وه‌قفی سوننه‌ی عێراق فه‌توایه‌كی نوێی له‌باره‌ی زه‌كاتدانه‌وه‌ راگه‌یاند

وه‌قفی سوننه‌ی عێراق له‌میانه‌ی فه‌توایه‌كی نوێدا، رێگه‌ به‌ موسڵمانان ده‌دات زه‌كاتدان پێشبخه‌ن و بیبه‌خشن به‌ لێقه‌وماوان و زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، وه‌قفی سوننه‌ی عێراق / ئه‌نجوومه‌نی زانستی و فه‌توا، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: پڕۆسه‌ی پێدانی زه‌كات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌شێت، كه‌ كه‌مده‌رامه‌تن، له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ده‌توانن كاته‌كه‌ پێشبخه‌ن و هاوكاری و زه‌كاته‌كانتان بده‌ن به‌ زیانلێكه‌وتووانی هه‌ردوو بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا.

هه‌روه‌ها وه‌قفی سووننه‌ی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی سووریا و توركیا، له‌ ئێستادا پێویستی زۆریان به‌ ده‌رمان، جلوبه‌رگ، خواردن، شوێنی مانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌كرێت زه‌كات پێشبخه‌ن و بیبه‌خشن به‌وان.