رۆژنامەی ھەولێر

ھیچ مەرج و پاساوێک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان نییە

ڕائیب جادر – هه‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان لەم دۆخەدا کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەت لە زووترین کاتدا بە گرنگ دەزانێت. پێکھاتە و لایەنەکانیش، ھیچ پاساوێک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان نابینن.

محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھاتووە، ڕاگەیاندنی پێشووترم دووپات دەکەمەوە، ئامادەم بانگھێشتی کۆبوونەوەی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەم، ئەگەر ھەموو لایەنەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان لایە ئامادەیی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ بەشداریی لە دانیشتنەکەدا لەپێناو چالاک کردنەوەی پەرلەمان، ئەوەش لە پێناو پاراستنی ھاوسەنگیی و ڕێگرتن لە ئاڵۆزیی لە لایەک، لە لایەکیترەوە پێکھێنانی دەستەیەکی فرەڕەنگ و چالاک و کاریگەر تا پەرلەمان ھەڵگری تایبەتمەندیی یاسایی و دیموکراسیی خۆی بێت.
د.ڤالا فرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و پەیڕەویەکان کە بریتین لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەرکی بەرێزتانە و پێویستە ئەو ئەرکە بێ مەرج و کۆت جێبەجێ بکەن و دانیشتن بەرێوەببەن و ھەر لایەنێک ئامادە نەبێ خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و مێژوو و ھیچ بیانویەک نییە بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆیە داوا لە سەرۆکی بە تەمەنی پەرلەمان دەکەم، بفەرموون بانگھێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی ئامادەین بۆ دانیشتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی تایبەت لە ١٨ و دەنگدانی گشتی لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی پرۆسەکە کرا.
ھەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو و ھەرێمی کوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرا کە تیایدا لایەنەکان و پێکھاتەکان پێشبڕکێیان بۆ بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکرد. لەم خولەی پەرلەمان ژمارەی ئەندامان لە ١١١ ئەندامەوە کەمکرایەوە بۆ ١٠٠ ئەندامی ھەڵبژێردراو، بۆ یەکەم جاریشە کە دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان بەکارھێناوە و دەنگەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ھەژمارکرا کە ئەمەش کارئاسانییەکی زۆری بۆ ژماردنی دەنگەکان و خێراترکردنی پرۆسەکە کرد.
دوابەدوای ھەڵبژاردنەکان، لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئامارەبەراییەکانی ڕاگەیاند، دوو ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان ھەبووە و لەو ژمارەیەش، دوو ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٩٧٢ کەس دەنگیانداوە، بەمەش ڕێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردن ٧٢%بووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ھاووڵاتییانی کوردستان بەردەوام داوای ئەوەیان کردووە کە دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و چالاک کار بکەن، چونکە ھەر دواکەوتنێک لە کاری پەرلەمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەبێت. لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکی نوێی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و ھاوکارییەوە چارەسەری بابەتە گرنگەکانی ھەرێم بدۆزنەوە.
لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ خولی شەشەم یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێند خواردنی پەرلەمانتاران کردووە، بەشێک لە لایەنەکانیش لەو کاتەوە ئامادەنین پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتیکردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر دەھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی کە لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
دوو پەرلەمانتاری پێکھاتەی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کۆتایی بە پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان بھێنرێت. جێمس حسدۆ ھیدۆ و ڕامی نووری سیاوش، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەنگدەرانی گەلەکەمان لە کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ئیرادەی خۆیان لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و شەفافدا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە پەکخراوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم دۆخە پاشەکشەیە لە بەدیھێنانی ئیرادەی گەل و بێبایەخکردنی پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی دیموکراسی، ھەروەھا ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.
لە پەیامەکەدا ھۆشداری دراوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانیان ناوێت، ھاوکات متمانەی ھاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لاواز دەکات. لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، ئەو دوو پەرلەمانتارە، دەڵێن: داوایەکی برایانە ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، تاوەکو بە ئەرکی یاسادانان و چاودێریی خۆی ھەڵسێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوورییەکان، ئەمەش لە پێناو بەھێزکردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، بۆیە ھیواخوازین سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان و ھەموو فراکسیۆنەکان بەرژەوەندی گشتیی ھاووڵاتییانی کوردستان بخەنە سەرووی ھەموو شتێکەوە و پەرلەمان کارا بکەنەوە.
مونا نەبی قەھوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کردووە، داوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکانی کرد.
مونا قەھوەچی، لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەم، لە سەرووی ھەمووشیانەوە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، نیشتمانی و ئەخلاقییە و پێویستە بەبێ دانانی ھیچ مەرجێک و بەبێ دواخستن جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئاماژەی بە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای پەرلەمان کرد و ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی ناکارایی پەرلەمان زیانێکی ڕاستەوخۆ بە دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی ھاووڵاتییان دەگەیەنێت و لەم قۆناخەدا ھیچ بیانوویەک ناتوانێت پاساوی دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکە بێت.