پارتی و ئەوانی دی!

ڕابەر مەحموود

ئەگەرچی هیچ کاتێک لەکوردستان و ناوچەکە وەک چەند ساڵی ڕابردوو دۆخەکە لەبار نەبووە بۆ دروستبوونی حیزب و گەشەسەندنی، چونکە پڕۆسەی سیاسیی حیزب لە شار و شەقامەکانەوە دەست پێ دەکات و هەر لەوێ بەردەوام دەبێ و گەشە دەکات، هەروەها لەناو جەماوەرە و هیچ دوژمنێکی ئایدۆلۆژی نییە وەک ئەوەی لەسەردەمانی خەباتی نهێنیی شار و شۆڕشی شاخدا هەبوو، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە دەزگا و کەرەستە پێویستییەکانی ڕاگەیاندن و تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵک و گەیاندنی پەیامەکان بەگوێ خەڵکدا ئاسانە و هەرکەس لە ماڵی خۆی بێت یان لە هەر جێگایەکی تر ئەتوانێ پەیام بگەیەنێت یاخود بینەر و بیسەری بێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو حیزبانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو دروست بوون یان گەشەیان کردووە بەرەبەرە خەریکی پوکانەوەن و لە ساحەکە نامێنن و لایەنگر و کادیر و ئەندامانیان پەرش و بڵاو دەبن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەریەک لەو حیزبانە لە لایەن کەسایەتییەک لە بارودۆخێکی دیاریکراودا بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دروست بوون، بە نەمانی ئەو کەسایەتییە یان ئەو بارودۆخە یان ئەو گرفتە ئیتر ئەوانیش پوکاونەوە و وەک تۆزی بیابان ڕەشەبایەک ڕای ماڵیون و لەگەڵ زەوی تەختی کردوون هەشیانە بە پوشە بایەک مۆمەکەی کوژاوەتەوە.
جیا لەو جۆرە حیزب و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی باسکران، (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە زیاتر لە سێ چارەگی سەدەیەکە هەیە و بە هەمان گڕوتینی ساڵی یەکەمی تەمەنییەوە لە خەبات بەردەوامە و ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەسەندایە، دەکرێ ئەوەش بۆ کاریزمایی دامەزرێنەرەکەی بگەڕێتەوە کە بە باوەڕ و ستڕاتیژ و دنیابینی ورد و دوور و قوڵ بناغەکەی داڕشتووە بەجۆرێک توانای خۆگونجاندن و بەرگەگرتن و گەشەسەندنی هەبێت لە بارودۆخە جیاوازەکاندا . پارتی بەوردی کار لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پتەو و تاکێکی تەندروست و نەتەوەیی دەکات، پەروەردەی تاک لەسەر بنەما گرنگەکانی نەتەوەسازی بنیات دەنێت و نەتەوە و خاک وەک چەقی پیڕۆزییەکان دەبینێ، ئەوەش هۆکارێ بەهێزی ئەو حیزبەیە لە گۆڕەپانەکەدا، چونکە بەو شێوازە پەروەردەییە تاک ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگ و پێشهاتەکان دژەکان لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکان بگونجێنێ بێ ئەوەی لە باوەڕە بنەڕەتییەکەی لابدا، چەندین جار لە تەمەنی پارتیدا بارودۆخێک هاتۆتە پێشەوە کە مامەڵەی سەرکردایەتی پارتی لەو کات و ساتەدا بەدڵی لایەنگر و ئەندامانی پارتی نەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بەرژوەندییە باڵا دوورمەوداکان حیزب ئەو جۆرە مامەڵەیەی کردووە و لە کۆتاییشدا بۆ هەموو لایەک ڕوون بۆتەوە کە مامەڵەیەکی ژیرانە بووە. خاڵێکی تری جیاکاریی پارتی ئەوەیە کە حیزبی واتەوات و هەرا و شەڕەقسە نییە، پارتی وەک پەرچەکرداری ناوخۆ دروست نەبووە و لەسەر ئەساسی ڕک و کینەی سیاسی بەرنامەی خۆی دانەڕشتووە، هەر ئەوەش وا دەکات ئەو حیزبە هەمیشە لەنوێبوونەوەدا بێت و ئێستایەکی سەقامگیر و داهاتوویەکی گەشی هەبێت.

ھەواڵی زیاتر