رۆژنامەی ھەولێر

پەرلەمان سەکۆی پەیام و دەنگی خەڵکی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی ھەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە بۆشایی یاسایی، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان ھەڵبژێردرا. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەم ھەنگاوە پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە لەو مەترسی و ئاڵنگاریانەی بەرۆکی گەلەکەمانیان گرتووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، مادەم ھەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمی پەرلەمانییە، کاراکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان پێویستییەکی حەتمی بوو بۆ بەخشینی شەرعیەت بە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت و سەرجەم دامودەزگاکان.

دواجار هەفتەی ڕابردوو، بە ئامادەبوونی ٥٢ پەرلەمانتار دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو کرا و لە پرۆسەیەکی دەنگداندا، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان “سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان” ھەڵبژێردران.
پەرلەمانتارانی بەشداربوو ئاماژەیان بەوەکرد، بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی لیژنەکان، پەرلەمان دەست دەکاتەوە بە ئەرکە یاسایی، دەستووری و چاودێرییەکانی خۆی و لە قۆناغی داھاتووشدا متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبەخشێت.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و فراکسیۆنی پارتی جەختیان لەوە کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان موڵکی تەواوی خەڵک و ھەموو پەرلەمانتارە ھەڵبژێردراوەکانە، ھەروەھا کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بووە، داواش لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە کرا بگەڕێنەوە ناو ھۆڵی پەرلەمان تا پێکەوە کاروانی بەڕێوەبردنی پەرلەمان بەردەوام بێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نوێ ئەنجام بدات بۆ ھەڵبژاردن و پێکھێنانی ١٥ لیژنە ھەمیشەییەکەی پەرلەمان، دوابەدوای ئەوەش، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و لە ماوەی یاساییدا سەرۆکی نوێی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت، پاشان سەرۆکی ھەرێم بەربژێری سەرۆکایەتیی حکوومەت ڕادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم.
د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کرد. لە دیدارەکەدا ڕامی نووری، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، و مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش ئامادە بوون، لە دیدارەکەدا، باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گرنگی پاراستنی قەوارەی دەستووری و شەرعی ھەرێمی کوردستان کرا.
د. ڤاڵا فەرید، ئاماژەی بەوەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان، بە پشتبەستن بە ماددەکانی “٤٦، ٤٧ و ٤٨”ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، ھەنگاوێکی پێویستە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی پەرلەمان، ھەروەھا ڕوونی کردەوە، دووساڵ دواکەوتن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی یاسایی ھەرێمی کوردستان ھەبووە و مەترسیشی لەسەر مانەوە و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دروست کردووە.
ئەو جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ھەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە پەرلەمانییەکانی خۆیان، کە بریتین لە یاسادانان و چاودێری، ھەروەھا گوتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستاندایە.
لە بەرامبەردا، کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان دەستخۆشییان لە ھەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەو ھەنگاوەیان بە گرنگ بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەڵسەنگاند، ھەروەھا ھیوایان خواست لە داھاتوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان پتەوتر بکەن.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: کاری داھاتوومان ئامادەکاریکردن دەبێت بۆ ئاراستەکردنی بانگھێشتنامە بۆ سەرجەم فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش بکەن تا لیژنە ھەمیشەییەکان دەستنیشان و ھەڵبژێردرێن.
سکرتێری پەرلەمان داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردەوە و گوتی: داوا لە تەواوی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەکەین کە لە دانیشتنی ڕابردوو ئامادە نەبوون، لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا ئامادە بن بۆ ئەوەی پەرلەمان بە سەرکەوتووانە کاروبارەکانی خۆ ڕاپەڕێنێت.
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ھیچ سیستەمێکی سیاسی لە جیھاندا بەبێ ھەبوونی پەرلەمانێکی کارا و کاراکتەر بەڕێوەناچێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی ڕێز لە ئیرادە و دەنگی ھاووڵاتییان بگرن و لەم ڕوانگەیەشەوە ڕەخنە لەو لایەنانە دەگرن کە بەربەست بۆ دەستبەکاربوونی پەرلەمان دروست دەکەن و ئەو ھەڵوێستانە بە دژایەتیکردنی دەنگی دەنگدەران ناوزەد دەکەن.
جیھاد موحسین، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی شەرعی و سەنگەری یاسادانان، ھەنگاوێکی مێژوویی، نیشتمانی و چارەنووسساز بوو، لەم ھەنگاوە گرنگەدا کە پارتی بە ھاوکاریی لایەنە خەمخۆرەکان و پەرلەمانتارە نیشتمانپەروەرەکان ئەنجامی دا، تەواوی کوردستان براوەیە و ھیچ لایەنێک دۆڕاو و زەرەرمەند نییە، چونکە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی، پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە لەو مەترسی و ئاڵنگارییانەی کە لەسەر ئاستی ناوچەکە بەرۆکی گەلەکەمانیان گرتووە.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: پارتی بە حوکمی سەنگ و پێگەی مێژوویی خۆی و وەک حزبی دایک، ھەمیشە سەلماندوویەتی کە زیاتر لە ھەموو لایەنەکانی دیکە ھەست بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی و نیشتمانی دەکات، ھەر ئەم ھەستکردنە بەرزە بە بەرپرسیاریەتی بوو کە وای کرد پارتی ئەرکە قورسەکە بگرێتە شان و دەستپێشخەر بێت لە شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی، ئامادەش بوو لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلدا بەربەستەکان تێپەڕێنێت، تا ڕێگە نەدات بێ ئومێدی و بۆشایی یاسایی ئایندەی دامەزراوەکانمان بخاتە ژێر پرسیارەوە، لە ھەمان کاتدا دڵخۆشیی تەواوی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە، جەماوەری کوردستان بە سەرجەم دەنگ و ڕەنگ و چین و توێژە جیاوازەکانەوە بەگەرمییەوە پێشوازییان لە کارابوونەوەی پەرلەمان کرد، چونکە گەلەکەمان چاک دەزانێت بەھێزبوونی سەنگەری یاسادانان گەرەنتیی پاراستنی مافەکانیان و پتەوکردنی قەڵای دیموکراسییە و ئەم سەرکەوتنەیان وەک دەستکەوتی کەسیی خۆیان و ئایندەی ڕۆڵەکانیان بینی.
جەبەلی حەسەن، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستییەکی نیشتمانییە و دامەزراندنی یاساکان بەرز دەکاتەوە، بۆیە ئەم ھەنگاوەی پارتی پەیامێکی بەھێز بوو بۆ ناوخۆ و دەرەوە کە ناکۆکییە سیاسییەکان ھەرچەندە قووڵ بن، لە ئاست ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلدا بچووک دەبنەوە.
ئەو چالاکوانە، زیاتر گوتی: پەرلەمان بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە ڕابردووشدا گرنگ بووە، بەتایبەت بۆ ئەم سەردەمە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە و دەوڵەتە گەورەکان خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئامادە دەکەن، ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی دەستوورییە و دەبێت پەرلەمانەکەی کارا بکرێتەوە، نابێت قەوارەی کوردستان لەبەردەم مەترسیدا بێت و دەبێت ئێمە دامەزراوەکانی خۆمان بێبەھا نەکەین و نەچین پەرلەمانی عێراق بەھێز بکەین و پەرلەمانی خۆمان بخەینە پەراوێزەوە، بۆیە ئەم کاراکردنەوەی پەرلەمان کارێکی زۆر باش بوو، چونکە لە بەرژەوەندیی کوردستانییان و لەدژی نەیارانە، داواکارم لە ھەموو فراکسیۆنەکان بچنە پەرلەمان و دڵی دوژمنانی کوردستان خۆش نەکرێت و ڕێگە نەدرێت بۆشایی یاسایی و دەستووری دروست ببێت، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەکرێت خزمەتی کوردستان بکرێت، یاساکان ھەموار بکرێنەوە و چاودێری بەسەر دامەزراوەکانی ھەرێمدا بکرێت.
جەبەلی حەسەن، چالاکوانی سیاسی، جەختی لەوەشکردەوە: پەرلەمان شوێنی گفتوگۆ و دەربڕینی جیاوازیی بۆچوون و ھەڵوێستە سیاسییەکانە، نەک شوێنی ڕەتکردنەوەی یەکتر، یان وەستاندنی دامەزراوەکان، سەرەڕای ئەوەی کە جیاوازیی سیاسی بەشێکە لە سروشتی دیموکراسی، بەڵام پێویستە ھەموو ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی یاسا، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتندا چارەسەر بکرێن و ھیچ بەرژەوەندییەکی حزبی یان تاکەکەسی لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتی و مافی ھاووڵاتییانەوە نەبێت.