رۆژنامەی ھەولێر

چەند وشەیەک بۆ یادی 242 ساڵەی دروستبوونی شاری سلێمانی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەموو ساڵێک کە یادی دروستبوونی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، زیاتر لەوەی بیر لە هۆکاری دروستکردن و قۆناغەکانی گەشەکردنی بکرێتەوە. بە شان و باڵیدا هەڵدەگوترێ (بێگومان شایانی بە شانباڵ هەڵگوتنە، ئەمە قسەی تیا نییە)، بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم ستایشکردنە دووبارەیە پێموایە دەمێکە سەردەمی بەسەرچووە. ئەگەر بمانەوێت یادی هەر شارێک بکەینەوە دەبێت بیر لە هۆکاری دروستبوون و قۆناغەکانی گەشەکردن و پێگەی ئەو شارە بکەینەوە لە ئێستادا. دواتر بپرسین ئایا پێگەکەی گەیشتووەتە کوێ؟ یان ئێستا چ پێگەیەکی هەیە؟ هەر ساڵێک یادی ئەم شارە دەکرێتەوە، من جارێکی تر بە مێژووی ئەم شارەدا دەچمەوە و سەرنج لەو ساڵانە دەدەمەوە، کە پێیدا گەیشتووەتە ئێرە.

سلێمانی؛ شارێکی ئاسایی نییە، چونکە یەکێکە لەو یەکەمین شارانەی مرۆڤی کورد بەبیرکردنەوە لە دروستکردنی شار دروستی کردووە، نەک لە گەشەکردنی گوند و شارۆچکەیەکەوە دروست بووبێت. خەونی دروستکردنی شار لای میرانی بابان بووەتە هەوێنی دروستکردنی ئەم شارە، ئەمە یەکەم خاڵی جیاواز و وەرچەرخانە لە مێژووی ئەم شارەدا. هەر بۆیە لەو سەردەمەوە هەوڵی فەراهەمکردنی بنەماکانی شاربوونی تێدا دراوە. مەبەست لەوەیە کە فێرگەی دینی و ئەدەبی و زانستی تێدا کراوەتەوە و کتێبخانەی گەورەی تێدا بووە (ئەمە لە سەد ساڵی یەکەمی دروستبوونی ئەم شارەدا). لە دواتریشدا لە سەدەی بیستدا بەهەمان شێوە هەم ئەو فێرگانەی تێدا بووە و هەم فێرگەی نوێی تێدا کراوەتەوە و هەم بووە بە مەڵبەندی دروستبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردی و دواتر گەشەکردنی ڕۆژنامەوانی کوردی و نووسین و ئەدەبیاتی کوردی و چەندین بزاوتی سیاسی و ئەدەبی و کولتووریی، ئەمە بێجگە لەوەی یەکەم خۆپیشاندنی مەدەنی لە شەشی ئەیلولی 1930دا هەر لەم شارەدا سەرڕێ خراوە.
کاتێک سەیری مێژووی 242 ساڵەی ئەم شارە دەکەین، دەبینین کە سلێمانی؛ هەم ئەستێرەی درەوشاوەیە، کە هەمیشە لە پێشەنگایەتیدا بووە و خۆ ئەگەر ماوەیەکیش فەرامۆش کرابێت ئەوا بووەتە هەورێکی مات، بەڵام هەرگیز ئەو هەورە ماتە بێ باران نەبووە. ئەگەر لە هەندێک بواردا کەنارگیر کرابێت، ئەوا لە چەندین بواری دیکەدا بوونی خۆی سەلماندووە و قەرەبووی ئەو کەنارگیربوونەی کردووەتەوە.
پێوانەی من بۆ شارەکان تەنها بەرزی باڵەخانە و زۆری شەقامەکانی نین، بەڵکو شارەکان بە فێرگە و زانکۆ و ناوەندە کولتوورییەکانییەوە بەرەو پێشەوە دەچێت. هەرکات لە شارەکاندا کتێبخانە و سینەماکان، گەلەرییەکان و مۆزەخانەکان لە شوێنە گرنگەکانی شاردا بوون. ئەوا ئەو شارە دڵخۆشم دەکات و هەست بە زیندووێتی دەکەم. بەدەر لەمەش شار دەبێت هەمیشە جگە لە جوڵەی سیاسی و ئابوورییەکەی، گرنگە جوڵە کولتوورییەکەشی هاوشانی ئەو دوو جوڵەیە بێت. ئەوەی لە سەیرکردنی مێژووی سلێمانیدا دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە لەگەڵ جوڵە سیاسی و ئابوورییەکەیدا، هاوکات جوڵەی کولتووریش هەمیشە بەردەوام بووە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشی و دڵگەرمی منە و هێمایەکی درەوشاوەیە بۆ پەیوەستی زیاترم بەمشارەوە.
بەدەر لەوەی باس کرا شارەکان بۆ ئەوە دروستبوون تا تاکەکان تێیدا ئازاد بن. یەکەم مەرجی دروستبوونی شار بە مانا مۆدێرنەکەی پەرەپێدانی تاکگەراییە. هەر شارێک ئەم تاکگەراییەی تێدا فەراهەم نەبێت؛ دەکرێت بڵێین شار نییە، یان شارێکی ناتەواوە و پێویستی بە تەواوکاریی هەیە. بەڵام ئایا بەپێی ئەم بنەمایە ئێمە خاوەنی شارین؟ ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەمە سەخت بێت، بەڵام تا هەنووکەش ئازادی تاک بە هەردوو ڕەگەزەوە لە هەموو شارەکانی کوردستاندا لەژێر پرسیاردایە. بێگومان ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، چونکە لێرە بەدەر لە کولتوور، ئایینیش ڕۆڵی لە سنووردارکردنی ئازادی تاکەکاندا هەیە و ناتوانین خۆمان لەم هێزی ئەم دوانە بپارێزین لە پێناسەکردنی هەر دیاردەیەک.
ڕاستییەکی دیکەش هەیە کە هەموان گرنگە سەرنجی بخەنەسەر، شارەکان پێکەوە جوانتر دەدرەوشێنەوە، چونکە هیچ شارێک نییە هەڵگریی هەموو تایبەتمەندییەک بێت، بۆیە هەر شارەی خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیەتی، بەڵام پێکەوە دەتوانن گەورەتر، ناوازەتر بن و بدرەوشێنەوە. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی ناکۆکی نییە لەنێو شارەکاندا، سلێمانی و سنە، و قامیشلۆ و کۆبانی، ئامەد و هەولێر، ماردین و دهۆک و مەهاباد، بۆ من هەر شاری کوردین، خۆم بە خەڵکی هەموویان دەزانم و هیچیان کەمتر لە سلێمانی نابینم، کە زێدی خۆم و یادی دروستبوونییەتی، بەڵام وەفادارم بۆ ئەو شارەی هەم تێیدا لەدایکبووم، هەم زۆرترین هەناسەی بۆ ژیان پێ بەخشیووم، هەم تێیدا عاشقبووم و خێزانم تێدا دروست کردووە، هەم هەموو ڕۆژێک شەقامەکانی سنگیان بۆ من دەکەنەوە و درەختەکانی بۆ پیاسەکانم سایەن.
گرنگە لە یادی دروستبوونی شاری سلێمانیدا، لەگەڵ خۆشویستنی ئەم شارەدا هەموو شارەکانمان خۆش بوێت، ئەوان ماڵی ئێمەن و پێکەوە جوانتر دەدرەوشێنەوە و یەکتریی تەواو دەکەن.
لێرەوە پیرۆزبایی یادی دروستبوونی ئەم شارە گەشاوەیە لە خۆم و هەموو کوردێک دەکەم لە هەر شوێنێکی دونیا بێت.