رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی HOSPEX 2026 ی تایبەت بە گەشت و گوزار دەستی پێکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.10.14، بە ئامادەبوونی د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی، و وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کەرتی گەشتوگوزار لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی (HOSPEX 2026)ی تایبەت بە گەشتوگوزار و پێداویستییەکانی بە بەشداری زیاتر لە 140 کۆمپانیا و براند لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دیكەی جیهان كرایەوە.

ئەم پێشانگایە كە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە لایەن کۆمپانیای(Radnoor)ەوە میوانداری و ڕێکخراوە و ئامانج لێی دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان کەرتی گەشتوگوزار، هۆتێلدارانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئابووری و کەرتی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا.

جێگەی باسە، ئەم پێشانگەیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی گەشتوگوزاری وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ستراتیژیەتی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بوژانەوەی ئابووریی نیشتمانی دەستنیشان کردووە و سازدانی ئەم جۆرە چالاکییانەش پێگەی هەولێری پایتەخت وەک چەقێکی سەرەکیی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.