ئاریان دەرگەلەیی – هەولێر
كاتێك باسی پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان دەكەین، هەمیشە جەخت لەسەر هۆشیاریی تاك دەكرێتەوە، بەڵام ئەزموونی وڵاتانی جیهان و بارودۆخی مەیدانی لە فیستیڤاڵە جەماوەرییەكاندا سەلماندوویانە كە هۆشیاری بە تەنیایی بێ بڕیار و بێیاسا وسزا دان دەستەپاچەیە و ناتوانێ جێبەجێ بكرێت.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە دیمانەكیدا لەگەل ( هەولێر ) دەڵێـت لە ساڵانی ڕابردوودا، فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە شاهیدی بەرهەمهێنانی سەدان تۆن پاشماوە بوو، كە زیاتر لە ٧٠٪ی پلاستیك و نایلۆنی یەكجار بەكارهاتوو بوو بە تایبەتی لە شوێنی خواردن و خواردنەوەكاندا، ئەم ئامارە بەرزانە مەترسییەكی گەورەی لەسەر سرووشت و كەرتی ژینگەی شارەكە دروست كردبوو، كە ببووە مایەی نیگەرانی ئێمەی چالاكوانانی ژینگە و چەندین جار باسمان لێوە كرد.
مەعروف مەجید دەشلێت كە بۆ ئەمساڵ خۆشبەختانە، پلانی درێژخایەنی بۆردی ڕاوێژكاری ژینگەیی پارێزگاكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە كار لەسەر كەمكردنەوەی پلاستیك دەكەن لە شارەكەدا، ئەوەی لێرە ئەنجام درا نموونەیەكی جوان و كرداری بوو بە ئومێدی ئەوەین لە داهاتوو كاری زیاتری لەسەر بكرێ، بەندەش پێش فیستیڤاڵەكە بە وتارێك و چەند پێشنیارێك بۆچوونی خۆمان خستە ڕوو.هەمیشە وتوومانە؛ ئەگەر بمانەوێ خۆمان و وڵات و خاك و نیشتمانەكەمان لە مەترسییەكانی پلاستیك بەدوور بگرین و بیپارێزین، ناتوانین سەركەوتن بەسەر پلاستیكدا تەنیا بە داواكاری و ئامۆژگاری بەدی بهێنین، هەمیشە وتومانە ڕێكاری یاسایی لە پێش هۆشیاری و نەرموونیانییەوەیە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە لە سەردەمێكدا دەژین، تەنانەت بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆمان و ژینگەكەشمان، پێویستمان بە یاسا و چاودێری هەیە و سزا و لێپرسینەوە هەیە.ئێمە بۆ پاراستنی ژینگە و خۆدوورخستنەوە لە پلاستیك و پاشماوەكان، پەنامان بۆ زۆر سێكتەر بردووە لەوانە، پەروەردە، مامۆستایانی ئایینی، میدیا، تەنانەت لە كۆڕە كۆمەڵایەتی و پرسەكانیشدا، بەڵام هیچیان هێندەی بڕیارێكی كارگێڕی نەیانتوانی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوە دروست بكەن، وەكوو ئەمساڵ لە ۱۲هەمین فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بینیمان كە پارێزگا و لیژنەی سەرپەرشتیار بڕیاریان لێدا.ئەگەر وەكوو ساڵانی پێشوو چاوەڕوانیمان بكردایە، ئایا ئەمساڵیش لە ساڵانی پێشتر خراپتر نەدەبوو؟ بەپێی ئامارە فەرمییەكان، هەم گەشتیار و هەم كڕیار زیادی كردووە، كەواتە دڵنیابن پاشماوە و پلاستیكیش زیادی دەكرد.لێرەوە دەمەوێ بەتایبەت سووپاسی كۆمپانیای(پاك لاند) بكەم كە ئامادەییان نیشان دا كەلوپەلی دۆستی ژینگە بهێنێتە ناو فیستیڤاڵەكە و داشكاندنی ۳۰ % بۆ كەلوپەلەكانیان بكەن، بەڕاستی بڕیارێكی بوێرانەیان دا لەبەر ئەوەی پێش ئەوان چەند كۆمپانیایەكی تر نیازیان هەبوو بەشدار ببن بەڵام نەیانتوانی، گرێبەستەكە واژۆ بكەن، ئەمان قوربانیان به خۆیاندا كە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە.
مەعروف مەجید لە قسەكانیدا دەڵێت كە بەپێی ئەوەی لە ماوەی سێ ڕۆژی فیستیڤاڵەكە بینیم دەتوانم گەواهی ئەوە بدەم كە بەڵێ؛ ڕێژەی پلاستیك و كەلوپەلی یەكجار بەكارهاتوو تاوەكو ٥۰% زیاتریش كەمی كردبوو لە چاو ساڵانی پێشوودا، سەركەوتنەكە زیاتر لەوەوە دەستی پێكرد كە سەرجەم خواردنگەكان و ئەو خواردنانەی دەكرانە ناو پلاستیكەوە، پابەند كران بە بەكارهێنانی كەلوپەلی دۆستی ژینگە، هاوكات لەگەڵ زیادكردنی بەرچاو لە تیمی پاكوخاوێنی و كۆكردنەوەی پاشماوەكان، دانانی چەندین حاویە و كیسەی خۆڵ لە شوێنی تایبەت بۆ پاشماوەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو.هەنگاوێكی تریش، هۆشیاری تاك و بەكارهێنانی چەند كەلوپەلێك كە بەشێكیان خۆیان هێنابوویان و بۆ خواردن و خواردنەوەكان. كەواتە لە یەكەم بڕیار و یەكەم هەنگاودا لە مێژووی باشووری كوردستان و تەنانەت عێراقیش، ئەم كارە بە سەركەوتووی هەژمار دەكرێت، خۆ ئەگەر ئامادەكاری و كارئاسانیی زیاتر بكرایە و لەلایەن لیژنەكانەوە سزای سەرپێچیكاران بدرایە، دڵنیام فیستیڤاڵەكە دەبووە سەدا سفر بۆ بەكارهێنانی پلاستیك.
مەعروف مەجید پێی وایە دەكرێ ئەم بڕیارە سەركەوتووەی فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە (گەشتوگوزار، كشتوكاڵ، ژینگە، پیشەسازی)، هتد، گشتاندنی بۆ بكرێت بۆ سەرجەم بۆنە، كۆبوونەوە و فێستیڤاڵەكان لەسەر ئاستی هەرێم، ئەویش لەپێناو كەمكردنەوەی پاشماوەكاندا.
بۆ سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە، دەكرێ لە داهاتوودا بیر لە دانانی چەندین كۆمپانیای ناوخۆیی و نیشتمانی بكەینەوە وەكو دۆستی ژینگە، مادام لەبەرامبەر پلاستیك و نایلۆندا جێگرەوەی ترمان هەیە، با ئیتر پشت بەو كەلوپەلانە ببەستین كە كەمترین زیان بە ژینگەكەمان دەگەیەنن، هەروەها لەبەرامبەریشدا، چەندین كارگە و كۆمپانیا دروست بكەین بۆ دووبارە بەكارهێنانی مردەوەژی بۆ پاشماوەكان، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگری لە نەچوونەدەرەوەی پارەی وڵات و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هەزاران هاووڵاتیی ئەم هەرێمە.
ئەو كاتەی پارێزگار بڕیار دەدات و، سەرپەرشتیاران، ئامادەكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئازایانە جێبەجێی دەكەن، هاووڵاتی و گەشتیارانیش بەئارەزوومەندانە خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێیەكەدا دەگونجێنن، ئەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت كە هەڵەبجە تەنیا پایتەختی ئاشتی و هەنار نییە، بەڵكوو دەتوانێت ببێتە پایتەختی ژینگەپارێزی و یەكەمین هەنگاوی سەركەوتن بەسەر پلاستیكدا لەسەر ئاستی عێراق لە بۆنە و كۆبوونەوە و فیستیڤاڵەكاندا.

