسی هەرێمی کوردستان دەکەن. بۆیە زۆر گرنگە ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت و باڵاترین دەزگاش کە ئەو دەستوورەی بەریز “فائیق زێدان”ـی پێشیلیکردووە، دەسەڵاتی پێداوە پارێزگاری لێبکات جەنابی سەرۆک کۆماری عێراقە و ماددەی ٦٧ ئەو مافەی داوەتێ بەرگری لە دەستوور بکات، ئەمەش گرنگترین ئەرکی سەرۆک کۆمارە. بۆیە پێویستە هەموو لایەک داوا لە سەرۆک کۆمار بکەن کە بێدەنگ نەبێت و بە پیی ئەو میکانیزمە دەستووری و یاساییانەی هەن لێپێچینەوە لەگەل سەرۆکی باڵای دادوەریی بکات.