دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

فەریادڕەسی ساختە

سوورەتی مائیدە باس لە پەیامی هاوبەش و پێوەندیی نێوانی تەورات و ئینجیل و قورئان دەکات. مائیدە ددان بەوەدا دەنێت کە جوو و کریستیانیش پەیامی خودایان بۆ هاتووە و ئەگەر خودا خواستبای، خەڵکانی سەر بە هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکەی دەکرد بە یەک ئوممەت. مائیدە هەرچەندە ئەوە بە مافی قوربانی دەزانێت، هێندەی قەوارەی ئەو ستەمەی لێی کراوە، قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام لەبری تۆڵەسەندنەوە، بەزەیی نواندن، لێ خۆشبوون و ڕێککەوتن پەسەند دەکات، کە هەر سێ ئایینەکە لەسەری کۆکن. موحەممەد بویری، ئەوی لە ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٤دا لە ئەمستردام، لەسەر کورتە فیلمی ملکەچی، (تیو ڤان گۆخ)ی دەرهێنەری فیلمەکە دەکوژێت، کە لە دادگادا دەڵێت: بە پشتبەستن بە شەرع کوشتوومە، مەبەستی لە خوێندنەوەی ئیبن تەیمییە دەبێت بۆ شەرع، کە جیهادییەکان بە نموونەی باڵا و بە پێشەوای خۆیانی دەزانن.
بۆچی سەدووم و عاموورا خاپوور دەکرێن؟ کاولکردنی ئەو دوو شارە لای ئیسلام دەبرێتەوە سەر سێکس، بەو پاساوەی پیاوانی هاوڕەگەزخواز بوون، (ئەعراف ٨١) بەڵام خودا لە دوا ساتەوەختدا فریای لووت پەیامهێن دەکەوێت و ڕزگاری دەکات. کاولکردنی ئەو دوو شارە لەڕێی گۆگردباران و ئاگربارانەوە دەبێت. ئێستایش کە (زیناکار) بەردباران دەکرێت، ئیلهام لەو گۆگردبارانەوە وەرگیراوە. لای جوو هۆکاری خاپوورکردنی ئەو دوو شارە ئەوە بووە، خەڵکەکە ڕێزیان لە میوان نەگرتووە، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان شێواندووە و دژی خواستی خودا هەڵسوکەوتیان کردووە، بەڵام باسێک لە نێربازی نییە.
شاری هاوچەرخ، شارێکی فرەڕەنگە، شارێکە لە تێکەڵەیەک لە ئایین، نەتەوە، ڕەگەز و فیکری جیاواز. خەڵکی سەدووم بە پێچەوانەی میسرەوە کە غەریبدۆست دەبن، غەریبیان قەبووڵ نەکردووە، میوانیان ڕانەگرتووە و تەنانەت سووکایەتیشیان پێ کردووە. بەپێی قورئان ئەو شارانەی سزا دراون، خودا ستەمی لێ نەکردوون، خۆیان ستەمیان لە خۆیان کردووە، ئاخر خودا پێشەکی خەڵکی هەموو جێیەکی بە زمانی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە، کە گوێڕایەڵ نەبوون و سەرپێچییان کردووە، ئینجا سزا دراون. ئەوە جێی سەرنجە مافی هەڵبژاردنی ئایین کە هەنووکەیش لە زۆر جێی دونیادا دابین نەکراوە، کۆرشی گەورە ئەو مافەی بە خەڵکی قەڵەمڕەوی خۆی ڕەوا بینیوە.
یاجووج و ماجووج کە ژمارەی جەنگاوەری لەشکریان هێندەی دەنکەلمی نێو زەریا دەبێت، لە هەر سێ ئایینەکەدا وەک دوژمنی خودا ناویان دێت و بە ماوەیەکی کەم بەر لە ئاخرزەمان دەردەکەون. (دەربارەی قییامەت پرسیارت لێ دەکەن، بڵێ ئەوە هەر خودا خۆی دەیزانێت، ڕەنگە بەم نزیکانەیش بێت. ئەحزاب ٦٣) ناوی (دەججال)یش دێت، کە کەسێکی خراپەکاری فریودەرە و دەرکەوتنی یەکێکە لە نیشانەکەی نزیکبوونەوەی ئاخرزەمان. لای کریستیان، عیسا دەگەڕێتەوە و بە سەر دەججالدا زاڵ دەبێت، بەڵام شیعە چاوەڕێی ئیمامی مەهدی دەکەن، ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات. دەسەڵاتداری ستەمکار پێویستی بە فەریادڕەسی ساختە دەبێت، بۆ ئەوەی بە کۆمەکی ئەو، خەڵک لەسەر ملکەچی ڕابهێنێت و سیستەمی کۆیلایەتی هەر درێژەی هەبێت، بۆیە ئەوە زیاتر ستەمکارانن برەو بە دەنگۆی گەڕانەوەی ئەم یان ئەو پەیامهێن یان پێشەوا دەدەن.

ھەواڵی زیاتر