سەرۆك بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرد و لە دیدارێكدا هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەردەوامیی پشتیوانییەکانی واشنتن بۆ هەرێمی كوردستان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا كردەوە.
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی رایگەیاند؛ لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازی لە گوێندەلن ویندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی راگەیاند بەوەی لە هەرێمی كوردستان وەك كونسوڵی وڵاتەكەی دەستبەكار بووە و ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەوڵەكان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریکا بەردەوام دەبێ و هێماشی بەوەدا كە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت و رێزی تایبەتیان بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و هیواشی خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە رۆڵی خۆی لە بەهێزكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت.
هەروەها سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی كونسوڵی ئەمەریكای لە هەولێر كرد و سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە. سەرۆك بارزانی دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی كونسوڵخانەی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان برەوی زیاتر وەربگرێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەرقەرار بێت.

