ئەمڕۆ دووشەممە 2026.11.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێکی کۆمپانیای (فەرمەرز کۆ – Farmers Co)ی فەرەنسیی تایبەت بە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندی کۆمپانیاکە کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکان، پڕۆژەکان و نوێترین تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانیان لە بواری کشتوکاڵ، ئاودێری و بەبازاڕکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان خستە ڕوو، هاوکات ئامادەیی و خواستی کۆمپانیاکەیان نیشان دا بۆ وەبەرهێنان و گواستنەوەی ئەزموون و تەکنەلۆژیای فەرەنسی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر.
لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، تیشکی خستە سەر گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە بەمۆدێرنکردنی کەرتی کشتوکاڵ و هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ دەکات.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و کارگێڕی پێشکەش بە کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کار و پڕۆژەکانیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بووژاندنەوەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و سوودگەیاندن بە جووتیارانی ناوچەکە.
